عێراقییەكان باجی ناكۆكی پێكهاتە سیاسییەكان دەدەن

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
هێشتا بەشێك لە شارەكانی عێراق بەهۆی زیاتر لە ١٠ دۆسیەی مرۆییەوە بەرەو خنكان دەچن و چاوەڕێن ئەو فراكسیۆنانەی نوێنەرایەتیان دەكەن كێشەكانیان لەپەرلەمان بجوڵێنن و بۆیان چارەسەر بكەن.

بەڵام بەپێچەوانەوە، ناكۆكییە سیاسییەكان كێشەكانی ئەو شارانەی قووڵتر كردووەتەوە بەتایبەت لەئێستادا، دروستبوونی پێكهاتەی عەرەبی سوننە، كە لەلایەن هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان و بەرەی عێراقییەوە ركابەری دەكرێن وایكردووە هێزە سیاسییەكان ئەوەندەی سەرقاڵی كێشەی خۆیانن سەرقاڵی كێشەی هاووڵاتیان نەبن.

لە راپۆرتێكی عەرەبی جەدیددا هاتووە، لەدوای ئەوەی هەفتەی رابردوو، دەستكرا بە كۆكردنەوەی واژووی لەكار لابردنی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، حەلبوسی دەستیكرد بەكردنەوەی پەڕاوی خولەكانی پێشووی پەرلەمان و هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی گەندەڵی دژی فراكسیۆنەكانی دیكە، لەلایەكی دیكەوە، فراكسیۆنە دژەكان لەگەڵ پێكهاتە كورد و شیعەكان كۆبوونەوە بەمەبەستی بەدەستهێنانی پاڵپشتیان.

لەم نێوەندەدا، پشتگوێخستنی دۆسییەی رفێنراوان و ونبووان، قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی تیرۆر و هەڵە سەربازییەكان، دۆسییەی ئاوارە و پەنابەران، ئاوەدانكردنەوەی خوێندنگا و نەخۆشخانە وێرانبووەكان، داواكاری كردنەدەرەوەی كۆمەڵە چەكدارەكان لە شارە جیاجیاكان و بەجێهێشتنی دۆسیەی ئەمنی بۆ هێزە رێكخراوەكان بووەهۆی بێهیوابوونی هاوڵاتیان لە شارەكانی جیاجیاكانی عێراق.

مانگی رابردوو، لەدایكبوونی بەرەیەكی عێراقی لەژێر ناوی پڕۆژەی عەرەبی راگەیەنرا

مانگی رابردوو، لەدایكبوونی بەرەیەكی عێراقی لەژێر ناوی پڕۆژەی عەرەبی راگەیەنرا، كە ئەندامانی پێنج هێزی لەخۆدەگرت، ئەم بەرەیە بە سەركردایەتی خەمیس خەنجەر و بەرەی رزگاری و گەشەپێدان بە سەركردایەتی ئوسامە نوجێفی و جەماوەری نیشتمانی بە سەركردایەتی ئەحمەد عەبدوڵڵا جەبوری و حیزبی ئیسلامی عێراقی و فراكسیۆنی سەربەخۆی عێراق پێكهێنرا، ئەمەش وەك كۆتاییەكانی قۆناغی جەنگی سارد لەنێوان هێزە سیاسییە عەرەبییە سوننەكان هەژمار دەكرێت، كە شەڕ بۆ نفوز و رووبەڕوبوونەوەی راستەوخۆی حەلبوسی دەكەن.

فراكسیۆنە ركابەرەكان دەستبەرداری چەندین دۆسییە بوون بۆ هێزە كوردی و شیعەكان بەمەبەستی بەدەستهێنانی پاڵپشتییان

لەو بارەیەوە ئەحمەد شەریفی شارەزای كاروباری سیاسی عێراق رایگەیاند، فراكسیۆنە ركابەرەكان دەستبەرداری چەندین دۆسییە بوون بۆ هێزە كوردی و شیعەكان بەمەبەستی بەدەستهێنانی پاڵپشتییان، بەنموونە بەرەیەك دەیەوێت حەلبوسی لەكار دووربخرێتەوە و یەكێكی دیكە ئەمەی ناوێت، هەموو لایەنەكان لەڕێی هێزێكی سیاسی دیكەوە دەیانەوێت ئامانجیەكانیان بەدیبهێنن، وتیشی: ناكۆكی سیاسی بەتایبەت لەناو یەك پێكهاتەی عێراق راستەوخۆ كاریگەری لەسەر هاوڵاتیان دادەنێت.

لەلایەكی دیكەوە، ئەسیل نوجێفی سەركردەی بەرەی عێراقی باس لەوە دەكات، ئەوە گرنگ نییە رۆژانە داوای مافەكانی هاووڵاتیان بكرێت، بەڵكو ئەوە گرنگە ئەو داواكارییانە بە كردەیی بۆ هاوڵاتیان بەدیبهێنرێن، وتیشی: گرنگترین هۆكار بۆ هەنگاونان بەرەوی لابردنی حەلبوسی ئەوەیە كە داواكاری خەڵكی لەپێناو پۆست پشتگوێخستووە، بۆیە پێویستە هێزێكی چالاك هەبێت بتوانێت داواكاری خەڵك بەدیبهێنێت.

گرنگترین هۆكار بۆ هەنگاونان بەرەوی لابردنی حەلبوسی ئەوەیە كە داواكاری خەڵكی لەپێناو پۆست پشتگوێخستووە

باسی لەوەش كرد، گۆڕینی حەلبوسی یەكێكە لە رێگا گرنگەكانی بەدیهێنانی داواكاری كۆمەڵگای سوننی، وتیشی: دەستبەرداری ئەم داوایانەمان نابین بۆ هیچ هێزێكی سیاسی.

لەلایەكی دیكەوە، عەلی عیساوی سەركردەی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان پاڵپشتی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەكات و دەڵێت: هیچ دەستبەرداربوونێك بۆ مافەكانی هاوڵاتیان نەبووە ئەوەی هەیە تەنیا ئەوەیە تا ئەم ساتە حكومەت پابەند نەبووە بەو پەیمانانەی داویەتی، هەر ئەمەش بووەتەهۆی بێهیوابوونی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

ئاماژەی بەوەش كرد، هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان لە هەموو كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنێكدا جەخت لە بەدیهێنانی داواكاری هاووڵاتیانی شارە وێرانبووەكان دەكاتەوە و فشار دەخاتە سەر حكومەت بەدەم ئەم بابەتەوە بچێت، وتیشی: ئەو ناكۆكیەی ئێستا هەیە مانایە بۆ بوونی تێڕوانینی جیواز و ئەوەش بابەتێكی ئاساییە و لە هەموو پێكهاتەیەكدا هەیە و هەوڵەكان بەردەوامن بۆ نەهێشتنی ئەو ناكۆكییانە و یەكخستنەوەی هەڵوێستەكان.

لەم دۆخە سیاسییە ئاڵۆزەی عێراق پیایدا تێدەپەڕێت، هاووڵاتیان بێهیوا بوون و لە مشتومڕی ماف و داواكارییەكانیاندان و پێیوانوایە هێزە سیاسییەكان لەبەر كێشەی خۆیان و ململانێی دەسەڵات ئەوانیان لەبیركردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا