پۆڵەتیك پرێس:
ژمارەیەك پەرلەمانتار بایكۆتی دانیشتنی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانی كوردستان دەكەنو سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵیش دەڵێت: ئەگەر كارنامەی دانیشتنەكە باسی موچە نەبێت بە دڵنیاییەوە بەشداری ناكەین
رۆژی دوو شەممە كۆبوونەوەی پەرلەمان بەرێوەدەچێت، كە كۆبوونەوەكە چەند تەوەرێك تێدا تاوتوێدەكرێتو ژمارەك پەرلەمانتاریش بەهۆی ناڕازییان لەبەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە، دەیانەوێت بایكۆتی دانیشتنەكە بكەن.
لەو بارەوە عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ بۆ پۆڵەتیك وتی: هەموو لایەك ئاگادارن لە دانیشتنی پێشۆی پەرلەمان ئێمە بایكۆتی دانیشتنەكەمان كرد، چونكە بەرنامەی كاری پەرلەمان لە ئاست پێویستی خەڵك نەبوو، بۆیە دەبێت بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان قسەكردن بێت لەسەر موچە و نەبونی ئاسۆیەكی ڕوون لە پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد، جگە لەوەی ئێمە پێمانوایە سەرچاوەكانی داهات زۆرەو بەشی سەرجەم فەرمانبەران دەكات كەواتە حكومەت بۆ موچە دابەشناكات، و هیچ هەوڵێكی نییە لەگەڵ عێراق.
سەبارەت بە هەوڵی بایكۆتكردنی دانیشتنی ڕۆژی دووشەممە، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ وتی: بە دڵنیاییەوە ئەگەر بەرنامەی كار نەگۆڕێت بۆ ڕۆژی دووشەممە، كە داواكاری لەلایەن ژمارەی یاسایی پەرلەمانتارانەوە پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێت، بۆ ئەوەی بابەتی پێنەدانی موچە و دواكەوتنی موچە بخرێتە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە ئەگەر ئەمە نەكرێتە بەرنامەی كار ئەوا بە دڵنییاییەوە بەشداری ئەو كۆبونەوەیە ناكەین
سەبارەت بەوەی تا ئێستا تەنیا فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامییە، كە ئەو هەڵوێستەیان هەیە وتی: نەخێر تەنیا كۆمەڵ نییە، ئێمە هەندێك گفوگۆمان كردووە لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی تر، بەیانی یەكلایی دەبینەوە.
رۆژی (28ی تشرینی دووەمی 2020) بانگەوازی ئاڕاستەی پەرلەمانتاران كرد بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان لەرۆژی دووشەممە 30-11-2020 بەمەبەستی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاسای پەروەردەو خوێندن لەهەرێمی كوردستان-عێراق، پێشنیازەیاسای هەمواری یەكەمی زانكۆ تایبەتەكان لەهەرێمی كوردستان-عێراق، خوێندنەوەو گفتوگۆكردنی هەردوو راپۆرتی لیژنەی (پەیوەندییەكان و ڕەوەندی كوردستانی)و لیژنەی (رۆشنبیرو كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان)، سەبارەت بە (دیاردەی كۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات)، بەئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆتاییدا خستنەڕووی بیرۆكەی پەرلەمانتار (شنۆ ئەشقی عبدالله)، پەیوەست بە (ڕەخساندنی هەلی كار لەهەرێمی كوردستان).