پۆڵەتیک پرێس
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، گەلی عێراق نایەوێت پشت بە ئێران ببەستێت و لەوڕووەشەوە هەڕەشەی نوێ ئاراستەی میلیشیاکانی سەر بە تاران دەکات.
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بوونی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق ئامانجی پاڵپشتی کردنی حکومەتەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقە لەپێناو بنیادنانی عێراقێکی نوێ.
وتیشی: دواتر واشنتۆن ئەو رێوشوێنانە دیاریدەکات کە پێویستە دژی میلیشیاکانی عێراق کە سەر بە ئێرانن بیانگرێتەبەر.
جەختی لەوەش کردەوە، بەرنامەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ئێران وەک خۆی جێگیرە و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە وتیشی: تەنانەت دوای رادەستکردنی پۆستەکەشی ئەمریکا هەر لەسەر بەرنامەکانی خۆی بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، مەترسییەکانی ئێران بووە هاندەری ئەوەی ئیمارات و بەحرەین پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە و لە داهاتووشدا زۆر وڵاتی دیکەی عەرەبی هەمان هەنگاو دەنێن.
ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل درکیان بەوە کردووە رووبەڕووی مەترسی هاوبەش دەبنەوە لەلایەن ئێرانەوە، هەموو ئەو وڵاتانەی هیوا بە دۆخێکی باشتر دەخوازن بۆ هاوڵاتیانیان دان بە ئیسرائیلدا دەنێن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق کەمتر بکاتەوە ئەمەش مەترسییەکانی زیاتربوونی نفوزی ئێرانی لە ناوچەکە هێنایەئاراوە.