حكومەتی عێراق ئامادەیە 320 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت

پۆڵەتیك پرێس

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حكومەتی عێراق ئامادەیە 320 ملیار دینار بۆ مانگی 10ی ئەمساڵ رەوانەی هەرێم بكات، بەڵام بۆ مانگەكانی دواتر پێویستە هەرێم و بەغدا رێككەوتن بكەن.

ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، هەڵوێستی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق پەیوەندی هەیە بە وادەی هەڵبژاردنی پێش وەختەوە لە عێراق، ئەو لایەنانە جەماوەرییان لەدەستداوە و ئێستا بۆئەوەی متمانەی جەماوەرەكەیان بەدەست بهێننەوە دێن كێشە بۆ كورد دروستدەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەغدا ئامادەیە بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت كە ئەمە بۆ مانگی 10ی ئەمساڵ دەبێت، بەڵام بۆ دوو مانگی كۆتایی ئەمساڵ پێویستە هەرێم لەگەڵ ناوەند رێكبكەوێت.

ئەحمەد سەفار، باسی لەوەكرد بەپێی لێدوانەكانی وەزیری دارایی بێت لە كۆتایی ئەم مانگەدا پرۆژە یاسای بودجەی 2021 دەگاتە پەرلەمانی عێراق.

دوای پەسەندكردنی پرۆژە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی پارە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، حكومەتی عێراق دەستیكرد بە دابەشكردنی مووچە، بەڵام تا ئێستا وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 لە هەرێم نادیارە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پشكی كورد لەو یاسایەدا راگیراوە تا ئەو كاتەی هەرێم نەوت رادەستی سۆمۆ دەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا