پۆڵەتیك پرێس
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی قیمەی ئامادەكراو، لەكارگەكانی بەرهەمهێنانی قیمە، سبەینێش كار بە بڕیارەكە دەكرێت.
قائمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەبڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کە ئاراستەی هەرسێ پارێزگای سلێمانی، هەولێر و دهۆک کراوە و تیایدا هاتووە، لەکارگەکانی بەرهەمهێنانی قیمەی ئامادەکراو، قیمەکردن قەدەغە دەکرێت، پێویستە لە دوکانی گۆشتفرۆشەکانیشدا ئەو کاتەی کڕیار داوا دەکات قیمەی بۆ ئامادەبکرێت.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە، لە سبەینێوە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رێکاری یاسایی توند بەرامبەر بەو شوێنانە دەگرنەبەر پابەندی بڕیارەکە نابن.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەپێی رێنماییەکانی ڤێتێرنەری و تەندروستی، نابێت لە ماوەیەكی زۆردا گۆشت بكرێت بەقیمە و هەڵبگیرێت، بەڵكو دەبێت چەند خولەکێک پێش بەکارهێنان گۆشتەکە قیمە بکرێت.