پۆڵەتیك پرێس
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی سەرما، پێدانی كارەبای نیشتمانی بەهاوڵاتیانی هەرێم بۆ 15 كاتژمێر كەمكرایەوە، وتەبێژی وەزارەتی كارەباش هۆكارەكەی بۆ زیادبوونی خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا دەگەڕێنێتەوە.
ئومێد محەمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم بۆ پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند، پێش هاتنی وەرزی سەرما 23 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیان دراوە، بەڵام ئێستا كەمبووەتەوە بۆ 15 كاتژمێر، چونكە تەنها لەماوەی 15 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 1000 مێگاوات كارەبا بەكارهێنراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، چەند یەكەیەكی كارەبا لەژێر چاكسازیدایە بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین كاتژمێری كارەبا بەهاوڵاتیان بدەن.
پێشتر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە میانی گفتوگۆی لەگەڵ میدیاكان ڕایگەیاندبوو، “ئەگەر حكومەتی فیدراڵ سوتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دابینبكات، ئەوا نەك دەتوانین وزەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بۆ 24 كاتژمێر دابینبكەین كە لەئێستادا 21 كاتژمێرە، بەڵكو دەشتوانین كارەبا بۆ زۆرێك لە شار و ناوچەكانی عێراق دابین بكەین، وەك كەركوك و موسڵ و تكریت”.