“حكومەتی هەرێم هیچ پلانێكی روونی نییە بۆ دابینكردنی مووچە”

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی لیژنەی دارایی هەرێم رایگەیاند، حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی چاوەڕێی پارەكەی بەغدان و تا ئێستا خۆیان هیچ پلانێكی روونیان نییە بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران.

شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك باسی لەوەكرد، تا ئێستا هیچ پلانێك نییە، بۆ ئەوەی بزانرێت حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی دەتوانن موچەی فەرمانبەران دابین بكەن یاخود نا، چونكە لە ئێستادا حكومەت چاوەڕوانی پارەكەی بەغدایە.

ئاماژەی بەوەشكرد، داتا و زانیارییەكان شەفاف نین، “پێمانوایە ئەگەر كۆنتڕۆڵی كەموكورتییەكان و گەندەڵیەكان بكرێت، ئەوكات بەڵێ حكومەتی هەرێم دەتوانێت موچە دابین بكات”.

وتیشی، “بڕیاربوو لەسەر چارەنوسی موچەی فەرمانبەران كۆبونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت، بەڵام پاش ئەوەی وتەبێژی حكومەتی عێراق باسی لە ناردنی 320 ملیارەكە كرد كۆبونەوەكە نەكرا، بەڵام زانیاریشمان نییە لەوەی كەی ئەو پارەیە دێت”.

دوای پەسەندكردنی پرۆژە یاسای كورتهێنانی دارایی، حكومەتی عێراق دەستی بەدابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران كردن بەڵام تائێستا بڕیار لەسەر ناردنی 320 ملیار دینارەكەی هەرێم نەدراوە، لەئێستاشدا نازانرێت ئەگەر بەغدا پارەكە نەنێرێت ئەوا حكومەت چی پلانێكی هەیە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا