سەردانی بەرپرسانی ئێران بۆ بەغدا دڵەڕاوكێ دروست دەكات

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
سەردانەكەی هەفتەی رابردووی ئیسماعیل قائانی سەركردەی فەیلەقی قودس و چاوپێكەوتنی لەگەل میلیشیا چەكدارەكان و سەركردەی ئەو لایەنە سیاسییانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، هاوكات كۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دووبارە دۆسییەی سەردانكردنی بەرپرسە ئێرانییەكان بۆ عێراق بەتایبەت سەركردە سەربازییەكانی كردەوە، بەجۆرێك سیاسی و پەرلەمانتارانی بەغدا پێیانوایە دووبارەبوونەوەی ئەم سەردانانە جەخت لەپابەندبوونی عێراق دەكاتەوە بۆ بڕیارەكانی ئێران.

لە راپۆرتێكی عەرەبی جەدیددا هاتووە، نوری عەبد رەبە ئەندام پەرلەمانی پیشووی عێراق جەختی لەوە كردووەتەوە، سەردانی بەردەوامی بەرپرسانی ئێران و لەوانەش بەرپرسە سەربازییەكان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق دۆسییەی سەربازی دەخاتە بەردەم ئێران و دەشڵێت: هاوكاری ئێران بۆ عێراق لەشەڕی دژی داعش مانای ئەوە نییە ئیدی ئێران دەست بخاتە ناو بڕیارە ناوخۆییەكانی وڵاتەكە.

ئەوەشی خستەڕوو، كاریگەری تاران بەئاشكرا بەسەر سیاسەت و دۆخی ئەمنی عێراقەوە دیارە، وتیشی: حكومەت لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا سەركەوتوو نابێت تا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ ئێران نەكات.

حكومەت لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا سەركەوتوو نابێت تا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ ئێران نەكات

هەفتەی رابردوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی سەردانی بەغدای كردو لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە، كە ئێستا سەردانەكەی مشتومڕی دروست كردووە.

لەلایەكی دیكەوە، محەمەد خالدی سەرۆكی فراكسیۆنی بیارق ئەلخەیر رایگەیاند، پێویستە هەڵوێستی یەكلاكەرەوە بەرانبەر دەستوەردانی نەرێنی بۆ كاروباری عێراق هەبێت، ئیدی لەلایەن ئێرانەوە بێت، یاخود وڵاتانی دیكە، وتیشی: دەبێت پەیوەندییە هاوبەشەكان بەشێوەیەك بونیادبنرێن، كە زیان بە بەرژەوەندی عێراق و وڵاتی بەرانبەر نەگەیەنن و پێویستە حكومەت لەو چوارچێوەیەدا كار بكات.

ئەركی پەرلەمانە بە ئاراستەی بەرژەوەندی وڵات پاڵپشتی پەیوەندییەكان بكات

خالدی حكومەتی بەوە تۆمەتبار كرد، كە ئەو بەرپرسە لەكێشانی وێنەی سیاسەتەكانی دەرەوە و ناوەوەی عێراق و دەبێت ئەو پەیوەندییانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی وڵاتەكە بنیادبنرێن، جەختی لەوەش كردەوە، ئەركی پەرلەمانە بە ئاراستەی بەرژەوەندی وڵات پاڵپشتی پەیوەندییەكان بكات و حكومەت لە دەستوەردانی ئێران ئاگاداربكاتەوە وتیشی: چەند پرۆتۆكۆل و دەستورێك هەیە بۆ بنیادنانی پەیوەندییەكان و نابێت حكومەت تێیانبپەڕێنێت.

لای خۆیەوە، شروق عبایجی ئەندامی رەوتی مەدەنی عێراق و ئەندام پەرلەمانی خولی پێشووی عێراق رایگەیاند، گومانمان لە ئەجێندا و ئامانجی ئەم سەردانانە هەیە بەتایبەت كە نافەرمین و بە ئاشكرا بەڕێوەناچن، دەبێت هەموو سەردانێكی وڵات لە چوارچێوەی سەردانی فەرمیدا بێت و رابگەیەنرێت و ئامانجەكانی ئاشكرا بێت.

جەختی لەوەش كردەوە، رانەگەیاندنی ئەو سەردانانە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە گومان لەبارەی ئامانجی سەردانەكانەوە دەهێنێتە ئاراوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی چەندین دۆسیە و بابەت لەو ناوەندەدا باس دەكرێن كە مایەی دڵەڕاوكێن، وتیشی: بەهۆی پەیوەندییە بەردەوامەكانی بە دەرەوە عێراق لەبری دروستكردنی متمانە لەلای گەلەكەی، خۆی خستووەتەوە دۆخێكی لاوازەوە.

گومانمان لە ئەجێندا و ئامانجی ئەم سەردانانە هەیە

ئەوەشی خستەڕوو، ئێران پاراستن و پاڵپشتی بۆ عێراق دابین ناكات بەڵكو بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا دەگەڕێت نەوەك بەرژەوەندی عێراق، هەر ئەمەشە دەبێتە رێگر لەبەردەم حكومەت بۆ بنیادنانی پردی متمانە لەگەڵ هاوڵاتیانی وڵاتەكەی.

ئەوەش لەكاتێكدایە، هەفتەی رابردوو بە سەردانێكی نافەرمی ئیسماعیل قائانی سەركردەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران گەیشتە بەغدا و لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە، هاوكات، چاوی بە سەركردەی میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە تاران كەوت، سەرباری ئەوانەش چاوی بە سەركردەی فراكسیۆنە جیاوازەكانی ناوچەی جادریە و ناوچەی سەوز لە بەغدا كەوت، لەمیانی سەردانەكەشدا دۆسیەی هێزەكانی ئەمریكا تاوتوێكرا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا