فشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش زیاتر دەبن

ژمارەی بینین: 51

پۆڵەتیك پرێس:

فشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلال هەدەپە زیاتر بوون، كە ماوەی چوار ساڵە لەزینداندایە.

لەدواین داواكاریدا رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ داوای ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپەی كردووەو جەختیش لەوە دەكاتەوە، دەستگیركردنەكەی نایاساییە.

هیومان ڕایتس وۆچ ڕۆژی پێنجشەممە داوای لەتوركیا كردووە دەستبەجێ ئەو سیاسەتمەدارە كوردە ئازاد بكات

هیومان ڕایتس وۆچ ڕۆژی پێنجشەممە داوای لەتوركیا كردووە دەستبەجێ ئەو سیاسەتمەدارە كوردە ئازاد بكات، ئەوەش بە گوێرەی حوكمێكی ساڵی 2018ی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا.

دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە، لە تشرینی دووەمی 2016ەوە بەتۆمەتی “پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە” دەستگیركراوەو تائێستا چەند جارێك دانیشتنی دادگایی بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی كراوە بەرێوەچووە.

دەمیرتاش لە تشرینی دووەمی 2016ەوە بەتۆمەتی “پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە” دەستگیركراوە

هەرچەندە دادگاكانی توركیا دوای حوكمی دادگای ئەوروپا بڕیاری ئازادكردنی دەمیرتاشیاندا، بەڵام لەزیندانێكی شارۆچكەی ئیدرنەی باكووری ڕۆژئاوای شاری ئیدرنە تائێستا ماوەتەوە، كە ئەو زیندانە دەكەوێتە 250 كیلۆمەتری باكووری ڕۆژئاوای ئەستەنبوڵەوە.

هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند، دەستگیركردنی دەمیرتاش و هەشت ئەندامی تری پارتی دیموكراتی گەلان، نایاساییەو دەبێت بەزوویی لەلایەن دادگای توركیاوە ئازاد بكرێن.

دەستگیركردنی دەمیرتاش و هەشت ئەندامی تری هەدەپە نایاساییەو دەبێت بەزوویی لەلایەن دادگای توركیاوە ئازاد بكرێن

ڕێكخراوەكە ڕاشیگەیاند، دەستبەسەركردنی بەردەوامی ئەو ئەندامانەی هەدەپە، سەلماندنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی توركیایە بەسەر دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەكەوە.

حكومەتی توركیا، هەدەپە تۆمەتبار دەكات بەوەی، كە پەیوەندی بەپارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەوە هەیە، كە پەكەكە دەیان ساڵە لەدژی دەسەڵاتی توركیا خەباتی چەكداری ئەنجامدەدات.

لەبەرانبەردا پارتی دیموكراتی گەلان، پارتی سیاسی یاساییە لەتوركیا رەتیدەكاتەوەو رایگەیاندووە، هیچ جۆرە پەیوەندییەكیان پەكەكەوە نییە.

لە ماوەی ساڵانی دەستبەسەركردنی دەمیرتاشدا، توركیا دوو پرۆسەی گرنگی بەخۆوە بینی، یەكێكیان بۆ ڕیفراندۆمی دەستووری ساڵی 2017 سەبارەت بە فراوانكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار، ئەوی دیكەشیان هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2018 بوو، كە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆمار تێیدا كاندیدبوو، سەڵاحەدین دەمیرتاشیش ركابەری دەكردو نزیكەی 5 ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا.

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا پێشتر بڕیاری دابوو، كە توركیا ئازادی ڕادەربڕینی لەسەڵاحەدین دەمیرتاش ‌و هاوڕێیانی قەدەغە كردووە، بۆیە دەبێت ئازادی بكات، بەڵام ئەوە رەتكرایەوە.

پێشتر سەلاحەدین دەمیرتاش سەرۆكایەتی پارتی دیموكراتی گەلان-ی دەكردو رۆڵێكی گەورەی هەبوو، وەك پارتێكی ئۆپۆزسیۆن لەتوركیا، هەر ئەوەش وای كرد دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بەتایبەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان بیر لەدەستگیركردن‌و زیندانیكردنی بكاتەوە.