كازمی دەچێتە مۆڵگه‌ی میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران؟

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
چەند سەرچاوەیەكی باڵای عێراق باس لەوە دەكەن، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق شاندێكی باڵای وەزاری دروستكردووە، كە تێیدا چەند سەركردەیەكی ئەمنی و سەربازی هەیە بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە دۆسییەی شارۆچكەی جەرف ئەلسەخر لەباكووری پارێزگای بابل، كە لەژێر دەسەڵاتی كۆمەڵێك میلیشیای سەر بە ئێراندایە لەدیارترینیشیان حیزبوڵا و نەجیبا‌و و جوندی ئیمام و خۆراسانی و ئەهلی حەق، كە لەدوای ساڵی ٢٠١٤ەوە رێگری لە هێزە عێراقییەكان دەكەن بۆ چوونە ناوەوە بەجۆرێك چەند جارێك لە حكومەتەكانی حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی بە هاندانی ئەمریكا و لایەنە سیاسییەكانی دیكە هەوڵ دراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی جەرف ئەلسەخر، بەڵام هەموو هەوڵەكان شكستیان هێناوە.

لە راپۆرتێكی عەرەبی جەدیددا هاتووە، ئێوارەی رۆژی یەكشەممە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، بەرپرسێكی دیاری عێراق لە بەغدا باسی لەوە كردووە، حكومەتەكەی كازمی بەكردەیی دەستیكردووە بەجوڵە لە دۆسیەی جەرف ئەلسەخر و شانەیەكی كاركردنی دروستكردووە، كە لە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، عەبدولئەمیر یارەڵا سەرۆكی ئەركانی سوپا و فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی پێكهاتووە، هاوكات كەریم نووسری بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەری عێراق و چەند سەركردەیەكی ئەمنی و سەربازی لە شاندەكەدا هەیە.

بڕیارە ئەم شانەیە كار بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەگەڵ سەرۆكی میلیشیاكان لەجەرف ئەلسەخر بكەن

بڕیارە ئەم شانەیە كار بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەگەڵ سەرۆكی میلیشیاكان لەجەرف ئەلسەخر بكەن و هەوڵ دەدەن قایلیان بكەن بەهاتنەناوەوەی شاندەكە بۆ ئەو شارۆچكەیە و زانینی دۆخی ناوچەكە و تاوتوێكردنی گەڕاندنەوەی دانیشتووانەكەی بەر لەهەڵبژاردنەكانی حوزەیرانی داهاتوو.

لە راپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە، لەبارەی پێشبینییەكانی سەركەوتنی پلانە نوێیەكەی حكومەت بۆ دووبارە كۆنترۆڵكردنەوەی جەرف ئەلسەخر ئەو بەرپرسە دەڵێت: پێدەچێت لەماوەی داهاتوودا رێگا بە شاندە حكومییەكە بدرێت بۆ چوونە ناو شارۆچكەكە بەڵام بەكردەیی هیچ نیازێكی راستەقینەی كۆمەڵە چەكدارەكان نییە بۆ رادەستكردنی شارۆچكەكە و كشانەوە لێی چونكە ناوچەیەكی ستراتیژییەو دەرگاكانی خوارووی عێراقی دەكەوێتەسەر.

هیوای سەركەوتنی هەوڵەكەی كازمی كزە

لەسەرەتای ئەم مانگە، وەزارەتی كۆچی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ دەستیان بەئۆپراسیۆنی داخستنی خێمەكانی باكوور و رۆژئاوای وڵاتەكە كرد، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان، هەتا ئێستا زیاتر لە ١٠ خێمە داخراوە و بڕیارە سەرجەم خێمەكان بەر لەوادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دابخرێن و دۆسییەی ئاوارەكان چارەسەر بكرێت، بەڵام هەندێك شارو شارۆچكەی وەك جەرف ئەلسەخر، یەسرەب، عەوجە، عوەیسات، عەزیز بەلەد، سەعدییەو چەند ناوچەیەكی دیكە بەوپێیەی ژمارەیەكی زۆر میلیشیای سەر بە ئێرانیان تێدایە رەتی دەكەنەوە ئەو ناوچانە بەجێبهێڵن و ئاوارەكان بگەڕێنەوە.

لەو بارەیەوە، رەعد دەهلەكی ئەندام پەرلەمانی عێراق دەڵێت: حكومەتەكانی حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی لەماوەی ساڵانی رابردوودا شكستیان هێنا لە هەوڵی چوونە ناو شارۆچكەی جەرف ئەلسەخر، بۆیە هیوای سەركەوتنی هەوڵەكەی كازمی كزە، چونكە هیچ لایەنێك بوێری ئەوەی نییە بڕواتە شارۆچكەكە، باسی لەوەش كرد، ئاوارەكانی جەرف ئەلسەخر لەدوای داخستنی خێمەكانیان بێ جێگا و بە ناجێگیری دەمێننەوە ئەوەش دەبێتە قەیرانێكی دیكە لەپاڵ ئەو قەیرانانەی ئێستا لە عێراق هەیە.

ئەو میلیشیایانەی دەستیان بەسەر جەرف ئەلسەخردا گرتووە سەر بە ئێرانن خۆیان بە بەرهەڵستكاری ئیسلامی لەقەڵەم دەدەن و لە سوریا باڵی چەكداریان هەیە كە لە بەرژەوەندی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد دەجەنگن، هەمیشە بەو بیانووە رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكەن كە گوایە جەرف ئەلسەخر هێشتا لەژێر دەستی لایەنەكانی سەر بە داعشدایە یاخود دەڵێن: پڕە لە مین.

میلیشیاكان رێگری لە هەر خێزانێك دەكەن بگەڕێتەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆی

لەلایەكی دیكەوە، یەكێك لە ئاوارەكانی جەرف ئەلسەخر بە ناوی ئەحمەد جەنابی كە لە ئێستادا لە شوقەیەكی بچوك لە بابل نیشتەجێیە باس لەوە دەكات، میلیشیاكان رێگری لە هەر خێزانێك دەكەن بگەڕێتەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆی، چەندین جار خێزانەكەی هەوڵیان داوە بگەڕێنەوە تا لە نزیكەوە دڵنیاببنەوە لە موڵك و بێستانەكانیان بەڵام میلیشیا چەكدارەكان گولـلەی زیندوو بەڕووی خەڵكی ناوچەكە دەتەقێنن و ناهێڵن نزیك ببنەوە، وتیشی: ئەو ئاوارانەی خێمەكانیان دادەخرێت و خەڵكی ئەم ناوچەیەن نازانن چارەنووسیان چی دەبێت.

جەرف ئەلسەخر بەر لە شەش ساڵ لەمەوبەر لەدەست رێكخراوی داعش رزگاری بوو، بەڵام ئازادبوونەكەی بواری بۆ میلیشیاكانی سەر بە ئێران رەخساند بە بیانووی پاراستنیەوە كۆنتڕۆڵی بكەن، ئەوەبوو تێیدا جێگیر بوون و چەند كەرتێكی سەربازیشیان تێیدا دامەزراند و تا ئێستاش رێگا نادەن بە خەڵكەكەی بگەڕێنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا