داعش تاکە هۆکاری کۆچی بەردەوامی مەسیحییەکانی عێراق نییە

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

شەماس نائیل باس لە کچەکەی دەکات کە زانکۆی تەواو کردووە و هیچ کارێکی دەستناکەوێت و دەڵێت: تەنیا یەک کچم هەیە، دەمەوێت لە یەکێک لە دەزگاکانی دەوڵەت دەستبەکاربێت، چونکە وای بۆ دەچم ئەمە یەکێک بێت لە مافەکانمان وەک کەمینەی ئایینی وەک ئەوەی ناومان دەهێنرێت.

کچەکەی نائیل ناوی مریەمە، لەگەڵ ئەوەی بە عێراقەوە پەیوەستە بەڵام ئەگەر هەلی کۆچکردنی بۆ بڕەخسێت ئەویش وەک مەسیحییەکانی دیکە وڵاتەکەی بەجێدەهێڵێت، مریەم دەڵێت: راشکاوانە بیڵێم، کەس نییە حەز بەوە نەکات لە وڵاتەکەی خۆیدا بمێنێتەوە، من هیوا دەخوازم کۆچ بکەم، بەڵام لە هەمان کاتدا هیوا دەخوازم وڵاتەکەم هەموو ئەو شتانەم بۆ دابین بکات کە لە وڵاتێکی دیکە بۆ مانەوەم دابین کراوە.

کەس نییە حەز بەوە نەکات لە وڵاتەکەی خۆیدا بمێنێتەوە

لە راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەلحوڕەی عەرەبیدا هاتووە، لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەکی ئاشکرا کۆچی مەسیحییەکانی عێراق زیادیکردووە بەتایبەت لەدوای روخانی دەسەڵاتی سەدام حسێن سەرۆکی پێشووتری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، پاشان لەماوەی ململانێ و ناکۆکی خێڵەکی لە ساڵی ٢٠٠٦ هەتا ٢٠٠٨ دۆخەکە بەرەو خراپتری چوو، کاتێک بەشێوەیەکی راستەوخۆ مەسیحییەکان و کەنیسەکانیان کرانە ئامانج و بە هەزاران مەسیحی بوونە قوربانی.

بەپێی قسەی یونادم کنا ئەندامی بزوتنەوەی دیموکراتی ئاشوری، ئەم هێرشانە نەوەستان بەڵکو ساڵ لەدوای ساڵ بەردەوامییان هەبوو بەجۆرێک، ساڵی ٢٠١٠ کەنیسەی سەیدە نەجات کرایە ئامانج و تێیدا ٥٠ کەس بوونە قوربانی، هەڕەشە و رفاندن و کوژرانی مەسیحییەکان لە ماڵەکانیان بەردەوام لە زیادبووندا بوو.

ساڵی ٢٠١٤، کاتێک رێکخراوی داعش دەستی بەسەر رووبەرێکی بەرفراوانی عێراقدا گرت لەوانەش موسڵ و نەینەوا کە ژمارەیەکی زۆری مەسیحییەکانیان تێدابوو، ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ئاوارە بوون لەو هاوڵاتیانەش رێژەیەکی بەرفراوانی مەسیحییەکان بوونیان هەبوو.

لویس رۆفائیل ساکۆ قەشەی کەنیسەی کاردیناڵی کلدانی بە فرانس پرێسی راگەیاند، زۆرێک لە مەسیحییەکان بێ ویستی خۆیان کۆچیان کردووە لەبەرئەوەی ئەمە زەوی و مێژوویانە بەڵام کۆچیان کردووە تا بەدوای داهاتووی منداڵەکانیاندا بگەڕێن.

زۆرێک لە مەسیحییەکان بێ ویستی خۆیان کۆچیان کردووە لەبەرئەوەی ئەمە زەوی و مێژوویانە

هیچ ئامارێکی ورد لەبارەی ژمارەی راستەقینەی مەسیحییەکانی عێراق بوونی نییە، بەڵام ئەگەر تەماشا بکەین رێژەیان لەناو کەنیسەکان و تەنانەت داخرانی هەندێک لەو کەنیسانەش بەنمونە کەنیسەی سالوس لە بەغدا کە نزیکەی چوار ساڵە داخراوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تابێت رێژەی مەسیحییەکان لە عێراق کەم دەکات.

بەپێی راپۆرتەکەی ماڵپەڕی ئەلحوڕەی عەرەبی، هەندێک کەنیسەی عێراق هەیە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە داخراوە و دەرگاکانی نەکراوەتەوە لەوانەش کەنیسەی “قەلب یەسوع” کە تایبەتە بە ئەرمەنییە کاسۆلیکەکان لە کەرادە لە ناوەڕاستی بەغدا.

بەپێی داتاکانی قەشە ساکۆ، هەتا ساڵی ٢٠٠٣ ملیۆن و نیوێک مەسیحی لە عێراقدا هەبوون بەڵام ئەمڕۆ ئەو رێژەیە بۆ نیو ملیۆن کەمبووەتەوە، لەلایەکی دیکەوە ولیام وەردە لە رێکخراوی حاموڕابی ناحکومی بۆ مافی کەمینە مەسیحییەکان لە عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، ژمارەی مەسیحییەکان لەمڕۆدا لە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هەزار کەس تێناپەڕێت.

باس لەوەش دەکات، پێشتر لە بەغدا ٧٥٠ هەزار مەسیحی هەبوون کەچی ئەمڕۆ رێژەیان لە ٧٥ هەزار کەس تێپەڕ ناکات، وتیشی: لە ناوچەی دەورە لە باشوری عێراق کە زۆر بازاڕی مەسیحییەکانی تێدابوو لەواش بازرگان و پزیشک و خاوەن کافێکان ١٥٠ هەزار مەسیحی هەبوو کە ئێستا تەنیا هەزاریان لە ناوچەکەدا ماونەتەوە.

زۆربەی جار مەسیحییەکان ئەو هەستەیان هەیە کە وڵاتەکە بووەتە وڵاتێکی دینی

ئەمساڵ سێ ساڵ تێپەڕی بەسەر رووخانی رێکخراوی داعش لە عێراق، بەڵام ئەو هۆکارانەی مەسیحییەکانی ئەو وڵاتە هاندەدات لە دەرەوە بۆ ژیانێکی باشتر بگەڕێن هێشتا کۆتاییان پێنەهاتووە.

بەپێی قسەی ولیام وەردە زۆربەی جار، مەسیحییەکان ئەو هەستەیان هەیە کە وڵاتەکە بووەتە وڵاتێکی دینی و ئەوان ناتوانن تێیدا بژین، نەک ئەوان تەنانەت موسوڵمانێکی عەلمانیش ناتوانێت تێیدا بژی.

قەشە ساکۆ دەڵێت: لە ئێستادا فشاری راستەوخۆ بۆسەر مەسیحییەکان نییە، بەڵام مامەڵەی رۆژانە بەنموونە ئەگەر مەسیحی بیت لەسەر ئاستی حکومی کارت پێنادرێت کە ئەمەش هۆکارەکەی گەندەڵییە، هانی مەسیحییەکان دەدات بۆ کۆچکردن.

لە ئێستادا، عێراق بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێت بەتایبەت لەدوای دابەزینی نرخی نەوت، لەوبارەیەوە گەنجێکی ٢٥ ساڵی ناوچەی دەورە کە پێشتر چەند جارێک کۆچی کردووە و کاتێک ئاستەنگی بۆ دروست بووە گەڕاوەتەوە بۆ عێراق دەڵێت: هەندێک جار خۆم لێرە ئەبینمەوە، بەڵام زۆربەی کاتەکان هەست بەوە ناکەم شوێنێکم هەبێت، بە مانایەکی دیکە، دۆخەکە لەگەڵ کار و بیرکردنەوەمدا ناگونجێت و ناشتوانم خۆم بیگونجێنم.

المسيحيون في العراق يشكون من  "سوء المعاملة" في بلادهم

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا