پۆڵەتیک پرێس
ئاژانسی سانای سوریا رایگەیاند، چەند کاروانێکی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکە چوونەتە دەرەوە و بەرەو خاکی عێراق بەڕێکەوتوون.
ئاژانسەکە رایگەیاند، کاروانێک کە لە ٥٠ زرێپۆش و تانکی سەر بە هێزەکانی ئەمریکا پێکهاتوون بە ئاراستەی خاکی عێراق بەڕێکەوتوون و سوریایان بەجێهێشتووە.
ئەوەش هاتووە، حکومەتی سوریا ئەمریکا بەوە تۆمەتبار دەکات گوایە قاچاخچێتی بە نەوتی سورییەوە دەکات و لە دەرەوە دەیفرۆشێت تا سورییەکانی لێبێبەش بکات.
کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی دانا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بەڵام دواتر لەژێر فشاری ئەندامانی ئیدارەکەی بڕیاریدا بە مانەوەی نزیکەی هەزار سەرباز بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.
ئەوەش لەکاتێکدایە، هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەیەکەوە دەستیان بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەردوو پارێزگای حەسەکە و دێرەزوردا گرتووە.