پۆڵەتیك پرێس
نزیكەی مانگێكە پاشكۆی تایبەت بەبازنەكانی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقدا پەسەندكراوە و یاساكەش لە وەقائعی عێراقیدا بڵاوكراوەتەوە، بەڵام هێشتا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هیچ بڕیار و راسپاردەیەكی تایبەتی بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختەی عێراق دەرنەكردووە.
لەو بارەوە ئامانج عەزیز بەرپرسی لقی سلێمانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ئەوەی تا ئێستا هەیە تەنیا كردنەوەی ناوەندەكانی تۆماری دەنگدەرانە و هیچ بڕیار و راسپاردەیەكی نوێی تایبەت بە هەڵبژاردنی حوزەیرانی 2021 مان پێنەگەشتووە.
ئامانج عەزیز وتیشی: سەرجەم رۆژەكانی هەفتە واتە هەینی و شەممانیش دەوامی فەرمیمان هەیە و سەرجەم ناوەندەكانی تۆماری دەنگدەران كراونەتەوە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان لەلایەن هاووڵاتییانەوە.
باسی لەوەشكرد لەدایكبووانی ساڵانی 2001 و 2002 و 2003 دەتوانن كارتی بایۆمەتری دەنگدان دەربكەن و تەنیا رێكارەكان بۆ ئەو كارانە گیراونەتە بەر.
لە 24/12/2019 پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی پەسەندكرد، بەڵام یاساكە پاشكۆیەكی مابوو، كە تایبەت بوو بە دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی پارێزگاكان، رۆژی 24/10/2020 پەرلەمانی عێراق دەنگیدا لەسەر پاشكۆی بازنەكانی هەڵبژاردن لە 16 پارێزگای عێراق، چەند رۆژێك دواتریش دەنگیدا لەسەر بازنەكانی نەینەوا و كەركوك.
بڕیارە رۆژی 6ی حوزەیرانی 2021 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەبچێت و هەڵبژاردنەكەش هەڵبژاردنی پێشوەختەیەو سەرۆك وەزیران بڕی ئەنجامدانی دەركردووە.