هۆشداری لەبارەی پلانێکی مەترسیداری عێراق دەدرێت

پۆڵەتیک پرێس

شارەزایانی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانن لە پلانێکی گەورەی عێراق بۆ لەسێدارەدانی سەرجەم ئەو زیندانییانەی بە سزای لە سێزادارەدان مەحکوم کراون.

شارەزایانی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا باس لەوە دەکەن، ئەو شەپۆلی لەسێدارەدانەی دەسەڵاتدارانی عێراق لەم دواییانە جێبەجێیان کرد پێدەچێت بەشێک بێت لە پلانێکی گەورەتری لەسێدارەدانی سەرجەم ئەو زیندانییانەی سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

ئەوەش هاتوە، رەنگە رۆژی دووشەممە، نزیکەی ٥٠ زیندانی دیکە لە عێراق کە بە کاری تیرۆر تۆمەتبارکراون لەسێدارە بدرێن.

ئەو شارەزایانە داوا لە بەغدا دەکەن، سەرجەم لە سێدارەدانە بەکۆمەڵەکان رابگرێت، ئاماژە بەوەش دەکەن، عێراق لە مانگی رابردوو ٢١ کەسی لە زیندانی ناسڕیەی ناوەندیی ناسراو بە زیندانی حوت لەسێدارەداوە.

ئەو شارەزایانە دەڵێن: نزیکەی چوار هەزار زیندانی کە زۆربەیان بە کاری تیرۆر تۆمەتبار کراون لە عێراق چاوەڕێی سزای لەسێدارەدان دەکەن.

لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری ئەشکەنجەدان و کوشتنی نادادپەروەرانە و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەتوندی داوایان لە حکومەتی عێراق کرد رێز لە پابەندبوونی یاسایی نێودەوڵەتی بگرێت و بەزوویی پلانی لەسێدارەدانەکان رابگرێت.

هەفتەی رابردوو، لەدوای لەسێدارەدانی ٢١ زیندانییەکە، لە بەیاننامەیەکدا میشێل باچلێت کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد، هەموو لەسێدارەدانەکانی دیکە رابگرن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا