رونكردنەوە لەبارەی نەبوونی كورد لە لیژنەكەی پەرلەمانی عێراق دەدرێت

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی كوردی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، نازانن هۆكار چییە نوێنەری كورد لە لیژنەكەی پەرلەمانی عێراقدا نییە كە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەنێوان هەرێم و بەغدا پێكهێنراوە.

بەهار مەحمود ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبوو دانانی ئەو لیژنەیە بە دەنگدانی ئەندامانی پەرلەمان بوایە، بەڵام راستەوخۆ لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە دانراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، نازانن بۆچی سەرۆكی پەرلەمان پەرلەمانتاری كوردی لەو لیژنەیە دانەناوە، بەڵام بەوتەی ئەو دەكرێت دواتر ئەندامی كوردیش بۆ لیژنەكە زیاد بكرێت.

وتیشی، ” ئەو لیژنەیە كاتییەو كارەكانیشیان بۆ نزیكبوونەوەو هەماهەنگی نێوان هەرێم و بەغدایەو ئەگەر ئەو دوو حكومەتە پابەندی بەڵێنەكانیان بن ئەوا كارەكانی ئەو لیژنەیە ئەنجامی باشی دەبێت”.

پێشتریش بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دەسەڵاتەكانی لیژنەكەوە بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاندبوو ، “ئەم لیژنەیە تەنها دەتوانێت چاودێری كارەكانی حكومەت بكات و هانی هەرێم و بەغدا بدات بگەنە رێككەوتنێكی دادپەروەرانە”.

ئەمڕۆ سێ شەمە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەئامانجی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداو بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەنێوان هەردولا، لیژنەیەكی هەشت كەسی لە پەرلەمانتارانی عێراق دروستكرد كە سەرجەمیان عەرەبن و هیچ پەرلەمانتارێكی كوردی تێدا نییە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا