پۆڵەتیك: سپۆڕت
ئەوەی دەبینرێت حەمەی كەریمی قەساب نییە مەبەستم ئەفسانەی تۆپی پێی كورد حەمەی كەریمە، چونكە باوكی ڕەحمەتی ئەو قەسابێكی ناسراوی سلێمانی بوو كاكە حەمەش كە یاریزانیش بوو هەر لەگەڵ باوكی جار جار كاری كردووە لە قەسابخانە بە دڵنیاییەوە ڕووخساریشی لە كاكە حەمە ناچێت بەڵكو ئەو برادەرەی ناوەند داوەری ناو یاریگایە لە وڵاتێكی خۆرهەڵاتی ئاسیایە وەك پرسیم و وەڵامم وەرگرتەوە …. ئەو ساتوڕەی لەگەڵ خۆی بردۆتە نێو یاریگاوە بە دڵنیاییەوە بۆ ئەوەیە هەر یاریزانێك لێی نزیك بۆوە یەك خەتی بۆ دروست بكات لە سەر سنگییەوە بۆ خوار ئەژنۆی ڕاستی.
بێگومان ئێستا كوردستان زاهیر و ساسان و دیاری حەمە فەرەج و كارزانی داوەر و هەموو ئەوانی تر بۆ شتێكی ئاوها ئەوانیش دەمیان ئاو دەكات … بۆ نا خۆ لە خولی نایابی كوردستان و پلە یەك و دوو و خولەكانی تری سەر بە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان داوەران بێ پشت و پەناترین خزمەتكارانی وەرزشن لە كوردستان نە فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان لە كاتی بوونی كێشە خۆی دەكاتە خاوەنیان نە لیژنەی داوەران لە سەریان دێتە دەنگ نە یانەكان دەیانپارێزن كاتێك یاریزانێك یان دەستەیەكی هونەرییان یان هاندەران پەلاماریان دەدەن … بۆیە باشترین چارە بۆ ئومێد و زانا و فەرمان و هاوڕێ داوەرەكانی تری كوردستان ئەوەیە ئەوانیش سەر و چەقۆیەكی هاوشێوە لەگەڵ خۆیان ببنە نێو یاریگاكانەوە لە نێوان كارتی زەرد و سور ئەوە بە كار بهێنن بۆ یاریزانان تا كەس نەتوانێت ئیتر مافی ئەوان بخوات و پەلاماریان بدات.
*تەنها تەنزێك بوو ڕێزم هەیە بۆ تەواوی ئەو ئازیزانەی ناویان هاتووە لە نووسینەكەدا.
دانەر ئەسڵان