2 ساڵی تر لە ئەمڕۆدا مۆندیالی قەتەڕە

پۆڵەتیك: سپۆڕت

 یاریگاكانی جامی جیهانی قەتەڕ

دەوڵەتی قەتەڕی عەرەبی كە لە ئێستادا بە یەكێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی كیشوەری ئاسیا و تەنانەت جیهانیش ناوزەند دەكرێت شەرەفی میوانداری كردنی مۆندیالی 2022 ی پێ بەخشرا لە پاش وڵاتی ڕوسیا كە بووە ڕێكخەری مۆندیالی 2018 كە تیایدا كەڵەشێرە شینەكانی فەڕەنسا توانیان بۆ جاری دووەم لە مێژوویان نازناوەكە بە دەست بهێنن.

دەوڵەتی قەتەڕی عەرەبی لە ئێستادا تەواوی ئامادەكارییەكانی بۆ میوانداری مۆندیال بە كۆتا هێناوە بۆ ئەو مەبەستەش 8 یاریگای پێشكەش بە فیفا كردووە كە سەرجەمیان ئامادەن و تەواوی ئامادەكارییەكانیشیان بۆ میوانداری كردنی یارییەكانی مۆندیال كۆتاییی هاتووە.

 

قەتەڕ كە ڕووبەڕووێكی بچكۆلەی هەیە لە سەر 11.521 كیلۆ مەتر دووجایە, ژمارەی دانیشتوانی تا ساڵی 2013 تەنها 300 هەزار بووە, بەڵام لە ئێستادا بە هۆی پێشوازی كردن لە دەستی كار لە وڵاتانی ترەوە ژمارەی دانیشتوانی میلیۆنێك و 100 هەزاری تێپەڕاندووە و پایتەختەكەی دوحەیە یەكێكە لە وڵاتەكانی ناوچەی خۆرئاوای كێشوەری ئاسیا و بە یەكێك لە وڵاتانەكانی كەنداو ناوی دەركردووە.

 

لێرەدا باس لە 8 یاریگاكەی مۆندیال دەكەین:

1/ یاریگای (ڕائس ئەبو عەبود) یاریگایەكی ناوازەیە ئەندازیاری ئیسپانی (فینویك ئیریبارن ئەركیتكتس) بنیادی ناوە یەكەم یاریگایە لە مێژوودا لە جۆرە كەرەستەیەك دروست كراوە كە سەرجەمیان بۆ كاری تر دەشێن كاتێك پاش مۆندیال بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەدرێت.
یاریگاكە گۆشەی بینینێكی جوان و ناوازەی هەیە كە بینەران و هەڵبژاردەكان چێژێكی تایبەت دەبینن لە ئامادە بوونیان تیایدا بۆ بینینی یارییەكان.
لیژنەی ڕێكخەری مۆندیال ئەوەی بڵاو كردەوە كە یاریگاكە بە تەواوەتی هەڵدەوەشێنرێتەوە پاش مۆندیال تا سوود لەو كەرەستانە ببینرێت كە پێی دروست كراوە و سوود لەو شوێنەش ببینرێت كە یاریگاكەی لە سەر بنیاد نراوە لە ئێستادا كە 450 هەزار مەتر چوار گۆشەیە.

2/ یاریگای بەیت
ئەم یاریگایە دەكەوێتە شاری خورەوە 90 هەزار هاندەر لە خۆ دەگرێت بە دووەم گەورەترین یاریگاكانی مۆندیالی 2022 ناوزەند كراوە ژمارەیەكی زۆر لە یاری كۆمەڵەكان لە خۆدەگرێت و چەند یارییەكی قۆناغە یەكلاكەرەوەكانیش هەروەك ئەم یاریگایە دوو یاریگای بچوكیشی لەگەڵدا دروست كراوە بۆ مەشق و ڕاهێنان هەروەك دوو بەرزە پردیشی بۆ دروست كراوە یەكەمیان بە VIP و دووەمیشیان بۆ هەموو خەڵك هاوكات چەند تونێلێكی تایبەت كە چەند دیمەنێكی ناوازە نماییش دەكات تا هاندەران چێژی لێ‌ وەربگرن كاتێك بەرەو یاریگاكە دەڕۆن.
بنیادنەرانی یاریگاكە شێوازی هونەری بیناسازی یاریگاكەیان لە “بیت الشعر العربی” وەرگرتووە كە ڕووی ڕۆشنفیكری ڕاستەقینەی قەتەڕ گوزارشت لێ‌ دەكات.
بە پێی ئەوەی بڵاو كراوەتەوە لە سەر ئەم یاریگایە پاش تەواو بوونی مۆندیال ژمارەی كورسییەكان كەم دەكرێتەوە بۆ 32 هەزار كورسی هەروەك بەشێكی تریشی تەرخان دەكرێت بۆ دروست كردنی میوانخانەی سەردەمیانە كە لەگەڵ شێوازی ناوچەكە بگونجێت پاش جامی جیهانی 2022.

3/ یاریگای یانەی ڕەیان
یاریگای ڕەیان خۆی بوونی هەبوو بەو پێیەی یاریگای یەكێك لە یانەكانی بەشدار لە خولی ئەستێرەكانی خولی قەتەڕی یە كە ئەویش یانەی ڕەیانە, بەڵام بۆ مۆندیال ئامادەكاری باشتری بۆ كرا و بڕیاری زیاد كردنی ژمارەی كورسییەكانی درا.

یاریگای ڕەیان لە شاری دۆحەی پایتەختی دەوڵەتی قەتەڕە و ئامادە كراوە بۆ مۆندیال ڕووكاری دەرەوەی لە شێوەی شاشەیەكی تەلەفزیۆنی دایە كە دیمەنی یاری یاریگاكانی تر نماییش دەكات و چەندان ڕیكلام و ڤیدیۆی تایبەتی لێوە نماییش دەكرێت.
لە كاتی بەڕێوەچوونی یارییەكانی جامی جیهانی دا ژمارەی كورسییەكانی بەرز دەكرێتەوە بۆ 44.740 كورسی لەو ژمارەیە 21.282 كورسی خۆی جێگیرە كە بۆ هاندەرانی یانەی ڕەیان دروست كراوە لە ڕابردوودا 23.458 كورسی تری بۆ زیاد دەكرێت بۆ كاتی مۆندیال هەروەك سەقفێكی تایبەت بۆ یاریگاكە دروست كراوە لە كاتی مۆندیال دا تەواوی كورسییەكانی نێو یاریگاكە دادەپۆشێت.
هاندەرانی تۆپی پێ‌ دەتوانن لە ڕێگەی ئۆتۆمۆبێلی تایبەتی خۆیان یاخود لە ڕێی شەمەندۆفێری تایبەتەوە بگەنە یاریگاكە.

4/ یاریگای وەكرە
یاریگایەكی تری قەشەنگی مۆندیالی 2022 ی قەتەڕ یاریگای یانەی وەكرەیە كە خۆی پێشتر بوونی هەبووە و تایبەت بووە بە یانەی وەكرەی بەشداری لە خولی نایابی ئەستێرەكانی قەتەڕدا بۆ جامی جیهانی نوێكاری و چاكسازی تیادا ئەنجامدراوە تاكو بە جوانترین ڕووكار و ناوازەترین شێوازەوە بە دەربكەوێت.
یاریگاكە گوزارشتە لە شێوازی ژیانی خەڵكی ناوچەكە كە بەردەوام بە كەشتییە چارۆكەدارەكانیان لە دەریادان و یاریگاكەش هەر بەو هونەری بیناسازییە ڕازێندراوەتەوە و 40.000 هاندەر لە خۆ دەگرێت.
یاریگاكە تەنها بۆ كاتی یارییەكان جێگەی سەرنجی گەشتیاران نابێت بەڵكو پێش یارییەكان و دواتریش پاش تەواو بوونی یارییەكان ماركێتێكی گەورە و بازاڕێكی ناوازە لە خۆ دەگرێت هەروەك ڕووبەرێكی فراوان و كراوەی سەر دەریای هەیە كە گەشتیاران و هاندەران دەتوانن كاتەكانی خۆیانی تیادا بە سەربەرن.

ئەم یاریگایە چەندان یاری لە كۆمەڵەكان لە خۆدەگرێت هەروەك یارییەكانی چارەكی كۆتاییش میوانداری دەكات.

5/ یاریگای سەمامە
ئەم یاریگایەش بە وێنەی یاریگاكانی تر پانتاییەكی فیكری و ڕۆشنبیری و مێژوویی قەتەڕی و تەنانەت عەرەبیشی هەیە كە ژمارەی كورسییەكانی 40.000 كورسییە یاری كۆمەڵەكان لە خۆ دەگرێت تەنانەت تا یارییەكانی چارەكی كۆتاییش هەر لەم یاریگایەدا ئەنجام دەدرێن.
یاریگاكە 12 كیلۆ مەتر لە باشوری دۆحەی پایتەختەوە دوورە لە ناوچەی سەمامە كە چەندان بینا و باڵەخانەی بەرز و شووشەیی لە خۆدەگرێت.
شێوازی دروست كردنی یاریگاكە لە جۆرە كڵاوێكی عەرەبییەوە وەرگیراوە كە لە قەتەڕ و تەواوی وڵاتانی عەرەبی دا بوونی هەیە و ناوی (قەحفیە).
پاش تەواو بوونی یارییەكانی مۆندیالی 2022 بەشێك لە یاریگاكە هەڵدەوەشێندرێتەوە و بەشێكی تری دەكرێتە میوانخانەی سەردەمیانە و بەشێكی تریشی دەكرێتە نەخۆشخانەیەكی جیهانی هەروەك زیاتر لە 20.000 كورسی نێو یاریگاكە دەبەخشرێتە ئەو وڵاتانەی كە هەژارن و توانای مادییان كەمە.

6/ یاریگای شاری فێركاری
ئەم یاریگایە دەكەوێتە شاری فێركاری قەتەڕییەوە كە ناوچەكە تەواوی بە تاقیگەكان و ناوچە ئەكادیمی و زانستییەكان دەورە دراوە چەندان و چەندان دیمەنی زانستی و هونەری و ئەندازیاری بە پیشەگەری تیادایە خەڵكانی زانستكار و ئەكادیمی لە تەواوی جیهانەوە لەو ناوچەیەی قەتەڕ بوونیان هەیە و بەردەوامن لە كاری زانستی خزمەت كردن بە جیهانی پێشكەوتووز
سەردانیكەرانی ئەو یاریگایە دەتوانن هەست بە بوونی زانست و فێركاری و پێشكەوتنی تەكنەلۆجی و داهاتووی زانست بكەن.
ژمارەی كورسییەكانی یاریگاكە 40.000 و چەند یارییەكی كۆمەڵەكان و دواتریش یارییەك لە قۆناغی چارەكی كۆتایی لە خۆدەگرێت پاش تەواو بوونی مۆندیالیش 20.000 هەزار كورسی لە یاریگاكە دەبەخشرێتە وڵاتە هەژارەكان.
بە هۆی ناوچەكەوە كە خۆی لە ناوچەیەكی زانستی و تەكنەلۆجی و فیكری دا دەبینێتەوە سەردانیكەران دەتوانن لە دونیای زانست و تەكنەلۆجیا و پێشكەوتن لە وڵاتی قەتەڕ تێبگەن و بەركەوتنیان هەبێت لەگەڵی.


7/ یاریگای خەلیفە
یاریگای خەلیفە یەكێكە لە مەزنترین ئەو یاریگایانەی لە ساڵی 1976 وە لە ئاسیادا بونیاد نراوە لە ناوچەی ڕەیان.
ئەو یاریگایە مێژوویەكی زێڕین و ناوازەی هەیە لە دەوڵەتی قەتەڕدا كە ژمارەی كورسییەكانی 40.000 دەبێت و شایەتحاڵی چەندان و چەندان داستانی تۆپی پێ و وەرزشی گەورەیە جامی ئاسیا جامی كەنداو جامی ئاسیا بۆ تۆپی پێ‌ خولی ئۆڵۆمپیادی ئاسیاوی هەموو ئەو پاڵەوانێتی و خولانە وایان كردووە ناوی ستادی خەلیفە یەكێك بێت لە ناوە زێڕینەكان لە مێژووی ناوچەكە و دەوڵەتی قەتەڕیش دا.
بە پێی شوێنی جوگرافی یاریگاكە كە دەكەوێتە ناوەندی تەواوی یاریگاكانەوە ئەوا ڕۆڵی سەرەكی سەرخستنی پاڵەوانێتییەكە لە ڕووی ئامادەسازییەوە دەگەڕێتەوە بۆ یاریگای خەلیفە بەمەش هەم هاندەران و هەم هەڵبژاردەكان چێژێكی ناوازە و بێ وێنە لە یارییەكان دەبینن كاتێك لە سەر یاریگای خەلیفە بەڕێوە دەچێت.
لە ئێستادا یاریگاكە گۆڕانكاری زۆری تیادا كراوە دوو ستون لەمسەر بۆ ئەوسەری یاریگاكە درێژ كراونەتەوە كە ئاماژەیە بۆ بەردەوامی و ئامێز گرتنەوە بۆ هاندەران لە تەواوی دونیادا هەروەك یاریگاكە بە تەواوەتی پارێزراوە لە تیشكی خۆر بە هۆی چەتری تایبەتەوە هەروەك سیستەمی سارد كردنەوەی یاریگاكە ناوازەترینە لە سەر ئاستی ناوچەی كەنداو.


8/ یاریگای لۆسێل
یاریگای مۆندیال سەرەتا و كۆتایی جامی جیهانی 15 كیلۆ مەتر لە باكوری دۆحەوەیە كە ڕەمزە بۆ قەتەڕ لە سەدەی بیست و یەكدا.
شاری لۆسێل بە یەكێك لە شارە گەورەكانی قەتەڕ هەژمار دەكرێت كە 200.000 دانیشتوو لە خۆدەگرێت و بە شارێكی سەردەمیانەی پێشكەوتوو لە سەر ئاستی ناوچەی كەنداو تۆمار كراوە كە تیایدا هەموو سیماتێكی پێشكەوتن هەست پێ‌ دەكرێت و بازرگانییەكی گەورە تیایدا بەڕێوە دەچێت كە باوەڕ پێ‌ نەكراوە هەر بۆیە بڕیاری میوانداری كردنی یاری دەستپێكی مۆندیال و ئەنجامدانی یاری كۆتاییش هەر لەو یاریگایەدا درا, هەروەك هاندەران بە ئاسانی و بە بێ‌ كێشە دەتوانن بگەنە یاریگاكە لە تەواوی دەوڵەتی قەتەڕەوە هەروەك یاریگاكە بە هاوڕێی سروشتیش تۆمار كراوە.
جێی ئاماژە بۆ كردنە تەواوی یاریگاكانی مۆندیالی 2022 ی دەوڵەتی قەتەڕی عەرەبی بە سیستەمی فێنككەرەوە پەرەی پێ‌ دراوە تا پلەی گەرمای زۆر داببەزێنن بۆ 20 پلەوە.

 

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا