پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
وا چاوەڕوان دەكرێت دەسەڵاتدارانی عێراق لەچوارچێوەی خۆئامادەكردن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان، كە بڕیارە لە ٦ی حوزەیرانی داهاتوو ئەنجامبدرێت، گۆڕانكاری بەرفراوان لە ئیدارەی دۆسییەی ئەمنی ناوخۆییدا بكەن.
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی عەرەبی جەدید، پێشبینی دەكرێت دۆسییەی ئەمنی ژمارەیەك شار بدرێتە وەزارەتی ناوخۆ لەجیاتی هێزەكانی سوپا، ئەوەش لەكاتێكدایە بە بەردەوامی هۆشداری لەبارەی مەترسییەكانی چەك بەدەستدانی عێراق دەدرێت، كە رەنگە كاریگەری لەسەر پاكێتی هەڵبژاردنەكە دابنێن.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، دۆسیەی ئەمنی یەكێكە لە گەورەترین بەربەستەكانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بەتایبەت، كە چالاكی و دەسەڵاتی چەكداری میلیشیا چەكدارەكان هەڕەشەی گەورەن لەسەر پاكێتی بەڕێوەچوونەكەی.
دۆسیەی ئەمنی یەكێكە لە گەورەترین بەربەستەكانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان
لەدوای راگەیاندنی یاسای هەڵبژاردنەكان، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەستیكردن بەگەڕان بەدوای ئامرازی هونەری و لۆجستی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان، لەم دواییانەشدا لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كۆبووەوەو ئەو بەربەستانەی خستەڕوو، كە ئاستەنگی لەبەردەمیدا دروست دەكەن.
بەپێی قسەی بەرپرسێكی نزیك لە حكومەت، كازمی لەگەڵ سەركردە ئەمنییەكاندا تاوتوێی لایەنی ئەمنی دۆسییەی هەڵبژاردنی كردووە، ئەو بەرپرسە دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەی زۆرێك لە پارێزگاكانی عێراق لەڕووی هەڕەشەی تیرۆرەوە لەلایەن عێراقەوە كۆنتڕۆڵكراون، بەڵام ناكرێت ئەوە پشتگوێ بخرێت، لەژێر رۆشنایی چەك و نفوزی كۆمەڵە چەكدارەكان و لایەكانی سەر بە حەشدی شەعبی بەتایبەت ئەوانەی سەر بە ئێرانن سەختە هەڵبژاردنێك بەڕێوەبچێت كە هیچ كاریگەرییەكانی ئەو لایەنانەی لەسەر نەبێت.
جەختی لەوەش كردەوە، كازمی بڕیاری ئەنجامدانی گۆڕانكاری ئەمنی داوە، كە خۆی لە هەڵسەنگاندنی ئەمنی و رادەستكردنی ئەركی ئەمنی ناوخۆیی شارەكان بەوەزارەتی ناوخۆ لەخۆدەگرێت، لەو ڕووەشەوە پاڵپشتی لۆجستی پێشكەشی وەزارەت كردووە تا بەو ئەركە هەستێت.
كازمی بڕیاری ئەنجامدانی گۆڕانكاری ئەمنی داوە
ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەت دەستیكردووە بە پلان دانان بۆ ئەو ئەركە و هەوڵی داوە دەستی سوپای لێدووربخاتەوە، بەڵام سەبارەت بە شارەكانی باكوور و رۆژئاوای عێراق دۆخەكە جیاوازترەو پێویستییەكی زیاتری بە سوپا دەبێت.
لەو بارەیەوە خالید موحەنا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، وەرگرتنی دۆسییەی ئەمنی ناوخۆی شارەكان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بابەتێكی زۆر ئاساییە و لەهەموو وڵاتێك كاری پێدەكرێت، بەڵام ئەو بارودۆخەی لە ماوەی رابردوودا عێراق پێیدا تێپەڕی وایكرد وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری پێكەوە و بە هەماهەنگی كار لە دۆسیەی ئەمنیدا بكەن.
جەختی لەوەش كردەوە، لەگەڵ گۆڕانی دۆخی ئەمنیدا پێویستە بەرپرسیارێتی دۆسیەی ئەمنی بگەڕێتەوە دەستی لایەنە پەیوەندیدارەكان، وتیشی: ئەو هەڕەشە مەترسیدارانەی رووبەڕووی عێراق دەبنەوە، بەنمونەش تاوانی رێكخراوەیی و ماددەی هۆشبەر و دۆسیەكانی پەیوەندیدار بەو بابەتانە هێزەكانی پۆلیسیان بۆ ئامادە دەكرێت.
وتەبێژەكە باس لەوەش دەكات، لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە چەند رێنماییەك دراوە لەبارەی پێویستی رێكخستنو زیادكردنی ئاستی ئامادەباشی بۆیە لەلایەن وەزیری ناخۆوە چەند فرمانێك دراوەتە پێكهاتە و بەڕێوەبەرایەتییەكان لەبارەی پێویستی زیادكردنی ئامادەباشی هەتا ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی یەكەكانی وەزارەتی بەرگریدان بگەڕێندرێنەوە ژێر دەستی وەزارەتی ناوخۆ و لەناویشیاندا بەغدا.
بەردەوامی كۆنتڕۆڵنەكردنی چەكی وڵات مەترسییەكی زۆری هەیە
لەلایەكی دیكەوە، حامد مەتلەك ئەندامی لیژنەی ئەمنی پەرلەمان جەختی لە گرنگی رێكخستنەوە و كۆنتڕۆڵكردنی چەكی وڵات كردەو و لەبارەی مەترسییەكانیەوە هۆشداریدا و وتی: بەردەوامی كۆنتڕۆڵنەكردنی چەكی وڵات مەترسییەكی زۆری هەیە، ئەو مەترسییە تەنیا یەك لایەنی دیاریكراو ناگرێتەوە بەڵكو زیان بە بەرژەوەندی دەوڵەت دەگەیەنێت.
باس لەوەش دەكات، كۆمەڵە چەكبەدەستەكان لەپێناو بەرژەوەندی و ئەجێندای خۆیان كاردەكەن و دەیانەوێت متمانەی حكومەت لاواز بكەن و پشێوی دروست بكەن، بۆیە پێویستە حكومەت رێوشوێنی حكومی بگرێتەبەر تا لەڕێی نفوزی دەوڵەتەوە بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات و یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ بكات.
لای خۆیەوە هاوپەیمانی نەسڕ رایگەیاند، حكومەت و پەرلەمان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان بەرپرسیارێتی تەواوەتی دەگرنە ئەستۆ بۆ بەدیهێنانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێ ساختەكاری.
بڕیارە ٦ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان بەڕێوەبچێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە ئامادەباشیدان بۆ پڕۆسەكە، لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە چاودێران پێشبینی ئەوە دەكەن وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دوابكەوێت، بەڵام لە دوایین لێدوانیدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی: هەموو هەوڵێك دەدەین لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی خۆیدا.