لیژنه‌یه‌كی هه‌شت كه‌سی بۆ دانوستانی هه‌رێم و به‌غدا پێكهێندرا

پۆڵه‌تیك پرێس:
به‌بڕیاری محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی كاتیی له‌ هه‌شت ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق بۆ گفتوگۆ و دانوستان له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا پێكهێندرا.

به‌شیر حه‌داد، جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق تایبه‌ت به‌ پۆڵه‌تیك پرێس ورده‌كاریی پێكهێنانی ئه‌و شانده‌ دانوستانكاره‌ی ئاشكراكرد و وتی، “ئەم لیژنەیە پێكهاتووە لە لیژنە جیاجیاكانی پەرلەمان بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت بە شێوازێكی یاسایی و دەستوریی، حكومەتی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق لە گفتوگۆكانیان سەركەوتووبن و بگەنە ئەنجام و ڕێككەوتنێكی كۆتایی”.

ده‌رباره‌ی ده‌سه‌ڵاتی لیژنه‌كه‌ به‌شیر حه‌داد وتی، “ئەم لیژنەیە تەنها دەتوانێت چاودێری كارەكانی حكومه‌ت بكات و هانی هه‌رێم و به‌غدا بكات بگەنە ڕێككەوتنێكی دادپەروەرانە”.

ناوی ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ بریتین له‌ (محەمەد شیاع سودانی، عەدنان زورفی، محەمەد دەراجی، مزاحیم تەمیمی، عەبود عیساوی، هیشام عەبدولمەلیك، حەسەن شویرید و فەیسەڵ عیساوی).

به‌شیر حه‌داد ئه‌وه‌شی ئاشكرایكرد، “لیژنه‌كه‌ به‌ته‌نیا له‌ په‌رله‌مانتاره‌ عه‌ره‌به‌كان پێكنایه‌ت، ئه‌ندامانی كوردیشی بۆ زیاد ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ كەسانێكی نیازپاكن بۆ ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا، هیچ كەسێكیان ڕۆڵی خراپیان نیە دژی هەرێم و بەغدا”.

ده‌رباره‌ی ناردنی 320 ملیار دیناری موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم به‌شیر حه‌داد وتی، “لە هەوڵی ئەوەداین پێش هاتنی شاندەكەی هه‌رێم به‌غدا پارەكە بنێرێت، چونكە حكومەتی عێراق بەڵێنیداوە بەڵام تەنها ئەوە ماوە بگاتە بڕیار”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا