پۆڵەتیك پرێس
رۆژنامەی قودس پۆستی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلیەوە بڵاویكردەوە، شاندێكی ئاسایشی ئیسرائیل لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا سەردانی خەرتوم دەكات و تاوتوێی ڕێكەوتنەكانی هاوكاری ئەمنی لەگەڵ سودان دەكەن.
بەرپرسە ئیسرائیلییەكان بە رۆژنامەكەیان راگەیاندووە، ماۆز ڕاوێژكاری بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری جیهانی عەرەبی سەرۆكایەتی شاندەكە دەكات .
ئەوەش خراوەتەڕوو، مانگی ڕابردوو ماۆز ڕۆژێك پێش ڕاگەیاندنی دەستپێكردنی پەیوەندییەكان سەردانی خەرتوومی كردووە ئەوەش وەك ئامادەكارییەك بۆ كۆتایی پێهێنانی كاروباری ئەو ڕێككەوتنەی نێوانیان .
ڕۆژنامەكە دەشڵێت ، لەماوەی چەند هەفتەیەكدا وەفدێكی دیكەی تەكنیكی ئابووری دەگەنە خەرتوم.
پێشتریش وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی سودان رایگەیاند، دەیانەوێت رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بكەن و ئەم بابەتەشیان نەشاردووەتەوە كە پەیوەندییان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە.
ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بەئاامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ لە واشنتۆن، ئیسرائیل رێككەوتنی لەگەڵ هەریەكە لە ئیمارات و بەحرێن واژۆكرد.
پێشتریش، میسر لە ساڵی ١٩٧٩و ئوردنیش لە ساڵی ١٩٩٤ وەكو دوو وڵاتی عەرەبی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا واژۆكردووە.