پۆڵەتیك پرێس
چوار ئەندامی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق داوایەكی بەپەلە ئاڕاستەی هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا دەكەن تاوەكو كۆتای بە كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بهێنن.
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، وەك پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی بانگهێشتی حكومەتی هەرێمی دەكەن بۆ هەنگاونانی بەپەلە و كرداری بەشێوەیەكی شەفاف و ڕوون لەگەڵ حكومەتی عێراق.
وتیشی، ” یاسای قەرز دەرفەتی ئەوەی تێدایە، هەردو حكومەت بەپابەند بوون بەو دەقە دەستوری و یاساییانەی كە هەن و وا دەكەن پشكی سێ مانگی كۆتایی ساڵی ۲٠۲٠ و پشكی هەرێم لە یاسای موازەنەی ساڵی ۲٠۲۱ بكەنە دەرفەتی ئاسایی بونەوەی موچە و بودجە و ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان”.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەیانەوێت حكومەتی هەرێم خێرابێت بۆ ئەوەی موچەی هەرسێ مانگەكانی (12،11،10)ی ئەمساڵ نەفەوتێت هەروەها لەگەڵ بودجەی گشتی عێراق پێویستە هەرچی زووە رێككەوتن بكرێت و چی دیكە خەڵك نەكرێتە قوربانی.
بڕیارە بەمنزیكانە شاندی دانوستانكاری هەرێم سەردانی بەغدا بكات، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەردولا و بەتایبەت پرسی ناردنی موچەی فەرمانبەران و یەكلایكردنەوەی پشكی كورد لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021.