پۆڵەتیک پرێس
لەدوای ئەوەی کۆمپانیای مۆدێرنا سەرکەوتنی ڤاکسینەکەی راگەیاند، سەرنجی زۆری بەلای ئەم دەستکەوتە نوێیەدا راکێشا کە بە چەند رۆژێک دوای راگەیاندنەکەی هەردوو کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی و بیۆنتیکی ئەڵمانی دێت.
کۆمپانیای مۆدێرنا لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردەوە، لەدوای شیکردنەوەی یەکەمی ئەنجامی قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوەکان، کاریگەری ئەرێنی ڤاکسینەکەی دەرکەوتووە و وتیشی: کاریگەرییەکەی ٪٩٤،٥ی تێپەڕاندووە.
ئەوەش هاتووە، لەڕووی زانستییەوە، زۆر لێکچوون لەنێوان ڤاکسینەکەی مۆدێرنا لەگەڵ ڤاکسینی فایزەر و بیۆنتیک هەیە، بەڵام لەڕووی جۆری زاڵبوونیانەوە جیاوازن.
بە شێوە زانستییەکەی، ڤاکسینەکان لە ڤایرۆسی لاواز یان پەککەوتوو یاخود بەشەکانی ڤایرۆسەکە دروست دەکرێن کە نابن بە نەخۆشی بۆ جەستە بەڵکو بەشدار دەبن لە پێکهێنانی دژەتەن بۆ ڤایرۆسەکە و بۆ هەمیشە لە جەستەی مرۆڤدا دەمێننەوە.
بەپێی شیکارییە تەندروستییەکان، ڤاکسینی مۆدێرنا شێوازێکی جیاوازی هەیە کە پێکهاتووە لە پارچەی بچوکی دی ئێن ئەی “Mrna” کە یارمەتیدەرە لە بەرەنگاربوونەوەی بەرهەمهێنانی پڕۆتینی سەر رووی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
هاوکات، ئەم پڕۆتینە کە شێوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دیاریدەکات، یارمەتیدەرە بۆ پێکەوەلکاندنی وردەئۆرگانیزمەکان بە خانەکانی جەستە لە قۆناغەکانی سەرەتای نەخۆشییەکە، ئەم رێگایەش هاوشێوەیە لەگەڵ رێگای کارکردنی ڤاکسینی فایزەر و بیۆنتیک.
باس لەوەش کراوە، هەردوو ڤاکسینەکە پێویستە بە دوو جار دەرزیلێدان بدرێنە نەخۆش و دەشبێت ماوەی چەند هەفتەیەک لەنێوان هەردوو دەرزیلێدانەکە هەبێت.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا داوا دەکات نرخی هەر دانەیەک لە ڤاکسینی هیوای مۆدێرنا بە نرخی ٢٥ دۆلار بفرۆشرێت.
رۆژی دووشەممە کۆمپانیای مۆدێرنا رایگەیاند، ڤاکسینەکەی پارێزگاری بەهێز دابین دەکات و هیوا دەبەخشێت بە ئەمریکا و هەموو جیهان لەکاتێکدا رێژەی توشبووان بە کۆرۆنا بەردەوام لە زیادبووندایە.
کۆمپانیاکە پێیوایە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ٢٠ ملیۆن دانە لەو ڤاکسینە بۆ ئەمریکا دابین بکرێت، لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیاکانی فایزەر و بیۆنتیک پێشبینی دەکەن نزیکەی ٥٠ دانە لە ڤاکسینەکەیان بگاتە جیهان.