دۆستەكەی رۆژئاوای كوردستان دەبێتە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا

ئەم بابەتە 70 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویان كردەوە، بڕیارە رۆژی سێشەممە ٢٤ی تشرینی دووەم، جۆ بایدن ناوی چەند ئەندامێكی ئیدارەی نوێی ئەمریكا رابگەیەنێت، كە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو ئیدارەكە پێكدەهێنرێت‌و دەست بەكار بن، سەرچاوەیەكیش كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت رایگەیاند، پێدەچێت بایدن لە داهاتوودا ئەنتۆنی بلینكن وەك وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دیاریبكات.

ئەنتۆنی بلینكن لە ١٦ی نیسانی ١٩٦٢ لەنیویۆرك لەدایكبووەو ئەندامی حیزبی دیموكراتەكانە لە ساڵی ٢٠١٣ تا ساڵی ٢٠١٥ جیگری سكرتێری ئاسایشی نیشتمانی بووە، پاشان لەماوەی ئیدارەی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشوو ئەمریكا لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠١٧ بووە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا.

بلینكن لە ٣١ی كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٧، وتارێكی لەژێر ناوی “بۆ بەزاندنی داعش، كوردەكانی رۆژئاوا چەكدار بكەن” بڵاویكردووەتەوەو ئێستا میدیای ئەمریكی ئەو وتارەیان بڵاوكردووەتەوەو گرنگیان پێداوەو وەك هەنگاوێكیش بۆ پڕچەكردنی هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن ئەمریكا باسی دەكەن.

بۆ بەزاندنی داعش، كوردەكانی رۆژئاوا چەكدار بكەن

ئەو لەوتارەكە باس لە گرنگی چەكداركردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكات بەمەبەستی پاككردنەوە و رزگاركردنی شاری رەققە لەدەست ئەندامانی رێكخراوی داعش.

لە وتارەكەدا باس لەوەش دەكات، كۆنتڕۆڵكردنەوەی رەققە و موسڵ لە عێراق، بەشێوەیەكی كارا كاریگەری لەسەر رێكخراوی داعش دادەنێت و سزاكانیش بۆ ئەو رێكخراوە كاولكەر دەبن، بەجۆرێك ناتوانێت چیدیكە رووبەری گەورەی زەوییەكان بۆ راهێنانی سەربازی بەكاربهێنێت و سەربازان و سەرچاوەكانی ناوچەكە بخاتە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی خۆی.

بلینكن دەشڵێت: تاكە هێزێك، كە توانای رزگاركردنی شاری رەققەی هەیە سەر بە هاوبەشە هەرە كارەكەمانە لەسەر زەوی كە ئەویش هێزەكانی سوریای دیموكراتە، كە پیكهاتووە لەكورد و عەرەب و لەژێر هەیمەنەی یەكینەكانی پاراستنی گەلدایە.

ئەوەش هاتووە، لەرۆژانی كۆتایی دەسەڵاتی باراك ئۆباما، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، هەوڵ دەدات رێگەپێدانی ترامپ بەدەستبهێنێت بۆ ئەم هەنگاوە و سود وەرگرتن لەهێزەكانی سوریای دیموكرات لە رزگاكردنی رەققە، هاوكات پلان دادەنێت بۆ ناردنی سەدان هێزی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان كە ئۆباما فەرمانی دەركردبوو بە چوونە ناوەوەیان بۆ سوریا وەك كاراترین هاوبەشەكانی ئەو هێزانە بۆ بەزاندنی داعش.

بلینكن دەپرسێت: كەواتە كێشەكە چییە؟ توركیا هاوپەیمانی ناتۆ و یاریكەری سەرەكی لە سوریا بەتوندی بەرهەڵستی هەر هاوكارییەكی ئەمریكا بۆ كوردانی رۆژائاوا دەكات، بەتایبەت یەكینەكانی پاراستنی گەل و توڕەیە لە ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان “پەكەكە”.

ئەنقەرە لە مشتومڕی ئەوەدایە، گوایە هەر هاوكارییەك، كە ئەمریكا پێشكەشی یەكینەكانی پاراستنی گەلی دەكات لە دەستی پەكەكەدا كۆتایی دێت

ئەو سیاسەتمەدارە ئەمریكییە ئاماژە بەوەش دەكات، ئەنقەرە لە مشتومڕی ئەوەدایە، گوایە هەر هاوكارییەك، كە ئەمریكا پێشكەشی یەكینەكانی پاراستنی گەلی دەكات لە دەستی پەكەكەدا كۆتایی دێت و لە دژی توركەكان و كوشتنیان بەكاریدەهێنێت.

بلینكن باسی لەوەش كردووە، كە بەوپێیەی جێگری وەزیری دەرەوەم، چەندین سەعاتم لەگەڵ هاوتا توركەكانم بەسەربردووە بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی كاتی بۆ بەردەوامیدان بەگەیاندنی هاوكاری ئەمریكا بەدەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لەهەموو دووڕیانە جیاوازەكاندا لە ئازادكردنی مەنبیج لەباكووری رۆژهەڵاتی سوریاوە تا رەققە، ئەوان كاردانەوەی توندیان هەبووە و هەڕەشەیان كردووە و رێگریان لە هاوپەیمانانی نێوەدەوڵەتی كردووە بچنە ناچەكە و رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە.

لە وتارەكەی بلینكندا ئەوەش هاتووە، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ قایل ببێت بە هەوڵەكانی پنتاگۆن بۆ چەكداركردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەوا پێویستە روونی بكاتەوە كە هیچ كارێكی لەپێشینەی نییە جگە لە بەزاندنی رێكخراوی داعش، چونكە ئەگەر چاوەڕێی رێگایەكی دیكە بكات لە توركیا ئەوا رەنگە بۆ چەندین مانگ دۆسیەی رەققە دوابكەوێت.

پێویستە ئەو یارمەتییەی پێشكەشی هێزەكانی سوریای دیموكراتی دەكەین تەنیا تایبەت بێت بە ئەركێكی دیاریكراو

هەروەها دەشڵێت: پێویستە ئەو یارمەتییەی پێشكەشی هێزەكانی سوریای دیموكراتی دەكەین تەنیا تایبەت بێت بە ئەركێكی دیاریكراو كە ئەویش ئەركی ئازادكردنی رەققەیە، واتە نابێت ئەو یارمەتییە لەپێناو بەرفراوانكردنی شەڕی توركیا و پەكەكە بەكاربهێنرێت، هاوكات، پێویستە سووربین لەسەر پابەندبوونمان بە بەكارنەهێنانی هیچ چەكێك دژی توركیا و دەستبەردارنەبوونی رەققە بۆ هیچ هێزێكی ناوخۆیی، هاوكات رێزی ئاشتی خاكی سوریا بگرین و لە شەڕ دووریبخەینەوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک