پارتی دژی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا دەوەستێتەوە

پۆڵەتیك پرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان دژی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە بۆ سەر حكومەتی عێراق‌و پەرلەمانتارێكی ئەو حیزبەش دەڵێت: ئەو هەوڵە سەرناگرێت.

چەند رۆژێكە ژمارەیەك پەرلەمانتار، دەستیان بەچەند هەوڵێك كردووە، بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بدرێت.

لەو بارەوە دانا شەهید جەزا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی پارتی دیموكرات بۆ پۆڵەتیك وتی: ئێمە هیچ شەرم ناكەین لەوەی ئەو ئەركەی لەسەر شانمانە بۆ خزمەتكردنی خەڵكەكەمان بیكەین، بە تایبەت وەك پەرلەمانتار، بەڵام ڕێگاكە (یاسایی و دەستوری) بێت، بۆ ئەوەی بگەینە ئەو ئاساتەی سودی بۆ خەڵكەكە هەبێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی: ئێمە ئەو بڕِیارە سیاسییانەی عێراق دەبینین بە داخەوە، كە دەیسەپێنێت بەسەر هەرێم، وێڕای تێبینی لەسەر هەندێك بڕیار و ئیدارە لەهەرێمی كوردستان و لە حكومەتدا، كە جێگەی گلەییە بەڵام، دواتر فشارە، كە دەخرێتە سەر هەرێم بە هۆی ئەو دۆخە سیاسییەوەیە، كە لە عێراق دروستبووە، شكستی ئەو لایەنە شیعانە، كە دەیانەوێت خۆیانی پێت ڕزگار بكەن.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كرد، كە ئەگەر حكومەتی عێراق بەگوێرەی لیستی حكومەتی هەرێم موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات، كە ژمارەیان زیاتر لە (753 هەزار) فەرمانبەرە، ئەوا مانگانە زیاتر لە (700 ملیار) دینار خەرجی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەسەر خەرجییەكانی حكومەتی ناوەند زیاد دەكات، ئێستا حكومەتی بەغدا مانگانە (320 ملیار) دینار بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، بەڵام ئەگەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگرێتەئەستۆ، دەبێت مانگانە (380 ملیار) دیناری تر بۆ خەرجی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم زیاد بكات، بۆیە ئەم پرۆژەیە سەركەوتوو نابێت.

ئەم هەوڵە نوێیەی كە بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر حكومەتی عێراق دەستی پێكردووە، بەپێی قسەی پەرلەمانتاران، زیاتر لە (110) پەرلەمانتاری عێراق ئیمزایان لەسەر كردووەو ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كراوە.

رێبوار كەریم خاوەنی پرۆژەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر بەغدا بۆ پۆڵەتیك وتی: سەرباری ئیمزای پەرلەمانتاران، ئیمزای زیاتر لە (150 هەزار) فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیان لەبەردەستدایە، كە پاڵپشتی ئەوە دەكەن موچەكانیان بخرێتە سەر حكومەتی عێراق‌و زۆرینەی ئەوانەی ئیمزاكانیان كردووە فەرمانبەرانی سنوروی پارێزگای هەولێرو دهۆكن.

لەبەرانبەر ئەوەدا دانا جەزا دەڵێت: كێشەی ئێستای ئێمە دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانە، بەڕێگا یاساییەكەی، كە پێویستە عێراق پشكی هەرێمی كوردستان بدات، بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم بتوانێت موچە بدات، پەیوەستكردنی موچەی فەرمانبەران بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق ڕاستەوخۆ موچە بدات، بەڵام ئەمە بابەتێكە لەگەڵ دەستووردا ناگونجێت، بۆیە مەسەلەكە ئەوەنییە، كە ئێمە دژین، بەڵكو تەنیا ئەوەیە نە دەستوورییە نە یاسایی.

هەروەها وتی: چەند واژوو كۆبكرێتەوە هەموو پەرلەمانیش واژووبكات توانای بڕگەیەكی دەستووری نییە، چونكە پەرلەمانیش بە پێی دەستوور نییە، بۆیە ئەم پرۆژەیە سەركەوتوو نابێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا