ئاوارەكانی عێراق لەسلێمانی نایانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەكانیان

پۆڵەتیك پرێس:
ئەو ئاوارانەی لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا ماونەتەوە بەشی هەرە زۆریان بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەكانیان لەڕووی ئەمنییەوە ناگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.

لەو بارەوە چیا حسێن بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: رۆژانە لەنێوان هەشت بۆ 10 خێزان ناوی خۆیان تۆماردەكەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، خەڵكی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ماوەكانی رابردوودا لە پارێزگای سەڵاحەدین 10 كەس كوژران‌ و پێش چەند رۆژێكیش لەناوچەی یەسریب كێشەیەك روویدا ئەو دوو رووداوە كاریگەری هەبووە لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەی رابردوو حكومەتی عێراق بڕیاریدا دەرگای كەمپەكان بەڕووی ئاوارەكاندا دابخات‌ و بیانگێڕێتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.

لەبارەی ئامادەكارییەكانی نووسینگەكەیان بۆ پێدانی نەوت بەئاوارەكان چیا حسێن وتی: لەسەر دابەشكردنی نەوت بۆ كەمپەكان نووسراوێكمان ئاراستەی پارێزگای سلێمانی كردووە و ئاگادارمان كردووەتەوە بەشە نەوتی ئاوارەكان ئامادەیە، ماوەتەوە سەر ئەوەی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ كۆمپانیایەك بۆ گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتە رێكبكەوێت، چونكە بەرپرسیاری دابەشكردنەكەی لە ئەستۆی پارێزگای سلێمانیدایە.

ئەوەشی خستە ڕوو، لەماوەی هەفتەیەك تا 10 رۆژی دیكە نەوتەكە بەسەر ئاوارەكاندا دابەشدەكرێت و بۆ هەر خێزانێك بڕی دووسەد لیتری لەدووكاتی جیادا بە بێبەرامبەر پێدەدرێت.

لە سنوری پارێزگای سلێمانی چوار كەمپی ئاوارەكان هەیە، دوو كەمپیان لە ناحیەی عەربەتن، دوو كەمپی دیكەشیان لە ناوچەی تازەدێ و قۆرەتوون و بە هەر چوار كەمپەكەوە نزیكەی 3000 خێزانی ئاوارەیان تێدایە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا