توركیا سوننەكان بۆ زیادكردنی هەژموونی لەعێراق بەكاردەهێنێت

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
توركیا هەوڵ دەدات هەمان مۆدێلی سیاسی ئێران لەناو عێراقدا دووبارەبكاتەوە و بگاتە پێگەی بڕیاردانی بەغدا، ئەوەش لەڕێی پشت بەستن بە چەند سیاسییەكی وڵاتەكە، كە دڵسۆزی توركیان، كە زۆرینەیان لەگروپە سوننەكانن.

هاوكات هەوڵ دەدات بۆ نزیككردنەوەیان لەیەكتر و یارمەتیدانیان لەپێكهێنانی فراكسیۆنێكی سیاسی هاوسەنگ، كە توانای ركابەری كردنی پۆستە گرنگ و كاریگەرەكانی ناو دەسەڵاتی عێراقی هەبێت.

لە راپۆرتێكی رۆژنامەی عەرەبدا هاتووە، لەئێستادا ئەنقەرە كار لەسەر ژمارەیەك سیاسی پێشوو دەكات، كە توانای هێنانە ناوەوەی سیاسەتمەدارانی دیكەی سەر بە حیزب و فراكسیۆنە دەسەڵاتدارەكانی عێراقیان هەیە بۆ ناو هێزێكی نوێ سوننی عێراقی.

لەماوەی رابردوودا، ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پێشووتری پەرلەمانی عێراق دەركەوت نزیكایەتی لەگەڵ فیكری كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین هەیە و پەیوەندی نزیكی لەگەڵ ئەنقەرەدا هەیە، كە وەك یەكێك لە ئەسپەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەركەوت.

لەم دواییانەدا، نوجێفی دەستیكرد بە پلانی رێكخستنەوەی ماڵی سیاسی سوننە

لەم دواییانەدا، نوجێفی دەستیكرد بە پلانی رێكخستنەوەی ماڵی سیاسی سوننە ئەویش لەڕێی دوورخستنەوەی چەند كەسایەتییەك، كە پێیوایە هاوشێوەی ئامێرێكن بەدەست دەسەڵاتی شیعەوە لە سەروو هەمووشیان محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئێستای پەرلەمان.

هەروەها نوجێفی دەستیكردووە بە ئۆپراسیۆنی دامەزراندنی بەرەیەكی نوێ لەژێر ناوی بەرەی عێراقی، كە لە ٣٥ ئەندام و كەسایەتی سوننی پێكهاتووە و ئامانجی دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسییە لە پۆستەكەی.

بەپێی راپۆرتەكەی رۆژنامەی عەرەب، چەندین كەسایەتی دیاری سوننی لەناو ئەم بەرە نوێیەدا هەیە لەوانەش، ئەحمەد جەبوری، رەشید عەزاوی، فارس ئەلفارس، تەڵال زوبعی‌و محەمەد ئیقبال، سەرچاوە سیاسییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ئەنقەرە بەوردی هەوڵ دەدات شارەزایی سیاسی خۆی پێشكەشی نوجێفی بكات و لەپێناو سەركەوتنی ئەم بەرە نوێیە هاوكاری ماددی پێشكەش بكات.

ئەنقەرە بەوردی هەوڵ دەدات شارەزایی سیاسی خۆی پێشكەشی نوجێفی بكات

لە بەیاننامەیەكی نوسینگەی نوجێفیدا هاتووە، ئوسامە نوجێفی لەگەڵ فاتح یەڵدز باڵیۆزی توركیا تاوتوێی دۆسییەی پەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوان عێراق و توركیایان كردووە و باسیان لە گۆڕانكارییەكانی دۆخی سیاسی وڵاتەكە كردووە بەتایبەت ئەو گۆرانكارییانەی پەیوەندییان بە بەرەی عێراقی و قەیرانی رێككەوتنی نێوان سوننە و شیعەوە هەیە.

بەگوێرەی رای شارەزایان، توركیا وەكو ئێران، هەلی ئایینی و خێڵەكی دەقۆزێتەوە تا دەرچەیەك بۆ هەژموونی خۆی لە كاروباری ناوخۆی عێراق بدۆزێتەوە.

لای خۆیەوە نوجێفی رایگەیاند، ئەو قەیرانەی كە بەهۆی رێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان سوننە و شیعەكان هاتەئاراوە سەرباری ئەوەش پەسەندكردنی لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كارەسات و تاوانێكی مەترسیدارە كە بەدرێژایی مێژوو هیچ بەرپرس و دەسەڵاتدارێك ئەنجامی نەداوە.

سەرەتای ئەم مانگە، دیوانی وەقفی سوننی رایگەیاند، رێككەوتنێك لەنێوان هەردوو وەقفی سوننە و شیعە واژوو كراوە، كە دۆخی ئایینی نێوان هەردوولا یەكلا دەكاتەوە، كە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە مشتومڕی لەبارەوە دەكرێت، بەڵام رۆژی یەكشەممە، دوای كەمتر لە هەفتەیەك لە رەتكردنەوەی رێككەوتنەكە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرانی عێراق، دیوانی وەقفی سوننی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكەی دواخست.

رێككەوتنێك لەنێوان هەردوو وەقفی سوننە و شیعە واژوو كراوە، كە دۆخی ئایینی نێوان هەردوولا یەكلا دەكاتەوە

بەپێی بەیاننامەكە، باڵیۆزەكەی توركیا ئامادەیی خۆی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق لە چەندین بواری جیاوازدا پشانداوە و جەختی لەوە كردەوە، توركیا یەكڕیزی چینەكانی عێراقی دەوێت.

لەماوەی رابردوودا، ناكۆكی كەوتە نێوان باڵیۆزی توركیا لە عێراق و قەیس خەزعەلی سەركردەی میلیشیای ئەهلی حەقی نزیك لە ئێران، لەدوای ئەوەی خەزعەلی ئەنقەرەی تۆمەتبار كرد بەوەی لەڕووی سەربازییەوە هەڕەشەیە بۆسەر عێراق و لە مێژە چاوی لەسەر خاكی عێراقە، هەر ئەوەش وای لە چاودێران كرد بڵێن: لەسەر زیادكردنی هەژموونی لە عێراق، توركیا راستەوخۆ رووبەڕووی ئێران دەبێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا