ئیتۆ: مۆندیالی قەتەر جیاواز دەبێت

پۆڵەتیك: سپۆڕت
ساموێل ئیتۆ فیسی كامیرۆنی ئەستێرەی ناوازەی تۆپی پێی كیشوەری ئەفریقیا و هێرشبەری ناوازەی بەرشەلۆنە و ئینتەر و چێڵسی و چەندان یانەی تری ئەوروپا پێی وایە مۆندیالی قەتەر كە دوو ساڵی تر بەڕێوە دەچێت لەو دەوڵەتە عەرەبییە بچكۆلەیە مۆندیالێكی تەواو جیاواز دەبێت لە هەموو ڕوویەكەوە.

لە دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ پێگەی دامەزراوەی قەتەر بۆ ڕێكخستنی مۆندیال و كاروبارەكانی دواو وتی: (ئەم مۆندیالە جیاوازترین مۆندیال دەبێت لە هەموو ڕوویەكییەوە هەر لە كاتی بەڕێوەچوونییەوە بۆ شێوازی دامەزراوە وەرزشییەكانی و ئەو 8 یاریگایەی كە میوانداری یارییەكان دەكات هەمووی جیاوازە و بە ناوازەترین شێوە ئامادە كراون).

ئیتۆ ڕاشیگەیاند: (دامەزراوە وەرزشییەكان بۆ یاریزانەكان زۆر بە باشی و لە باری ئامادە كراوە هەموان دەتوانن ئاسوودە بن تیایدا هەروەك نزیكی یاریگاكان لە یەكترییەوە وا دەكات هەڵبژاردەكان و وەفدی هەڵبژاردەكان ئاسوودە بن، چونكە كەس ناچار نابێت بە فڕۆكە گەشت بكات تەنها بە پاس بە 1 سەعات دەگوازرێنەوە لە نێوان یاریگای شارە جیاوازەكاندا ئەمەش كێشەی گەشتی بەردەوام و كات بە فیڕۆدان لە كۆڵ ڕاهێنەرەكان دەكاتەوە و هەڵبژاردەكان سوود لەو كاتانە وەردەگرن بۆ مەشق كردن و پشوو وەرگرتن).

لە كۆتاییشدا 4 جار باشترین یاریزانی كیشوەری ئەفریقیا و یەكێك لە باڵیۆزانی جامی جیهانی وتی: (چوونی هەموو جیهان بۆ قەتەر تاقی كردنەوەیەكی ناوازە دەبێت بۆ بینینی ڕووخساری یەكێك لەو وڵاتە بچووكانەی لە جیهان دا بۆتە شوێنێكی تایبەت بۆ ئارامی و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی من دڵنیام هەموو ئەو خەڵكەی دوو ساڵی تر ڕوو لە قەتەر دەكەن بە تاقی كردنەوەیەكی خۆ و ناوازەوە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان هەروەك یاریزانان و هەڵبژاردەكانیش بە ئارامی و خۆشحاڵییەوە ماوەی بەشداری كردنیان لە قەتەر بە سەر دەبەن و دواتریش بە خۆشحاڵییەوە دەگەڕێنەوە).

 

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا