گۆڕان داوای كۆبوونەوەی لوتكەی لانەكانی هەرێم دەكات

پۆڵەتیك پرێس:
وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بەپێویستی دەزانێت بەهۆی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی لووتكە لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم ئەنجامبدرێت‌و رایگەیاند، گرنگە پەرلەمانی كوردستان یان سەرۆكی هەرێم بۆ بەستنی ئەو كۆبوونەوەیە دەستپێخەرییەك رابگەیەنێت.

عەدنان عوسمان وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند، جگە لە كۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە نێوان ئەو سێ لایەنەی بەشدارن لە حكومەت كۆبوونەوەی پێنج قۆڵیش لەنێوان حیزبەكانی بەشدار لەحكومەت و ئۆپۆزیسیۆن گرنگە، بەگشتی گرنگە لایەنەكانی دیكەش بەشداری كۆبوونەوەیەكی لەوشێوەیە بكەن، پێویستە سەرەتا كۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدرێت‌و دواتر پێنج قۆڵی و دواتر فراوانتر بكرێت.

وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوەش كرد، چەندین جار داوای كۆبوونەوەی لەو شێوەیەیان كردووە، بەڵام ئەم داوایە زیاتر لەرێگەی میدیاوە بووە نەك بەشێوەیەكی فەرمی ئاراستەی حیزب و لایەنە سیاسییەكان بكرێت.

هەروەها جەختی كردەوە، كە گرنگە پەرلەمانی كوردستان یان سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەسپێشخەرییەك رابگەیەنێت بۆبەستنی كۆبوونەوەی لوتكە لەنێوان حزب و لایەنە سیاسییەكاندا.

عەدنان عوسمان باسی لەوەشكرد، پێویستە پێش وەخت لیژنەیەك بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی لەو شێوەیە پێكبهێنرێت‌و كارنامەی كۆبوونەوەكە ئامادەبكرێت بۆئەوەی لەكۆبوونەوەیەكی لەو شێوەیەدا پەسەندبكرێن.

ئەم داواكارییەی وتەبێژی گۆڕان لەكاتێكدایە، كە ئێستا دۆخی سیاسی‌و ئابووری هەرێمی كوردستان خراپەو پێشتریش چەند جارێك داواكراوە بۆ چارەسەری كێشەكان كۆبوونەوەی لایەنەكان ئەنجامبدرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا