پۆڵەتیك پرێس
پەسەندكردنی پرۆژە یاسای كورتهێنانی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، چارەنوسی ناردنی 320 ملیار دینارەكەی هەرێمی بەنادیاری هێشتوەتەوە.
بەرەبەیانی 11ی ئەم مانگە پێداگیرییەكانی لایەنە شییعەكان و پاڵپشتییەكانی سونە بۆ تێپەڕاندنی یاسای كورتهێنانی دارایی، كۆتایی بەو مشتومڕە هێنا كە چەند مانگێك بوو لەسەر پەسەندكردنی یاساكە دروست بوو بوو، دواجار ئەندامانی پەرلەمان لە شیعەو سوونەكان بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی كورد دەنگیان بە پرۆژە یاساكەدا.
دوو كێشە بەرۆكی پرۆژە یاساكەی گرت، یەكەمیان بڕی قەرزەكە بوو، دووەمیشيان بابەتی جێگیركردنی پشكی كورد بوو
ئامانج لە پەسەندكردنی یاساكە پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە بوو كە لە بودجەدا بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق هاتبووە پێش.
هەر لە سەرەتاشەوە تا ساتی پەسەندكردنی دوو كێشە بەرۆكی پرۆژە یاساكەی گرت، یەكەمیان بڕی قەرزەكە بوو كە حكومەت تێیدا داوای كردبوو پەرلەمان رەزامەندی لەسەر 41 ترلیۆن قەرز بدات، كێشەی دووەمیش بابەتی جێگیركردنی پشكی كورد بوو.
دواجار لایەنە شیعییەكان بە پاڵپشتی سونەكان بڕی قەرزەكەیان بۆ 12 ترلیۆن كەمكردەوە، بەڵام پشكی هەرێم دیارینەكرا، هاوكات حكومەتی عێراقیان پابەند كرد بەوەی نابێت بێ رێككەوتن هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم بنێرێت.
رۆژی 15ی ئابی ئەمساڵ هەرێم و بەغدا رێككەوتن لەسەر ئەوەی مانگانە بەغدا بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەرێم بنرێت، بەڵام پەسەندكردنی پرۆژە یاسای قەرز بووەتە هۆكاری ئەوەی نەزانرێت ئایا حكومەتی عێراق دەتوانێت بێ لەبەرچاوگرتنی بڕگەو مادەكانی پرۆژە یاسای قەرز، 320 ملیاری دیكە بۆ هەرێم بنێرێت، یاخود نا.
لایەنە شیعییەكان بە پاڵپشتی سونەكان حكومەتی عێراقیان پابەند كرد بەوەی نابێت بێ رێككەوتن هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم بنێرێت
لەچەند رۆژی رابردودا ئەحمەد مەلا تەڵاڵ وتەبێژی فەرمی حكومەتی عێراق رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ناردنی پارەی هەرێم تاوەكو مووچەی فەرمانبەران دابەش بكرێت.
هاوكات بەشێك پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا كە قسەیان بۆ پۆڵەتیك پرێس كردووە، دڵنیاییاندا لەوەی ئەم مانگەش بەغدا 320 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت.
ئێستا كە ماوەی چەند رۆژێكە بەغدا دەستی بەدابەشكردنی مووچە كردووەو دەشیەوێت دوای مووچەی مانگی 10 راستەوخۆ مووچەی مانگی 11 دابەش بكات، بەڵام لێدوانێكی فەرمیان لەسەر نارنی پارەكەی هەرێم نەداوە، ئەوەش لەكاتێكدایە، مانگەكانی پێشوو لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق 320 ملیار دینارەكەی هەرێمیشیان دەنارد.
لاهور شێخ جەنگی، “بەڕێز كازمی بەڵێنیدا لەماوەی ئەم دوو هەفتەیە هەموو هەوڵێكی خۆی دەخاتەگەڕ لەپێناو ناردنی شایستە داراییەكانی موچەخۆرانی هەرێم”.
لەلایەكی دیكەوە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی فەرمانبەرانی هەرێم، لە چەند رۆژی رابردودا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی بەغدای كردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق كۆبویەوە.
لەبارەی سەردانەكەشییەوە رایگەیاند، پێویستە لەمەودوا حكومەتی هەرێم بەرپرسیارانە مامەڵە بكات و شاندێكی خاوەن بڕیار بنێرێتە بەغدا.
ئاماژەی بەوەشكرد، “بەر لەوەی گلەیی لە شیعە و سوننە بكەین، لەم سەردانەم بۆ بەغدا بۆم دەركەوت كە تیمی دانوستانی هەرێم بەرپرسیارن لەوەی نەیانتوانیووە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە نێو پرۆژە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە جێگیر بكەن لەكاتێكدا شاندی هەرێم چەندین بژاردەی باشیان لەبەردەست بووە”.
دەشڵێت، “بەڕێز كازمی سەرەڕای نیگەرانی خۆی لە تیمی دانوستانكاری هەرێم، بەڵام بەڵێنیدا لەماوەی ئەم دوو هەفتەیە هەموو هەوڵێكی خۆی دەخاتەگەڕ لەپێناو ناردنی شایستە داراییەكانی موچەخۆرانی هەرێم”.
بەشێك لە هاوڵاتیان و چاودێرانی سیاسیش داوا دەكەن بەرپرسانی حكومەتی هەرێم چیتر یاری بە چارەنوسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە نەكەن و لەمەودوا پابەندی ئەو رێككەوتنانە بن كە لەگەڵ حكومەتی عێراقی واژۆی دەكات.