دەزانیت لەدوای مردنی مارادۆنا چی لە هەژمارە بانکییەکەیدا دۆزرایەوە؟

ئەم بابەتە 36 جار بینراوە

پۆڵەتیک پرێس

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی کۆریێر دێلا سێرای ئیتاڵی، لەدوای مردنی دیێگۆ مارادۆنا یاریزانی بەناوبانگی ئەرجەنتین، کەمتر لە ١٠٠ هەزار دۆلار لەناو هەژماری بانکییەکەیدا بووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرباری ریکلام کردن بۆ چەندین کۆمپانیای جیهانی و بەدەستهێنانی ٢٠ ملیۆن دۆلار لە هەر ساڵێکدا بەهۆی ئەوەی سەرۆکی فەخری یانەی داینامۆ برێستی بیلاڕوسی بوو، بەڵام مارادۆنا کاتێک کۆچی دوایی کرد کەمتر لە ١٠٠ هەزار دۆلار لە هەژماری بانکییەکەیدا بەجێما.

لەلایەکی دیکەوە، لویس ڤێنتۆرا رۆژنامەنوسی نزیک لە مارادۆنا رایگەیاند، کۆچکردووەکە سامانی گەورەی بەجێنەهێشتووە و دەشڵێت: مارادۆنا بە هەژاری مرد.

ڤێنتورا باسی لەوەش کرد، مارادۆنا کەسێکی دەست و دڵ باش بووە و ئەوەش هۆکاری ئەوەیە سامانێکی زۆری بەجێنەهێشتووە بەجۆرێک زۆرێک لەوانەی دەوروبەری هەوڵیان داوە بەمەبەستی سوودوەرگرتن ئەو هەلە بقۆزنەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، مارادۆنا چەندین پارچە زەوی و بینا و شوقەی لە ناوەڕاستی بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین هەبوو جگە لە شەش ئۆتۆمبێلی گرانبەها و چەند وەبەرهێنانێک لە کوبا و ئیتاڵیا و قوتابخانەی تۆپی پێ لە چین.

لە چەند رۆژی رابردوودا، دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا لە ماڵەکەی خۆیدا لە ئەنجامی جەڵتەی دڵ لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا گیانی لەدەستدا.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک