پۆڵه‌تیك پرێس:
ڕۆژی شه‌ممه په‌رله‌مانی عێراق كۆده‌بێته‌وه و ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای “تاوانه ئه‌لیكترۆنییه‌كان” ده‌دات، ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیش هۆشداریی له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاساكه‌وه ده‌ده‌ن.
له‌به‌رنامه‌ی كاری كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای “تاوانه ئه‌لیكترۆنییه‌كان” ده‌درێت، كه ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌یاساكه بریتییه له سنوردانان بۆ ئه‌و “تاوانانه”ی له‌ڕێگه‌ی مۆبایل و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت گێچه‌ڵكردن به ئافره‌تان، كه له‌نێویدا سزاش بۆ هه‌ر تاوانێك دیاریكراوه.
به‌شێكی دیكه‌ی پڕۆژه‌یاساكه په‌یوه‌سته به‌و به‌ڵگه‌نامه فه‌رمییانه‌ی ده‌وڵه‌ت كه دزه‌یانپێده‌كرێت و بڵاوده‌كرێنه‌وه، ئه‌م بڕگه‌یه‌ش ڕۆژنامه‌نووسان و چالاكوانانی مه‌ده‌نی توڕه‌كردووه و پێیانوایه یاساكه سنور بۆ ئازادی داده‌نێت كه له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌ستووری عێراق ئه‌و ئازادییه‌ی فه‌راهه‌مكردووه.
یه‌كێكی دیكه له دیوه مه‌ترسیداره‌كانی پڕۆژه‌یاساكه ئه‌وه‌یه، ڕۆژنامه‌نووسان ده‌بێت ناسنامه‌ی خۆیان ئاشكرابكه‌ن، ئه‌وه‌ش وه‌ك هه‌وڵێك بۆ به‌ئامانجگرتنی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه ته‌ماشاده‌كرێت، كه نه‌یاری هێزه سیاسییه‌كانی عێراقن.
پڕۆژه‌یاساكه به‌دیاركراوی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كاته ئامانج، چالاكوانان و ڕۆژنامه‌نوسانی عێراق ده‌ڵێن، چونكه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوه‌ته سه‌كۆیه‌كی به‌هێز بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران، حزبه سیاسییه‌كان و ده‌سته‌بژێرێك كه به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ خۆپیشاندان نییه، ده‌یانه‌وێت یه‌كێك له‌زیندوترین چالاكییه‌كانی عێراق كه خۆپیشاندانه به‌ئامانجبگرن.
باسیل حسێن، چاودێری سیاسی عێراق پێیوایه چینی سیاسه‌تمه‌داران له عێراق له‌ڕێگه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌وه، ده‌یانه‌وێت خۆیان له ڕه‌خنه و لێپێچینه‌وه به دوربگرن.
ئه‌و پێشیوایه پڕۆژه‌یاساكه ئامانجی 500 كه‌سی ده‌سته‌بژێری سیاسییه له عێراق بۆ كۆنتڕۆڵكردنی 38 ملیۆن دانیشتووی عێراق.
ڕێكخراوی “سكای ڵاین”ی نێوده‌وڵه‌تی كه تایبه‌ته به تۆماركردنی پێشێلكارییه‌كان و باره‌گاكه‌ی له ستۆكهۆڵم-ی سویده، پڕۆژه‌یاساكه به‌مه‌ترسیدار ناوده‌بات و ده‌ڵێت، حكومه‌ت ده‌ستكراوه ده‌كات بۆئه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێك زانیارییه‌كانی خۆی ئاشكرانه‌كات، ئه‌وا ڕوبه‌ڕوی لێپێچینه‌وه ده‌كرێته‌وه.
ئێستا له شه‌قامی عێراقیی ڕایه‌ك دروستبووه كه ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه وڵات به‌ره‌و ده‌وڵه‌تێكی “پۆلیسی” ده‌بات، هاوكات هه‌ندێك له بڕگه‌كانی نێو پڕۆه‌ژه‌یاساكه به “بۆمبی چێندراو” بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین ناوده‌به‌ن.
پێشتر حكومه‌تی عێراق له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی ڕابردووی عێراق هه‌شت كه‌ناڵی ته‌له‌قیزیۆنیی و چوار كه‌ناڵی ڕادیۆیی له‌په‌خشكردن ڕاگرت، له‌گه‌ڵیشیدا كاركردنی چه‌ند ئاژانسێكی هه‌واڵیی هه‌ڵپه‌سارد كه گرنگترینیان ئاژانسی ڕۆیته‌رز بوو، ئێستا كه ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه له‌به‌رده‌ست په‌رله‌مانتاراندایه و بڕیاره ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، ده‌بێته چه‌كێكی به‌هێز به‌ده‌ست حكومه‌ت و لایه‌نه سیاسییه‌كانه‌وه بۆ كپكردنی ده‌نگی ناڕه‌زایی له عێراق.
یه‌كێك له بڕگه مشتومڕاوییه‌كانی نێو پڕۆژه‌یاساكه ئه‌وه‌یه، ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستگیركردن ده‌درێته هێزه ئه‌منییه‌كان به‌بێ بڕیاری دادگا، كه ئه‌وه خۆی پێچه‌وانه‌ی یاسای سزادانی عێراقییه.
ڕێكخراوی هیومان ڕاتس وۆچ شه‌ش هه‌شت مانگ به‌ر له‌ئێستا هۆشداریدایه په‌رله‌مانی عێراق كه كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای “تاوانه ئه‌لیكترۆنییه‌كان” نه‌كه‌ن، به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی ئه‌و ڕێكخراوه، پڕۆژه‌یاساكه‌ی عێراق لێدانێكی به‌هێزه له ئازادی ڕاده‌ربڕین، هاوكات ده‌كرێته ببێته یاسایه‌كی لاستیكی به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆئه‌وه‌ی چۆنی مه‌به‌ستبێت به‌كاریبهێنێت.