پۆڵەتیك پرێس:
عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە میانی گفتوگۆیەكی تایبەتی لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس، باس لەمردنی فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دەكات و دەڵێت: د.فرسەت سۆفی زۆر لەم دۆخە دەترسا.
عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هەر لەگفتوگۆكەی پۆڵەتیك پرێس باس لەوەكات ئەو دەنگۆیانەی لەسەر مردنەكەی فرسەت سۆفی دەكرێت دوورە لە ڕاستییەوە و تەنیا دەنگۆی میدیاكانە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەشڵێت: فرسەت سۆفی بە نامە لە گروپ ئاگاداری كردوینەتەوە، كە هەر كەسێك لێی نزیك بووە پشكنین ئەنجامبدات، ئەوەش دوای ئەوەی بۆی دەركەوتووە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە.
پۆڵەتیك: لەكاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا فرسەت سۆفی چۆن كارەكانی وەك پارێزگارێك تێدەپەڕاند؟
عەلی ڕەشید: یەكێك بوو لەو پارێزگارە یاساناسانەی بە شێوازێكی فەرمی زیاتر لە 5 جار هاتووەتە ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەن پلان و بەرنامەكانی خۆیی ڕوونكردووەتەوە و پێشكەشی كردووە، بەداخەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا وایكرد، كە هەمووان بە تایبەت حكومەت بكەوێتە دۆخێكی نەخوازراو، هەم نەبوونی موچە و هەم كۆرۆنا وایكرد دكتۆر فرسەت سۆفی شەو ڕۆژ بكەوێتە كاركردن، زۆر بەشەفافانە كارەكانی دەكرد، بەڵام بە داخەوە تەمەن ڕێگەی نەدا خەونەكانی بە جێهێشت
پۆڵەتیك پرێس: دەنگۆی ئەوە هەیە ئومێد خۆشناو یاخود هێمن قادر ببێتە پارێزگار؟
عەلی رەشید: جارێ زۆر زووە باس لە جێگرەوەی دكتۆر فرسەت بكرێت، چونكە ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژی مردنێتی، هێمن بە وەكالەت كارەكانی ڕادەپەڕێنێت و هیچ گرفتی یاسایی تێدا نییە، چونكە بە پێی یاسا وەزیری ناوخۆ سەرجەم دەسەڵاتەكانی پارێزگاری داوەتە جێگرەكەی، لە ئێستا هیچ هەواڵێكی لەو جۆرە نییە لە ئەنجوومەن ئەوەی، كە هەیە تەنیا دەنگۆی میدیاكانە، هیچ شتێكی فەرمی نییە كێ ببێتە جێگرەوەی فرسەت سۆفی.
پۆڵەتیك پرێس: گومان لەسەر مردنەكەی د. فرسەت سۆفی هەیە، وەك ئەنجوومەن بە دواداچوونتان بۆ گومانەكان كردووە؟
عەلی رەشید: من و دكتۆر پێكەوە لە كۆبوونەوەی ژووری ئۆپراسیۆنەكان بووین 19 ی مانگی 10، لە كاتژمێر 12 تاوەکو 2 ی پاشنیوەڕۆ، كۆبوونەوەكە بەسەر پەرشتی خۆیی بوو سەرجەم بەڕێوبەرەكان لەوێ بوون، پاش تەواو بوونی كۆبونەوەكە، وتی: من دەبێت بە پەلە بڕۆم، دوای نزیكەی 4 كاتژمێر، دكتۆر فرسەت سۆفی نامەیەكی نارد بۆ گروپی وەتس ئەپ، وتی: من تووشی كۆرۆنا بووم و داوایكرد ئەو كەسانەی لەنزیكی بوون پشكنینی كۆرۆنا بكەن، ترسی ئەوەی هەبوو ئێمەش هەڵگری ڤایرۆسەكە بوو بین، بۆیە پێویستە خەڵك بڕوا نەكات بە ئەو جۆرە میدیایانەو ئەو جۆرە دەنگۆیانە.
پۆڵەتیك پرێس: چارەنووسی محەمەد چی بەسەر دێت، كە پارێزگار وەك كوڕی خۆیی ناوی دەبرد؟
عەلی رەشید: ئەو كۆرە لە پارێزگار دەوام دەكات، وەزیفەیەكی فەرمی بۆ كراوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بژێوی ژیانی خۆیی بەڕێبكات، بەدڵنیاییەوە لە دوای مردنی دكتۆر فرسەتیش محەمەد لە پارێزگا بەردەوام دەبێت و كاری خۆیی دەكات، ئەمە یەكێك بوو لە كارە باشەكانی.
پۆڵەتیك پرێس:: فرسەت سۆفی لەم دۆخەی کۆرۆنا دەترسا؟
عەلی ڕەشید: دكتۆر كاری زۆرباشی كرد لەماوەی ڕابردوودا، گیانی خۆیی كرد بە قوربانی هاووڵاتیان، چونكە زۆر خەمی هاووڵاتیانی بوو لەم ڤایرۆسە، هەموو جارێك ئاماژەی بەوە دەكرد دەیوت: دەترسم دۆخەكە لە دەستمان دەربچێت نە توانین كۆنترۆڵی بكەین، لە كاتێكدا زۆرترین كاتی لە بەڕێوبردنی پارێزگا سەرفكرد، تەنانەت منداڵەكانی خۆشی نەدەبینی.
پۆڵەتیك پرێس: دوا پەیامت چییە؟
عەلی رەشید: داوادەكەم لە رێگەی سایتەكەتانەوە، كە هاووڵاتیان پابەندی رێنماییەكان بنو خۆیان بپارێزن، چونكە بە راستی ئەم ڤایرۆسە زۆر مەترسیدارە و با چیتر ئازیزانمان لە دەست نەدەین.