هەوراز محەمەد
بێ خەبەر لە دونیا، ڕێبوارانی سەرمەست بەشەقامە پیسەکانی شارا رەت دەبن و هیچ نابینن. کێشەی ئەمڕۆژانە ئەوەیە کەس تەماشای یەکتر ناکات، کەس ئەوی تر وەک خۆی نابینێت. ئینسان چاوی لێوەرگیراوەتەوە و ئامێرێکی ترە ئەرکی بینین دەبینێت. هەرکەس ئەوی تر دەبینێت، خۆی نابینێت ئەوە دەبینێت کە لەناخیا بۆی دروستکراوە بیبینێت، هەیە مرۆڤ وەک گۆشت دەبینێت، هەیە وەک پارە، هەیە وەک سەگ، هەیە وەک براندێکی مەیکئاپ ئەوی تر دەبینێت.. ئەوەی نابینرێت مرۆڤ خۆیەتی! چجا فریشتە میوانەکانی سەر زەوی!
مەگەر ئەوانەی چاویان هەیە، ئەوانەی هێشتا لەناو خۆیانا وەک مرۆڤ دەژین.. بۆ من بەشێک لە هونەرمەند و ئەدیبەکان هێشتا لەتوانایاندایە ژین و مرۆڤ ببینن، هێشتا ئەتوانن وا بکەن جارێکی تر بیربکەینەوە.
بەرهەم تەیب، هونەرمەندی شێوەکار و فۆتۆگرافەرێکی هونەریی لێهاتووە، جگە لەوەی توانستە بەرزەکەی بۆ هونەر خستۆتە خزمەتی زۆر کایەی کلتوریەوە، خۆشی مرۆڤێکی جوانە.. بەرهەم لە رێگای ئەم وێنانەوە بینینمان بانگهێشت بە بینین دەکاتەوە.