پۆڵەتیك پرێس
ئەگەرچی تا ئێستا بە چوار قۆناغ ژمارەیەك گۆڕی بە كۆمەڵ لە گوندی كۆجۆی سەر بە قەزای شەنگال هەڵدراونەتەوە بەڵام كنە و پشكنین بۆ گۆڕی بە كۆمەڵی دیكە بەردەوامە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەڵێت: ژمارەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی كۆجۆ لەوە زیاترە تا ئێستا دۆزراونەتەوە.
فوئاد عوسمان بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: تا ئێستا بە چوار قۆناغ گۆڕە بە كۆمەڵەكانی كۆجۆ هەڵدراونەتەوە و گەڕان و پشكنین بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكانی دیكەش بەردەوامە، لە گوندی سۆلاخیش گۆڕێكی بەكۆمەڵ هەڵدرایەوە كە رووفاتی 100 ژنی تێدابوو.
فوئاد عوسمان وتیشی: ناتوانین ژمارەی گۆڕە هەڵدراوەكان ئاشكرابكەین چونكە ئێسك و پروسكی رووفاتەكان لەلایەن پزیشكی دادی عێراقەوە پشكنینیان بۆ دەكرێت و ئەوان دواتر بە راپۆرتێك زانیاری لەسەر روفاتەكان و ژمارەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەدەن بە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان.
ساڵی 2014 كاتێك داعش هێرشی كردە سەر قەزای شەنگال زیاتر لە 1300 كەسی لە گوندی كۆجۆ كۆمەڵكوژ كرد كە سەرجەمیان پیاوبوون.