لەدایكبوونی داعشی شیعی لەعێراق

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
بەپێی راپۆرتێكی ئەلعەرەب، لەم دواییانەدا پایتەختی عێراق گۆڕانكارییەكی بەرچاوی بەخۆوەبینی و بەجۆرێك لەجۆرەكان لەسەر دەستی كۆمەڵێك چەكداری سەر بەمییلیشیا شیعەكان گەڕایەوە بۆ سەردەمی چالاكییەكانی رێكخراوی چەكداری داعش، كە لەو ناوچانەی دەسەڵاتیان بەسەریاندا هەیە، بە بیانووی جێبەجێكردنی شەریعەتەوە تاوانكاری دژی هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجام دەدەن و دەستدرێژی دەكەنە سەر كرێكار و كارمەندانی بەغدا و ئاگر لە شتومەكەكانیان بەردەدەن.

سەرچاوە ئەمنییەكان رایانگەیاند، ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە ٢٦ی ئەم مانگە، چەكداران هەڵیانكوتاوەتە سەر هۆتێلی جەبەل بەیروت، كە ناوەندی شیلانی تێدایە و دەكەوێتە ناوەڕاستی بەغدا و دەستدرێژیان كردووەتە سەر كارمەندان و میوانانی هۆتێلەكە و شتومەكەكانیان لێ بردوون و دواتر ئاگریان بەرداوەتە ناوەندەكە و سوتاندوویانە.

لە چەند ڤیدیۆیەكی هێرشەكەدا دەركەوتووە، چەند گەنجێك، كە كراسی رەشیان لەبەردایە و بە رەنگی زەرد لەسەری نوسراوە “روبعوڵا” بەزۆر دوو كچ لە ناوەندی مەساجەكە دەهێننە دەرەوە و لەسەر شەقامەكە ئەشكەنجەی هەموو بەشەكانی جەستەیان دەدەن.

هاوكات، ئەندامانی میلیشیاكە قژی ژمارەیەك لە كارمەندە كچەكانی ناوەندی مەساجەكەیان بڕی، بەپێی وێنە و ڤیدیۆ بەردەستەكان نزیكەی ٦٠ كەس لەم هێرشەدا بەشداربوون، چەندین كەرەستە و چەكی مۆلۆتۆڤیان دژی كەسانی مەدەنی بەكارهێناوە.

ئەندامانی میلیشیاكە قژی ژمارەیەك لە كارمەندە كچەكانی ناوەندی مەساجەكەیان بڕی

ئەوەش هاتووە، هێرشەكە لە ناوچەی كەرادە لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەختی عێراق ئەنجامدرا، كە وا باس دەكرێت ناوچەیەكە سەر بە هیچ حیزب و رەوتێكی شیعە نییە.

بەپێی راپۆرتەكە، هەڵكوتانەسەر ناوەندی شیلان هاوكاتە لەگەڵ هەڵمەتی میلیشیا عێراقییەكانی سەر بە ئێران دژی دوكانەكانی فرۆشتنی خواردنەوەی كحولی لە بەغدا، كە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، هەڵمەتەكە لە ناوچەی شەقامی ٤٢ دەستیپێكرد.

هەڵكوتانەسەر ناوەندی شیلان هاوكاتە لەگەڵ هەڵمەتی میلیشیا عێراقییەكانی سەر بە ئێران دژی دوكانەكانی فرۆشتنی خواردنەوەی كحولی لە بەغدا

بەپێی سەرچاوەی پۆلیسی ناوخۆیی، میلیشیاكان لەڕێی بۆمبی دەنگی و چەكی دیكەوە هێرشیان كردووەتە سەر چەندین دوكانی خواردنەوە كحولییەكان بە ئامانجی كوشتنی خاوەنەكانیان و داخستنی دوكانەكانیان و لەناوبردنی شتومەكەكانیان.

ئەوەش هاتووە، ئەم رەفتارانە هاوشێوەی رەفتارەكانی داعشن، كە لە سەرەتای هاوینی ٢٠١٤ لە ناوچە سوننییەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی ئەنجامیدا، بەجۆرێك گەیشتە ئەو رادەیەی رێگری لە جگەرەكێشانیش دەكرد و خراپترین سزای ئەو كەسانەی دەدا كە پێشێلی بڕیارەكانیان دەكرد.

هەڵكوتانەسەر ناوەندی شیلان، بووە مایەی سەرسوڕمانی كارمەندانی ئەمنی و خەڵكی بەغدا بەجۆرێك زۆریان وەك لەدایكبوونی داعشی شیعی لەژێر ناوی روبعوڵا پیناسەی دەكەن.

بەپێی راپۆرتەكە، ئەم هێرشانە بۆ سەر دوكانی مەی فرۆشتن و بنكەكانی مەساج لە میدیاكانی عێراق گرنگی ئەوتۆی پێنەدراوە ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەیمەنەی بەرفراوانی ئێران بەسەر كەرتی میدیای عێراقی بەجۆرێك سوپای پاسداران دەستی بەسەر دەیان وێستگەی ئاسمانی و رادیۆ و ئاژانسی هەواڵ و لاپەڕەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا گرتووە.

ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەیمەنەی بەرفراوانی ئێران بەسەر كەرتی میدیای عێراقی

جگە لە روبعوڵا، كۆمەڵەیەكی دیكە هەیە ناوی “ئەبوجەدادە”یە، ئەركی ئەم كۆمەڵەیە سوتاندنی بنكەی ئەو لایەنانەیە كە دژی ئێرانن، لەوبارەیەوە چاودێران دەڵێن: میلیشیاكان ئەم “فێڵان”ە لە ناوچە شیعەكان بەكاردەهێنن بەمەبەستی ئامادەكردنی زەمینەی هەڵبژاردنی داهاتوو.

زۆرێك لە چاودێران گومان لەوە دەكەن، لەژێر رۆشنایی ئەم هێرش و توندوتیژیانەی میلیشیاكان بتوانرێت هەڵبژاردنێكی پاك و بێ ساختەكاری لە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت، بەتایبەت كە هیچ لێپێچینەوەیەك لەم كۆمەڵانە ناكرێت و سنور بۆ چالاكییەكانیان دانانرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا