ویستی شەقامی وەرزشی ئەڵمانیا سەركەوت

پۆڵەتیك: سپۆڕت
دواجار DFB واتا فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتی ئەڵمانیا ملی بۆ ویستی شەقامی وەرزشی داو بڕیاری كردنەوەی مەلەفێكی لێكۆڵینەوەی هەمە لایەنەی دا لەگەڵ یواكیم لۆوفی ڕاهێنەری دێرینی هەڵبژاردەی یەكەم و ئۆلیڤەر بێرهۆف بەڕێوەبەری وەرزشی هەڵبژاردەكە.

هەفتەی ڕابردوو لە چوار چێوەی بەڕێوەچوونی یارییەكانی پاڵەوانێتی یۆرۆ نەیشنی دۆستانە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دووچاری دۆڕاندنێكی كەمەربڕ هات بە ئەنجامی 6 – 0 بەرامبەر بە ماتەدۆری ئیسپانیا لە كاتێكدا ئەڵمانیا پێویستی بە یەكسان بوون بوو تا وەك پێشەنگی كۆمەڵەكەی بەرەو قۆناغی پێش كۆتایی یۆرۆ نەیشن بڕوات، بەڵام تووشی دۆڕاندن هات بە شێوەیەك سەخت بوو كە مێژووی 89 ساڵ بەر لە ئێستای بە بیر ئەڵمانەكان هێنایەوە كاتێك لە یارییەكی دۆستانەدا بەرامبەر بە نەمسای هاوسێیان دۆڕا بوون بە ئەنجامی 6 – 0 لەو دەمەدا.

پاش چەندان و چەندان نووسین و بەرنامەی ڕەخنەیی لە لایەن ئەستێرەكانی پێشووی تۆپی پێی ئەو وڵاتە و فشاری زۆری شەقامی وەرزشی دواجار ئەمڕۆ یەكێتی تۆپی پێی ئەو وڵاتە ملی بۆ داوای هەمواندا و بڕیاری دا لە مانگی داهاتوو لەگەڵ یواكیم لۆوف و بێرهۆف كۆببێتەوە بە مەبەستی گوێ‌ گرتن بۆیان و قسە كردن لە سەر چەند پرسێك لە پێش هەموویەوە ئەو ئەنجامە قورسە كە لە بیر ناكرێت هەروەك گفتوگۆ كردن لە سەر پێكهاتەیەكی جێگیر بۆ هەڵبژاردەكە نەك ئەوەی لە 6 یاری یۆرۆ نەیشن ڕاهێنەر بە 6 پێكهاتەی جیاوازەوە یاری كردووە دوا خاڵیش گفتوگۆ كردن دەبێت سەبارەت بە ئەگەرەكانی بەردەم ڕاهێنەر سەبارەت بە گەڕاندنەوەی هەر سێ‌ ئەستێرەی دوورخراوە لە پاش مۆندیالی 2018 لە هەڵبژاردەكە كە ئەوانیش هەریەك لە (تۆماس مۆلەر و جیرۆم بواتینگ و ماتس هۆمڵز) ن.

فیدراسیۆنەكە ئەوەشی بڵاو كردۆتەوە كە دەبێت 4 ی مانگی داهاتوو هەریەك لە لۆوف و بێرهۆف ڕاپۆرتێكی تێروتەسەل ئامادە بكەن و پێشكەشی بكەن سەبارەت بەو سێ‌ پرسەی ئاماژەیان بۆ كراوە هەروەها باس كردن لە ئامادەكاری تەواوی هەڵبژاردەكە بە مەبەستی بەشداری كردن لە یۆرۆ 2020 كە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوە دەچێت.

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا