قەرەیلان: پەكەكە كوردی لە رەشەكوژی و لەناوبردن پاراست

پۆڵەتیك پرێس

موراد قەرەیلان رایگەیاند، پەكەكە گەلی كوردی لە ژێر ڕەشەكوژی و هەڕەشەی لەناوبردن پاراست، ئەوەشدەخاتەڕوو، ئێستا كاتی ئازادییە و پەكەكەش لەو پێناوەدا خەبات و تێكۆشانی خۆی بەردەوام پێ دەدات.

موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوبەری پەكەكە لەیادی 43 ساڵەی دامەزراندنی پەكەكەدا بەمیدیای حزبەكەی راگەیاندووە، مێژووی پەكەكە مێژووی قارەمانییە، ئەو قارەمانییە بە ڕەنج و بەرخودانی شەهیدان بەدیهاتووە.

ئاماژە بەڕۆڵی پەكەكەش لە دەستخستنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد لە هەر چوار بەشی كوردستان دەكات و دەڵێت، “بێگومان گەورەترین دەستكەوتی پەكەكە پوچكردنەوەی سیاسەتی پاكتاوكردن و داگیركارییە لەسەر كوردستان”.

باسی لەوەشكردووە، ئەمڕۆ نوێنەرانی هەموو گەلان لە نەتەوە یەكگرتووەكانن، بەڵام كورد نوێنەری نییە، بۆ؟ چونكە بڕیاریان لەسەر حسابنەكردن بۆ كورد و لەناوبردنی كورد داوە، ئەو بڕیارە بڕیاری دەوڵەتی تورك، ئێران، عێراق و سوریا نییە، بەڵكو بڕیاری سیستمی نێودەوڵەتییە، كە لە بنەڕەتدا لە لۆزاندا بڕیاری لێدراوە.

دەشڵێت، “هەستانەوە و وەستانەوە لە دژی ئەو بڕیارەش، پووچكردنەوەیەتی و ئەنجامێكی گرنگە”.

هاوكات قەرەیلان جەخت لەوەدەكاتەوە ، ٤٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەكەكە نابێت وەكو ساڵێكی ئاسایی تێپەڕێت، بەڵكو دەبێت گەلی خۆی زیاتر رێكخاتەوەو بەهێزتر تێبكۆشێت، دەبێت كۆتایی بە گۆشەگیریی ئیمرالی بهێنرێت و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت.

پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەلە ٢٧ی ١١ی ساڵی ١٩٧٨، بە رێبەرایەتی عەبدوڵا ئۆجالان، وەك بزوتنەوەیەكی سیاسی، ئایدۆلۆژی، سەربازی، لە گوندی فیس-ی سەر بە شارۆچكەی لیجەی سەر بە شاری ئامەد لە باكوری كوردستان دامەزرا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا