پۆڵه‌تیك پرێس
ده‌نگۆى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى سارس له‌سلێمانی ترس و دڵه‌ڕاوكێى زۆرى لاى هاوڵاتیان دروستكردووه، لێپرسراوێكی ته‌ندروستی سلێمانیش دڵنیایى له‌نه‌بونى ئه‌و ڤایرۆسه به‌هاوڵاتیان ده‌دات و ده‌ڵێت “ئه‌و ده‌نگۆیه به‌هۆى ململانێى ئیدارییه‌وه بووه”.
ڕۆژی هه‌ینى له‌چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندیه‌وه به پشتبه‌ستن به ڕاگه‌یه‌ندراوێكی ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه ئه‌وه‌بڵاوكرایه‌وه، گوایە كه‌یسی ڤایرۆسی سارس – SARS لە نەخۆشخانەی ئاسا لە شاری سلێمانی دەستنیشانکراوە، به‌ڵام دواتر بونی ئه‌و ڤایرۆسه له‌لایه‌ن وه‌زارتى ته‌ندروستى هه‌رێم و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى سلێمانىه‌وه ڕه‌تكرایه‌وه.
د. نه‌ورۆز عوسمان لێپرسراوی به‌شی كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشییه گواستراوه‌كان له‌به‌ڕێوبه‌رێتی خۆپاراستنی ته‌ندروستی سلێمانی به پۆڵه‌تیك پرێس-ى راگه‌یاند، ڤایرۆسى سارس له‌ئێستادا و به‌تایبه‌ت له‌هه‌رێم بونى نییه.
وتیشى، “هه‌ركاتێك هه‌ستمان به‌ڵاوبونه‌وه‌ى ئه‌و ڤایرۆسه كرد، به‌دواداچونى بۆده‌كه‌ین و ئاماده‌كارى بۆ رێگریكردن له بڵاوبونه‌وه‌ى ده‌كه‌ین”.
ڤایرۆسی سارس چییه؟
سارس بۆ یه‌كه‌مجار له‌ساڵی 2003 له‌چین بڵاوبوه‌وه، هه‌رچه‌نده ڤایرۆسه‌كه هیچ ڤاكسینێكی نییه، به‌ڵام له‌ساڵی 2004ه‌ه‌وه هیچ كه‌یسێكی سارس تۆمارنه‌كراوه.
سارس له‌خێزانی ڤایرۆسی كۆڤید-ه، دژی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ی مرۆڤ كارده‌كات و نیشانه‌كانی بریتین له: ئازاری ماسولکەکان، لەدەستدانی ئاره‌زوی خواردن، تا و ماندووبوون، سەرئێشە، سكچوون و له‌رز.