پۆڵا تاڵەبانی: دوای بەستنی كۆنگرە باڵباڵێن لەناو یەكێتی كاڵبووەتەوە

پۆڵەتیك پرێس:سازدانی: شادان حه‌سه‌ن
پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەمیانی گفتوگۆیەكی تایبەتی لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس، باس لەبارودۆخی ئێستای حیزبەكان و بەتایبەت ناوخۆی یەكێتی و پەیوەندیەكانیان لەگەڵ پارتی و هەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات.

پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی هەر لەگفتوگۆكەی پۆڵەتیك پرێس باس لەوەش دەكات، دوای بەستنی كۆنگرە پرسی باڵباڵێن لەناو یەكێتی كاڵبووەتەوە.

هەروەها باس لەپەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیش دەكات‌و دەڵێت: گلەیمان هەیە لەبرادەرانی پارتی، كە لەهەندێك پرسدا وەك پێویست نین.

پۆڵەتیك پرێس: دوای بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دۆخی ناو یەكێتی و كەوتنە سەرپێی ئۆرگانەكان چۆنە؟
پۆڵا تاڵەبانی: دوای كۆنگرە یەكێتی لەقۆناغێكی نوێدایە، ئەویش قۆناغی پێداچوونەوەو رێكخستنەوەی ئۆرگانەكان و بە ستراتیژ و بەرنامە و پییڕەو پرۆگرامێكی تازەوە كاردەكەین، ئەو گۆڕانكارییانەش رەنگدانەوەیەكی زۆر باشی هەبووە، لای خەڵك جێگەی ئومێدە، بۆ ئەوەی هەنگاوی گەورەتر بنێت، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونی سەركردایەتییە نوێیەكە بەهۆی كۆرۆناوە نەمانتوانیوە وەك پێویست كارەكانمان بكەین، تائێستاش دۆخەكە بەدەوامە، بەڵام دەستمان بەكاركردووە و توانیومانە هەڵبژارنی مەڵبەندەكان بكەین و كار بۆ رێخستنەوەیان دەكرێت.

پۆڵەتیك پرێس: ململانێكان بەرەو كوێ چووە، هەستدەكەن دوای كۆنگرە باشتر بوبێت؟
پۆڵا تاڵەبانی: پێشتر ئەگەر ململانێ هەبووبێت، لە دوای كۆچی مام جەلالەوە دۆخەكە لەناو یەكێتی دۆخێكی ناخۆش بوو، كۆمەڵێك لێكەوتەی خراپی لێكەوتەوە، بەڵام دوای كۆنگرە قۆناغێكی نوێ هاتە ئاراوەو هیچ جۆرە ململانێیەك وەك دیاردە نابینین، هەموو ئەوانەی لەدوای كۆنگرەوە هاتوون لەسەرجەم ئاستەكاندا بەیەك روحیەت و وەك یەك تیم ‌و بەپەیڕەو پرۆگرامی نوێوە كاردەكەن، ئەو دیاردانە نەك كەمبووەتەوە، بەڵكو هەر نەماوە.

هەموو ئەوانەی لەدوای كۆنگرەوە هاتوون لەسەرجەم ئاستەكاندا بەیەك روحییەت و وەك یەك تیم‌و بەپەیڕەو پرۆگرامی نوێوە كاردەكەن

پۆڵەتیك پرێس: پەیوەندییەكانی ئێستای یەكێتی و پارتی لەچی ئاستێكدایە؟
پۆڵا تاڵەبانی: گرنگە ئەو دوو حیزبە پەیوەندیەكانیان باش بێت، چونكە دوو هێزی سەرەكین لە كوردستاندا، چارەنووسی ئەم هەرێمە و بەرگریكردن و داكۆكیكردن لێی لەدەست ئەو دوو هێزەدایە، هەروەها ئەو دوو هێزە رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینن، چ لەسەر ئاستی سیاسی، یان هەر ئاستێكی تر بێت، بەڵام ئێمە وەك یەكێتی بۆ ئەوەی ئەو یەكریزی و تەباییە هەبێت زۆر كارمان كردووە، هەمیشە هەوڵمانداوە بیپارێزین تا ئەو رادەیەی پەیوەندییەكان باشن، بەڵام گلەیمان هەیە لەبرادەرانی پارتی رەنگە وەك پێویست نەبن.

گلەیمان هەیە لەبرادەرانی پارتی رەنگە وەك پێویست نەبن

پۆڵەتیك پرێس: لە دەسەڵاتدا پێشتر یەكێتی داوای شەراكەتی راستەقینەی لەپارتی كردبوو، تاچەند ئەو داواكارییە گەیشتووەتە شوێنی خۆی و ئەو شەراكەتە بەدی هاتووە؟
پۆڵا تاڵەبانی: ئەو شەرەكاتە لە دەسەڵاتدا وەك پێویست نییە، ئێمە گلیەیمان هەیە لەبرادەرانی پارتی، ئێستا لە گفتوگۆداین لەگەڵ پارتی بەهیواین گفتوگۆكان بگەنە ئەنجام‌و بەتایبەت لەسەر پرسی بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی‌و دارایی و كێشەكانی هەرێم و بەغدا، پویستە شەراكەتێكی راستەقینە لە ئیدارەدان و بڕیارداندا هەبێت‌و قۆرخكاری نەمێنێت.

پۆڵەتیك پرێس: هەوڵەكانی یەكێتی بۆ پرسی لامەركەزییەت بەچی گەیشتووە، گرنگییەكەی چییە؟
پۆڵا تاڵەبانی: بەجدی كار لەسەر ئەو پرسە دەكەین لەگەڵ پارتیش لەگفتوگۆداین، ئێمە پێمانوایە لامەركەزییت لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندایە و لە هەموو روویەكەوە ئاسانكاری بۆ خەڵك دەكات، دەتوانێت دەسەڵات لە قۆرخكاری رزگاری بكات.

ئێمە پێمانوایە لامەركەزییت لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندایە و لە هەموو روویەكەوە ئاسانكاری بۆ خەڵك دەكات

پۆڵەتیك پرێس: هەوڵەكانی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا بەكوێ‌ گەیشتووە؟
پۆڵا تاڵەبانی: وەك یەكێتی لەهەوڵەكانمان بەردەوامین، وەك بینیتان لەماوەی ڕابردوشدا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی بەغدای كردو لەگەڵ بەرپرسان كۆوەوە، رۆڵێكی باشی هەبوو بۆ خاوكردنەوەی ئەو كێشەی لەبارەی پرۆژەی قەرز دروستبوو، ئێستاش ئێمە لەرێگەی سەركردایەتی و تیمی خۆمان لەپەرلەمانی عێراق و سەرك كۆمار لەهەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەردەوامین، بەشێوەیەك لەقازانجی خەڵكی كوردستاندا بێت، پێمانوایە دەبێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا باش بێت و چارەسەركردنی كێشەكان بووەتە لەپێشینەی كارەكانمان.

وەك یەكێتیش هەمیشە پێمانوایە دەبێت لەبەرەی خەڵكدا بین‌و داكۆكیكاری مافەكانی خەڵك بین

پۆڵەتیك پرێس: وەك یەكێتی و ئەندامی سەركردایەتی پەیامتان بۆ خەڵك لەم دۆخەی ئێستا هەیە چییە؟
پۆڵا تاڵەبانی: ئێستا خەڵك لەدۆخێكی خراپدایە، قەیرانێكی ئابووری زۆر خراپ هەیە و رەنگی داوەتەوە لەسەر هەموو جومگەكانی ژیان، ئێمە هیوادارین سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان بەیەكەوە هاوكارو یەك ڕیز بین بۆ تێپەڕاندنی، بەیەك تیم كار لەسەر ئەو پرسە بكەن بۆ ئەوەی هەڵویستمان بەهێزبێت بەرانبەر بە حكومەتی عێراق بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە، داواكارم ئەگەر بەرژەوەندییەكی حیزبیش هەبێت وەلابنرێن و ئەولیەت لایان ژیان و گوزرانی خەڵك چاك بكەن، وەك یەكێتیش هەمیشە پێمانوایە دەبێت لەبەرەی خەڵكدا بین‌و داكۆكیكاری مافەكانی خەڵك بین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا