قاعیدە.. لەهێرش بۆ سەر ئەمریكا بۆ پوكانەوە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، چەند راپۆرتێكی میدیایی باسیان لەكوژرانی ئەبو محەمەد میسڕی پیاوی دووەمی رێكخراوی قاعیدە كرد، هاوكات چەندین راپۆرتی دیكەی نافەرمی باسیان لەمردنی ئەیمەن زەواهیری سەرۆكی رێكخراوەكە كرد، لە ئێستا زۆر پرسیار و مشتومڕ لەبارەی دۆخی قاعیدەو چارەنووسی لە ئارادایە.

بەپێی زانیارییەكان، بەرپرسانی ئەمریكا هەمیشە جەخت لەوە دەكەنەوە سەرباری ئەوەی رێكخراوی قاعیدە وەك هەڕەشەیەك لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام لەڕاستیدا بەتوندی بەرەو دواوە دەچێت‌و رۆژ بەرۆژ روو لەلاوازبوون دەكات.

لەو بارەیەوە، ناسان سێڵز گەورە بەرپرسی دژەتیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، بەهۆی هەوڵەكانی ئەمریكاوە قاعیدە بەرەو رووخان دەچێت و پێموایە كۆتاییەكەی نزیكە بەتایبەت، كە لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا بەرپرس و سەركردە باڵاكانیانمان كوشتووە.

بەهۆی هەوڵەكانی ئەمریكاوە قاعیدە بەرەو رووخان دەچێت

پێشتریش بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا بۆ رۆژنامەی نیویۆرك تامزی ئەمریكایان ئاشكرا كرد، كارمەندانی ئیسرائیل بەر لەسێ مانگ لە شەقامەكانی تاران و بە دەستی چەند كەسێك، كە ماتۆڕسكیلیان پێبووە لە رۆژی ٧ی ئابدا ئەبو محەمەد میسڕی دووەم گەورە سەركردەی قاعیدەیان كوشتووە.

لەلایەكی دیكەوە، چەند راپۆرتێكی هەواڵی و لاپەڕەی چالاكوان و رۆژنامەنووسان باس لە مردنی ئەیمەن زەواهری سەرۆكی رێكخراوی قاعیدە دەكەن‌و دەڵێن: بەر لەمانگێك بەهۆی نەخۆشییەوە گیانیلەدەستداوە.

لەو بارەیەوە ریتا كاتز بەڕێوەبەری ماڵپەڕی سایت تایبەت بەهەواڵی رێكخراوە توندڕەوییەكان رایگەیاند، چەند هەواڵێكی پشتڕاستنەكراوە باس لەمردنی ئەیمەن زەواهری دەكەن، كە لەدوای كوژرانی ئوسامە بن لادن سەرۆكی قاعیدە لە ساڵی ٢٠١١ پۆستی سەرۆكایەتی رێكخراوەكەی وەرگرت، بەڵام تا ئێستا قاعیدە هەواڵی مردنی زەواهری پشتڕاست نەكردووەتەوە.

چەند هەواڵێكی پشتڕاستنەكراوە باس لەمردنی ئەیمەن زەواهری دەكەن

لایخۆیەوە، رۆبەرت ئۆبراین راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا لە توانای رێكخراوی قاعیدەی كەمكردەوە و تی: لەئێستادا قاعیدە ناتوانێت هێرشی ئاڵۆز ئاراستەی ئەمریكا بكات بەهۆی ئەو فشارانەی خستومانەتە سەریان‌و لەداهاتووشدا فشارەكان زیاتر دەكەین.

جەختی لەوەش كردەوە، لەئێستادا كەس گرنگی بەوە نادات كێ دەبێتە سەركردەی رێكخراوی قاعیدە، ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی دەیبینین جۆرێكە لەگواستنەوەی دەسەڵات لە دڵی رێكخراوەكەوە بۆ لق و پۆپەكانی.

لەلایەكی دیكەوە، ئێدمۆند فیتۆن براون رێكخەری تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ چاودێری رێكخراوەكانی دەوڵەت، قاعیدە و بزووتنەوەی تاڵیبان هۆشداریدا لەبارەی ئەوەی سەرباری پەیمانەكانی تاڵیبان بۆ رێگریكردن لە ئەنجامدانی هەر هێرشێكی نێودەوڵەتی قاعیدە لە ئەفغانستان هێشتا قاعیدە لەڕووی جیهانییەوە هەڕەشەیە، جەختی لەوەش كردەوە، قاعیدە نەخشەداڕێژراوانە لەگەڵ تاڵیبان كاردەكات و راهێنایان لەگەڵ دەكات و لە چالاكییە سەربازییەكانیاندا بەشداری دەكات.

مانگی رابردوو، براون ئاماژەی بەوەكرد، رێكخراوی قاعیدە هێشتا بە سەدان شەڕكەری لە ئەفغانستان هەیە و خاوەنی هێز و توانایە و جێی مەترسییە.

قاعیدە و تاڵیبان
بەپێی راپۆرتی ئەم دواییەی نەتەوە یەكگرتووەكان، سەركردایەتی سەرەكی رێكخراوی قاعیدە كۆمەڵێك شەڕكەر دەیكەن، كە ژمارەیەن دەگاتە ٦٠٠ كەس و لە ١٢ ناوچەی ئەفغانستان كاردەكەن، بەڵام ئەم ژمارەیە یەكناگرێتەوە لەگەڵ زانیارییەكانی بەرپرسانی ئەمریكا، كە دەڵێن: دەیان شەڕكەر لە قاعیدەدا ماون كە زیاتر گرنگی بەوە دەدەن لە ژیاندا بمێننەوە و هێزی ئەوتۆیان نەماوە.

بەشێك لە شارەزایان تاوتوێی مەترسییەكانی مانەوەی قاعیدە لە ئەفغانستان دەكەن بەتایبەت لەدوای واژووكردنی رێككەوتنی ئاشتی لەنێوان بزوتنەوەی تاڵیبان و ئەمریكا، لەوبارەیەوە براون جەختی لەوە كردەوە، ئەیمەن زەواهری پارێزگاری لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاڵیبان دەكات سەرباری ئەوەی ئەو بزوتنەوەیە پەیمانیداوە بە ئەمریكا كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ قاعیدە بپچڕێنێت.

چەند كۆمەڵەیەكی هەواڵگری دیاریكراو هەوڵ دەدەن بۆ تێكدانی ئاشتی لە ئەفغانستان

ئاماژەی بەوەشكرد، لەمیانی رێككەوتنی ئاشتیدا تاڵیبان بەشێوەیەكی رێكخراو پەیوەندی لەگەڵ قاعیدە هەبووە و ئەیمەن زەواهری هێشتا لە تاڵیبان نزیكە، بەڵام بزووتنەوەكە ئەم زانیارییانە رەتدەكەنەوە و دەڵێن: چەند كۆمەڵەیەكی هەواڵگری دیاریكراو هەوڵ دەدەن بۆ تێكدانی ئاشتی لە ئەفغانستان.

لەماوەی رابردوودا، میدیا جیانییەكان رایانگەیاند، ئەبو محەمەد میسڕی پیاوی دووەمی رێكخراوی چەكداری قاعیدە لە شەقامەكانی تاران و لە ٧ی ئابی رابردوو بەدەستی چەند ئیسرائیلییەك كوژراوە، لەلایەكی دیكەشەوە، دەنگۆی مردنی ئەیمەن زەواهری سەرۆكی رێكخراوەكە هەیە و تا ئێستا نازانرێت ئایا ماوە یاخود مردووە، بەڵام ئەوەی جێگای مشتومڕە، چارەنوسی ئەم رێكخراوەیە لەژێر رۆشنایی نەمانی سەركردە و بەرپرسە باڵاكانی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا