تا سەرۆكی حكومەت نەگەڕێتەوە شاندی هەرێم ناچێتە بەغدا

پۆڵەتیك پرێس

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، تاوەكو سەرۆكی حكومەت نەگەڕێتەوە، هیچ شاندێكی هەرێم ناچێتە بەغدا، دەشڵێت، “دیار نییە كەی سەرۆكی حكومەت دەگەڕێتەوە”.

سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە پۆڵەتیك پرێسی وت، “سەفەرەكەی سەرۆكی حكومەت، لەگەڵ وەزیری پلاندانان و دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بوو، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا كۆبونەوەیەكیان ئەنجامداوە، بەرنامەی كۆبونەوەكەش تایبەت بووە بە پرسی وەبەرهێنان و كشتوكاڵ”.

ئاماژەی بەوەشكرد، تا ئێستا وادەی گەڕانەوەی سەرۆكی حكومەت ڕوون نیە، بەڵام وەزیرەكانی تر گەڕاونەتەوە هەرێم، “تا ئەو كاتەی سەرۆكی حكومەت دەگەڕێتەوە هیچ وەفدێك ناچێتە بەغدا”.

رۆژی هەشتی ئەم مانگە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە سەردانێك گەیشتە ئەوروپا، بەڵام هێشتا نازانرێت ئامانجی تەواو لەو سەردانەی سەرۆكی حكومەت چییە.

ئەو سەردانەش دوای ئەوە دێت لەماوەی رابردودا پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای كورتهێنانی دارایی پەسەند كردو پشكی هەرێمیش لە یاساكەدا بە نادیاری مایەوە، لەئێستاشدا بەغدا چاوەڕێی چوونی شاندی هەرێمە تاوەكو لەسەر پرسی نەوت و ناردنی مووچەی فەرمانبەران بگەنە رێككەوتن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا