كوژرانی “باوكی موشەكە بالیستییەكان”ی ئێران

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
ئێوارەی رۆژی هەینی ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، موحسین فەخریزادە زانای ئەتۆمی ئێران ناسراو بە “سندوقە رەشەكەی ئێران” لە نزیك تاران لە رووداوێكی تەمومژاویدا كوژرا، ئەم زانایە بەوە ناسراوە، كە زۆر كەم دەردەكەوت‌و لەژێر رۆشنایی رێوشوێنی ئەمنی تونددا دەژیا و هەرگیز چاوی بە لێكۆڵەرە ئەتۆمییەكانی سەر بەئەمریكا نەدەكەوت.

لەگەڵ ئەوەی ئێران هیچ بەڵگەیەكی بەرجەستەی بەدەستەوە نییە سەلمێنەری ئەوە بێت، كە ئیسرائیل یاخود ئەمریكا لەپشت ئۆپراسیۆنی كوشتنەكەی فەخریزادەوە بوون، بەڵام پەنجەی تۆمەتی دەسەڵاتدارانی ئێران ئاماژە بۆ ئەو دوو وڵاتە و دەزگا هەواڵگریەكانیان دەكەن.

فەخریزادە بەهۆی تەقینەوە و تەقەلێكردن لەناوچەی دەماوەند لە نزیك تارانی پایتەختی ئێران كوژرا

بەپێی هەواڵی ئاژانسی فارسی ئێران، ئێوارەی رۆژی هەینی ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، فەخریزادە بەهۆی تەقینەوە و تەقەلێكردن لەناوچەی دەماوەند لە نزیك تارانی پایتەختی ئێران كوژراو لەو بارەیەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، چەند نیشانەیەك هەیە، كە ئیسرائیل رۆڵی گەورەی لەكوشتنەكەدا هەبووبێت.

موحسین فەخریزادە كێیە؟
بەپێی زانیارییەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانی بەرگری ئێران، فەخریزادە كە بە سامانی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیای ئێران هەژمار دەكرێت، لە ساڵی ١٩٥٨ لەدایك بووە، پێشتر جێگری وەزیری بەرگری و عەمید بووە لەسوپای پاسداران، هاوكات، لەزانكۆی ئیمام حسێنی ئێران خوێندوویەتی و خاوەنی دكتۆرا بوو لە ئەندازیاری ئەتۆمی.

لە ساڵی ٢٠١٤، سەرچاوەیەكی باڵای ئێران بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، فەخریزادە سامان و شارەزای گەشەپێدانی تەكنەلۆجیای ئێرانەو لەلایەن ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێرانەوە پاڵپشتی تەواوەتی دەكرێت.

فەخریزادە سامان و شارەزای گەشەپێدانی تەكنەلۆجیای ئێرانە

هەر بەپێی زانیاری ئەنجوومەنەكە، فەخریزادە خاوەنی سێ پاسپۆڕت بووە، كە بەمەبەستی دەستكەوتنی نوێترین زانیارییەكان لەدەرەوە بەكاریهێناون، لەلایەكی دیكەوە سەرچاوە ئەمنییەكانی رۆژئاوا دەڵێن: ئێران ماوەیەكی زۆرە كارامەیە لەبەدەستهێنانی ماددەی ئەتۆمی و شارەزایی هونەری لە بازاڕی رەشی نێودەوڵەتی.

هەروەها بەپێی ماڵپەڕی جیرۆزالیم پۆستی ئیسرائیلی، فەخریزادە تاكە زانای ئێرانی بووە، كە لە هەڵسەنگاندنی كۆتایی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ بۆ پرسیاری كراوە لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و پەرەپێدانی بۆمب ناوی هاتووە.

لەلایەكی دیكەوە، دەستەی چاودێری ئەتۆمی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان و دەزگای هەواڵگری ئەمریكا پێیوایە، فەخریزادە سەرۆكایەتی بەرنامەیەكی هەماهەنگی ئەتۆمی دەكرد لەژێر ناوی “امید” كە بەمانای ئومێد دێت و لە ساڵی ٢٠٠٣دا راگیرا.

لەبارەی ئەو بەرنامەیەوە سەرچاوە ئیسرائیلییەكان دەڵێن: بەرنامەی “امید” بەرنامەیەكی ئەتۆمی نهێنییە، ئەوەش بەپێی چەند بەڵگەنامەیەك لەئەرشیفی ئەتۆمی ئێران، كە تاران وەك بەڵگەنامەی ساختە وەسفی كردوون.

لەساڵی ٢٠١٨، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، فەخریزادە كەسایەتییەكی سەركردایەتی هەبوو، كە بە نهێنی و لەژێر ناوی بەرنامەی مەدەنی كاری چەكی ئەتۆمی دەكرد.

باوكی موشەكە بالیستییەكان
بەپێی راپۆرتێكی نەتەوەیەكگرتووەكان، كە لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەرچووە، فەخریزادە وا وسف كراوە كە كەسایەتییەكی میحوەری هەبووە لە بواری پەرەپێدانی تەكنەلۆجیا و كارامەیی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی.

فەخریزادە وا وسف كراوە كە كەسایەتییەكی میحوەری هەبووە لە بواری پەرەپێدانی تەكنەلۆجیا

ئەوەش هاتووە، فەخریزادە بەشداریكردووە لە پەرەپێدانی موشەكی بالیستی ئێران، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئێرانی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەو زانایە باوكی بەرنامەی موشەكی بالیستی ئێران بووە.

موحسین فەخریزادە تاكە زانای ئەتۆمی ئێران نییە كوژرابێت، پێشتریش لەم ساڵانەی دواییدا چەند زانایەكی دیكە لەناو ئێراندا كوژراون لەوانەش، مەسعود عەلی محەمەدی كە لە ١٢ی كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٠ كوژرا، مەجید شەهرەیاری كە لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٠ كوژرا، مستەفا ئەحمەدی رۆشن، كە لە كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٢ كوژرا لەگەڵ فەرەیدون عەباسی دەڤانی كە لە هەمان رۆژی كوژرانی شەهریاری لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٠ كوژرا، شارەزایان پێیانوایە كوژرانی ئەو زانایانە هۆكار بووە بۆ ئەوەی ناوی فەخریزادە لەلای پشكنەرەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاشكرا نەكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا