هاوسەرۆكی كەنەكە: توركیا دەیەوێت شەڕی كورد و كورد هەڵبگیرسێنێت

پۆڵەتیك پرێس

هاوسەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە) دەڵێت، بەمەبەستی رێگری لە قوڵبوونەوەی ئاڵۆزییەكان و ئەگەری شەڕی چەكداری لەنێوان پارتی و پەكەكە سەردانی هەرێمی كوردستانمان كردووە، چونكە توركیا پیلانی داناوە شەڕی كورد و كورد هەڵبگیرسێنێت.

ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ پۆڵەتیك پرێس ئامانجی سەردانەكەیانی بۆ هەرێمی كوردستان خستە ڕوو رايگەیاند: ماوەیەكە گرژی و ئاڵۆزییەك دروست بووە لەنێوان پارتی و پەكەكە، ئامانجی ئێمەش لە سەردانمان بۆ هەرێمی كوردستان چارەسەركردنی كێشەكانە لەنێوان هەردوولادا بەڕێگای گفتوگۆ و دانووستان.

هاوسەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان وتی: تا ئێستا لەگەڵ ئەو دوولایەنە كۆنەبووینەتەوە، بەڵكو لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكە و پەرلەمانتاران كۆبووینەتەوە هەوڵدەدەین زەمینەیەكی گونجاو بڕەخسێنین بۆ گفتوگۆ لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا.

باسی لەوەشكرد ئەو ئاڵۆزییەی دروستبووە دەستی توركیای تێدایە چونكە توركیا لە ئۆپەراسیۆنەكانی بۆسەر گەریلا شكستی هێناوە، لەبەرئەوەی بەرگرییەكی بەهێزی گەریلا هەیە بەرامبەر ئەو ئۆپەراسیۆنانە، دەوڵەتی توركیا دەیەوێت لەرێگەی شەڕی كورد بە كورد خەباتی گەلەكەمان لاوازبكات بۆیە پێویستە هەموو هەوڵێك بدەین تا رێگری لەوەبكەین ئەو ئاڵۆزییانەی دروست بووە نەبێتە شەڕی چەكداری.

ماوەی چەند رۆژێكە شاندێكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە هەرێمی كوردستانن و تا ئێستا سەردانی ژمارەیەك لایەنی سیاسی و پەرلەمانی و چین وتوێژی جیاجیان كردووە، بەمەبەستی هێوكردنەوەی ئەو بارگرژی و ئاڵۆزیانەی لەنێوان پارتی و پەكەكە روویانداوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا