پیدری بەزمێكی دروست كرد لە ڕیاڵ

پۆڵەتیك: سپۆڕت
هەروەك چۆن لە ساڵی 2011 یانەی ڕیاڵ مەدرید ئەو كەسەی لە یانەكە دەركرد كە لە ساڵی 2000 دا لیۆنێل میسی بە شیاو بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید نەبینی بوو هەر بۆیە خۆی و باوكی ئیزن دابوو پێ‌ دەچێت لە داهاتوویەكی نزیكدا كەسێكی تر لەو یانەیە لە سەر قسەكانی پیدرۆ گۆنزاڵس ناسراو بە پیدری لە فێرگەكان و بەهرە دۆزەرەوەكانی ڕیاڵ دەربكرێت.

دوێنێ‌ سێ‌ شەممە بە دیمانەیەكی ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ دا پیدری خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی كە لە ڕیاڵ دەریان كردووە و وەریان نەگرتووە دواتر ڕووی لە بەرشەلۆنە كردووە و ئامێزیان بۆ گرتۆتەوە ئێستا ئەو خۆشحاڵە كە لە مەزنترین یانەی دونیایە و سوپاسی ئەو كەسەی كرد كە لە ڕیاڵ وەری نەگرتووە و دووری خستۆتەوە.

ئەمڕۆ خۆسێ‌ سانچێز بەڕێوبەری یانەی ڕیاڵ مەدرید و یاریدەدەری فلۆرینتینۆ پێرێزی سەرۆك تووڕە بوونی خۆی لەو بارەیەوە ڕاگەیاند و بە هەمان ڕۆژنامەی ڕاگەیاند كە ئەو لێكۆڵینەوەی چڕی دەست پێ‌ كردووە سەبارەت بە دۆزینەوەی ئەو كەسەی كە ئەو گەوهەرەی لە دەستی ڕیاڵ داوە وەك چۆن لە ڕابردوودا میسی لە دەست ڕیاڵ چوو بوو.

بەڕێوبەری یانەی شاهانە پەیوەندی تەلەفۆنی بە بەرپرسانی بەهرە دۆزەرەوە و ئەكادیمیای یانەكەوە كردووە و دوای لێ‌ كردوون سەرجەم ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی بۆ ببەن كە پیدری تیادا بە دەردەكەوێت تا بزانێت كێ‌ تاقی كردنەوەی بۆ كردووە و كێ دەری كردووە، چونكە بە بڕوای ئەو پیدری یەكێكە لە ئەستێرە ناوازەكانی داهاتووی تۆپی پێ‌.

جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەوە بكرێت كە ئەو یاریزانە سەرەتای ئەم وەرزە بە بڕی تەنها 5 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی لاس پاڵماسەوە ڕووی لە یانەی بەرشەلۆنە كرد و لە ئێستاشدا یەكێكە لەو یاریزانە ناوازانەی كە هەموان ستاییشی دەكەن و بە داهاتووی تۆپی پێی بەرشەلۆنەی دەبینن.

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا