پۆڵه‌تیك پرێس
ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ده‌ڵێت:”كابینه‌ى نۆ به نه‌زۆكى له‌دایك بوو، ئه‌م كابینه‌یه پابه‌ند نه‌بووه به‌و به‌ڵێنانه‌ى به خه‌ڵكى داوه”.
عه‌تا سه‌راوى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى: “بڕیاره رۆژى شه‌ممه كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى ئه‌نجام بدرێت ته‌وه‌رى كۆبوونه‌وه‌كه هه‌مان ته‌وه‌رى كۆبوونه‌وه‌ى پێشوو ده‌بێت كه به‌كراوه‌یى هێشتمانه‌وه”.
وتیشی، “به‌رنامه‌ى ئه‌و كاتى كۆبوونه‌وه‌كه بریتى بوو له په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ئێمه و هێزو لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌تایبه‌تى په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ گۆڕان و پارتى، هه‌روه‌ها ئه‌مجاره په‌یوه‌ندى نێوان هه‌رێم و به‌غدا، پرسى بودجه و مووچه و قه‌یرانه‌كانى ئه‌م دواییه ده‌بێت، كاتی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ رۆژى شه‌هیدى یه‌كێتی.
ده‌رباره‌ی ئه‌دای حكومه‌ی هه‌رێم بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كانی ئێستای هه‌رێم عه‌تا سه‌راوی وتی، “كابینه‌ى نۆ به نه‌زۆكى له‌دایك بووه، پابه‌ند نه‌بووه به‌و به‌ڵێنانه‌ى به خه‌ڵكیدا له‌رووى ئابورى و دابین كردنى بودجه و مووچه و ژیانى خه‌ڵك شكستى هێناوه، ده‌بێت ئێمه بوێرى ئه‌وه‌مان هه‌بێت هه‌ر له‌ساڵى 1992 ه‌وه تا ئێستا دان به به‌رپرسیارێتى خۆماندابنێین له‌كه‌موكوڕییه‌كانمان، هه‌روه‌ها داواى لێبوردن له خه‌ڵك بكه‌ین، یان ئه‌وه‌تا ببین به هێزێكى ئۆپۆزسیۆن”.
عه‌تا سه‌راوى ره‌خنه‌ى توندى له سه‌رۆكى حكومه‌ت گرت و وتى:”پێم وایه مه‌سرور بارزانى، له‌ئاستى به‌رپرسیارێتى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم نه‌بوو، ئه‌گه‌ر له‌ئاستى ئه‌و به‌رپرسیارێتییه بووایه‌ت له‌م كاته‌دا كه ژیانى خه‌ڵك و مووچه خۆران ناله‌باره، له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم نه‌ده‌بوو”.