گیران‌و تۆقاندن بەس نییە؟

رۆژ دوای رۆژ ئازادیی ڕا دەڕبڕین و مافی ئازادی لە كوردستان بەرتەسك دەكرێنەوە و فشاری دەسەڵات بۆ سەر رۆژنامەنوس و چالاكی مەدەنی و خوازیارانی مافەكان زێتر دەبێ.

ئەو دیاردە مەترسیدارە نەك هەر تەنیا لێرە هەستی پێ دەكرێ، بگرە گەیشتۆتە رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤ و لای دۆستەكانی هەرێمیش بۆتە جێگای پرسیار و مایەی بەدواداچوون. بۆیە ئەگەر دەسەڵات بە مەبەستی بەرگری لەخۆكردن ئەو رێكارە چەوتەی گرتۆتەبەر ئەوا لە لایەكی دی پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی دەرەوە بێهێز دەكا و لەسەر ئاستی ناوخۆییش دەبێ بزانێ هەرگیز رژێمەكان بەكپ كردنەوەی دەنگی ناڕەزای و ئازادیخوازی تا سەر لە داڕمان و هەڵوەشانەوە پارێزراو نەبوونە.

ماوەیەكە خەباتگێڕانی مەدەنی و رۆژنامەنوسانی ئازا و ئازادی وەك مامۆستا بەدەل بەرواری و شێروان شێروانی، هیمن مامەند، شەهرام نامق، هەڵۆ سامی، سەمیرە محەمەد ئەمین… گیراون یان راوەدوو دەنرێن!… تومەتیان بۆ هەڵدەبەسترێ و گیراوەكان ناڕەوا ئازاد ناكرێن!

بەردەوام بوون لەسەر ئەو رێكارانە جگە لە زیاتر ناوزڕاندنی هەرێم و دامودەزگاكانی و چاوسوركردنەوەیەكی بێ مانا هیچی تری لێ شین نابێ. پێویستە لە جیاتی پەنابردن بۆ تۆقاندن و گرتن و راوەدونان. دەسەڵاتداران رەخنە و پێشنیار و داخوازیەكانی ئەو جۆرە كەسانە لەبەر چاو بگرن، چونكە ئەوانە رۆڵەی هەرە دڵسۆزی ئەم ولاتەن و دەیانەوێ لە چوارچێوەی دیموكراسی و لە سایەی ئازادیی دەربڕین خزمەت بكەن، ئەگەر كەسێكیش بەو ناوە یاسا شكینی كردبێ با تومەت یان تاوانەكەی ئاشكرا بكرێ، نەك چاوی خەڵكی پێ بشكێنن.

ئیتر بەسە، كاتی ئەوە هاتووە (شێروان شێروانی، بەدەل بەرواری، شڤان سەعید و تەحسین یاسین و ئەیوب بەحركەی هەموو گیراوەكانی دی ) ئازاد بكرێن و حكومەت خۆی لەگەڵ دروشمەكانی ئازادی و دیمۆكراسی راست بكاتەوە.

ئارێز عەبدوڵڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا