ئەنتۆنی بلینكەن، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی بایدن چی پێیە بۆ كورد؟

ئەنتۆنی بلینكەن لە ئیدارەی ئۆبامادا جێگری وەزیری دەرەوە بوو و ئێستاش پێدەچێت دەستنیشانكراوی بایدن بێت بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە.

پرسیارە سەرەكییەكە بۆ ئێمەی كوردستانی ئەوەیە بلینكەن چی پێیە بۆ كورد؟

تێگەییشتن لە هەڵوێستی بلینكەنی سەردەمی ئۆباما دەربارەی كورد، واتە كاتێك جێگری وەزیری دەرەوە بوو، رەنگە هاوكار بێت بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە.

بلینكەنی سەردەمی ئۆباما
لەو سەردەمەدا، هەڵوێستەكانی بلینكەن دەرهەق بەكورد تێكەڵەیەك بوو لە لێدانی ناڵ و بزمار لەیەك كاتدا. بۆ نموونە، كاتێك بلینكەن جێگری وەزیری دەرەوە بوو:

ئەمریكا بۆ یەكەم جار لەرووی سەربازییەوە هەماهەنگی لەگەڵ كوردی باشور و رۆژاڤادا كرد لە جەنگ لەدژی داعشدا.

ئەمریكا لە رزگاركردنی كۆبانێدا بەشدار بوو

ئەمریكا بۆ یەكەم جار بڕیاری دا چەك بۆ رۆژاڤا بنێرێت.

بلینكەن پشتیوانی تورك بوو لە پرۆسەی ناوچەی شەهبا. ئەو بەراشكاوی گوتی لایەنگری ئەوەیە تورك شەهبا داگیربكەن نەك بكەوێتە دەست كوردەوە.

بلینكەن لایەنگری یەكگرتنی كانتۆنەكانی رۆژاڤا نەبوو.

بلینكەن لایەنگری ئەوەبوو لە بری توركیا، كورد لە پرۆسەی رزگاركردنی رەقەدا بەشدار بێت.

بلینكەن دژی هەرجۆرە سەربەخۆییەكی كورد بوو لایەنگری یەكپارچەیی خاكی سوریا و عێڕاق بوو.

بلینكەن پەكەكەی بە تیرۆریست دەزانی.

بلینكەن پێداگری لەسەر بەشداری پێشمەرگە دەكرد لە پرۆسەی رزگاركردنی موسڵ لەداعش، بەڵام دژی بەشداری پەكەكە بوو.

بلینكەن سەرسامی دیموكراتیەتەكەی تورك و ئەردۆغان بوو،

خۆی بە كەسێكی زۆر نزیك لە تورك وێنا دەكرد. نزیكییەكەی بەرادەیەك بوو كە لە ٦ مانگی پێش كۆتایی ئیدارەی ئۆباما، ٦ جار سەردانی توركیای كرد.

دوای سەركەوتنی ترەمپ و نەمانی بلینكەن لە پۆستەكەیدا، لە وتارێكیدا كە لە ٣١ی ١ی ٢٠١٧دا بڵاوی كردۆتەوە، داوای پڕ چەك كردنی كوردانی رۆژاڤا دەكات.

بەمجۆرە، هەڵوێست و روانینی بلینكەن بۆ كورد، رەنگدانەوەی هەڵوێستی ئیدارەی ئۆباما و بایدنی جێگری بوو. هەڵوێستێك لەسەر جۆرێك لە هاوسەنگی نێوان كورد و تورك دا بوو، هەڵبەت بە داشكان بەلای توركدا. روونتر بڵێین، بلینكەن لایەنگری هاوكاری و مامەڵەی ئەمریكا لەگەڵ كورد بوو، بەڵام تەنها تا ئەو شوێنەی ئەو هاوكاری و مامەڵەیە كاریگەری جدی لەسەر پەیوەندییەكانی ئەمریكا و تورك نییە.

ئایا بلینكەن ئێستاش هەر بەلای توركدا دایدەشكێنێت؟
توركیا و ئەردۆغانی سەردەمی ئۆباما لە زۆر رووەوە جیاوازە لە توركیای سەردەمی ترەمپ. ئەمەش لە هەڵوێستەكانی ئێستای بلینكەندا بە ئاشكرا رەنگی داوەتەوە.

تازەترین چاوپێكەوتنی بلینكەن لە ٩ی تەمووزی ٢٠٢٠ دابووە. لەوێدا لە وەڵامی پرسیارێكدا چەند هێڵێكی سەرەكی دەرهەق بەتوركیا دەكێشێت كە چاوەروان دەكرێت لە ٤ ساڵی داهاتوودا پەیڕەویان بكات. ئەم هێڵانەش راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ كاریگەری لەسەر كورد دەبێت:
هێڵەكان بەم جۆرەن

یەكەم:
لەروانگەی بلینكەنەوە، توركیا لە جێگە و دۆخێكی پڕ لە ئاڵنگاریدایە.

دووەم:
ئەمریكا كار بۆ چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیادا دەكات. بەڵام دەبێت توركیاش بەهەمان شێوە كار بكات.

سێیەم:
بلینكەن ئومێدی زۆری بە پەیوەندی لە مێژینەی نێوان بایدن و ئەردۆغانە.

چوارەم:
بلینكەن پێی وایە لە چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ توركیادا سوریا (تۆ بڵێ رۆژاڤا)، یەكێكە لەو پرسانەی كەدەبێت كاری لەسەر بكرێت.

بەكورتی
بلینكەن، تێگەییشتنێكی بۆ دۆخی كورد هەیە، لەوەش تێگەییشتووە كە توركیا هەمان توركیای سەردەمی ئۆباما نییە و هەوڵی ئەوە دەدات پەیوەندییەكانی ئەمریكا و توركیا بگەڕێنەوە سەردەمی ئۆباما، هەڵبەت بەهەر قیمەتێك نا.

ئەوەشمان لەبیر نەچێت، بلینكەن لە فەرەنساش نزیكە. دواجار، سیاسەتی ترەمپ بۆ كورد و توركیا دەكرێت بخرێتە قاڵبی بێ سیستەمییەوە. دیارە، بۆ دۆخی كورد و رێگری لە فراوانخوازی توركیا، هەبوونی سیستەمێك، جا باش یان خراپ بێت باشترە لە بێ سیستەمی.

ئارام ڕەفعەت

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا