بەشیر حەداد: لەعێراق عەقڵییەتێك هەیە بەهەمان عەقڵییەتی پێش 2003 بیردەكاتەوە

پۆڵەتیك پرێس
بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: هەركاتێك لایەنە شیعی و سوونەكان بزانن كارێكیان بەسازان بۆ ناچێتە سەر بنەمای زۆرینەو كەمینە لە پەرلەمان بەكاردەهێنن، ئەوان ئێستا سودیان لە لاوازیی و پەرتەوازەیی نێوماڵی كورد وەرگرتووە، بۆیە بۆ ئەوەی لەبەرانبەر بەغدا بەهێزبین پێویستە خاوەنی یەك گوتاربین.

قسەكانی بەشیر حەداد لەمیانی گفتوگۆیەكی تایبەت بوو لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس، كە تیشك دەخاتە سەر كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند و باس لەوەش دەكات، لە عێراق عەقڵییەت هەیە بەهەمان عەقڵییەتی پێش 2003 بیردەكاتەوە و باوەڕی بەفیدراڵییەت و پێكەوە ژیان نییە.

هەر لەگفتوگۆكەی لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، كە لەپشكی كورد ئەو پۆستەی وەرگرتووە، شكستی رێككەوتنەكانی هەرێم و ناوەندیش دەخاتە ئەستۆی حكومەتی عێراق.

پۆڵەتیك پرێس: ئەوەی لەپەرلەمانی عێراق روویدا پێتان وایە پیلان بوو لە دژی كورد یان چی بوو، چۆن لێكی دەدەنەوە؟
بەشیر خەلیل: بەپێی شیكردنەوەی خۆم ئەوەی روویدا چەند رەهەندێكی هەبوو بەشێكی پەیوەندی هەبوو بە ململانێكانی نوخۆیی شیعەوە، كە ویستوویانە كێشە بۆ حكومەت دروست بكەن، لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو لایەنانەی دەنگیان بەمستەفا كازمی دا ئێستا لێی نیگەرانن و دەیانەوێت كێشەی بۆ دروست بكەن بە هەر شێوەیەك بێت، لەلایەكەوە بۆ ئەوەی تووشی قەرزێكی زۆر ببێت، لەلایەكی دیكە بەدانانی ئەو ماددەیەی تایبەتە بەهەرێمی كوردستان كێشەی بۆ دروست بكەن، لەلایەكی دیكە لەوانەیە ئەوانەی دەنگیان بە پرۆژە یاساكەدا بیانەوێت زیان بە هەرێمی كوردستان بگەیەنن بۆئەوەی كاریگەرییەك دروست بكات لە شەقامی هەرێمی كوردستان دژ بە حكومەت لەوانەشە شەقامی خۆیان فشارێكی زۆری بۆسەر كوتلەكان و لایەنە سیاسییەكان دروستكردووە كە نەیانتوانیوە وەكو پێویست خزمەتی شەقامی خۆیان و جەماوەری خۆیان بكەن، وە شكستی حكومەتی ئیتحادی بەوەی كە بەشی تەواوی بودجە بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بنێرێت و خزمەتگوزاری پێشكەش بكات و هەلی كار دابین بكات، ئەوانە هەموو ئەگەربوون و كۆكرانەوە، لایەنە زەرەمەندەكەش بە پلەی یەك یەك هەرێمی كوردستان بوو.

پۆڵەتیك پرێس: بۆ بابەت و پرسەكانی دیكەی پەیوەست بەكورد گریمانەی ئەوە دەكرێت هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە، ئەگەر دووبارە بوویەوە مەترسییەكانی لە چیدایە؟
بەشیر خەلیل: بێگومان هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە چونكە ئەمە یەكەمجارنیە شتی وا رووبدات، لە ساڵانی رابردوو بینیمان كە بە هەمان شێوە زمانی زۆرینەو كەمینەیان بەكارهێناوە و سازانیان وەلا ناوە، لەوانەش وەكو هەڵپەساردنی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان، لە یاسای هەڵبژاردنەكان و لە بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكان و لەم پرۆژە یاسای تایبەت بە قەرزیش كە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو تێیان پەڕاند، بێگومان ئەم كارە لەزۆر پرۆژە یاسای دیكەش كە پێویستی بە سازان هەبێت بەكاری دێنن، ئەگەر ئەوەی ئەوان دەیانەوێت بۆیان نەچێتەسەر، هەرچەند ببینن كورد لاواز و پەرتەوازەیە و یەكدەنگ نین لە هەرێمی كوردستان و لەناو ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوان زیاتر ئەم كارە ئەنجام دەدەن، لەبەر ئەوە پێویستە لەهەرێمی كوردستان پێداچوونەوەیەك بكرێت لە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان و بەهێزكردنی گوتاری هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر بەغدا، هەروەها هەرێمی كوردستانیش چاوبخشێنێتەوە بە پابەندبوونی خۆی لەگەڵ بەغدا و پەلەبكات لە ئەنجامدانی رێككەوتنێكی كۆنكریتی لەگەڵ بەغدا، بۆئەوەی چیتر بەغدا ئەو بیانووەشی نەمێنێت كە پرسی نەوت و داهاتی هەرێمی كوردستانە، هەرچەندە من دڵنیام لەوە كە دواكەوتنەكەی یان رادەستنەكردنەكەی لە ئەستۆی حكومەتی فیدرالە كە رێككەوتنەكان بەشێوەیەكی تەواو جێبەجێناكات، وەكو پێویست گەرم و گوڕنیە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان، نزیكەی پێنج مانگە رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند كراوە بۆئەوەی كە دانیشن نەوت رادەستبكرێت و بەرامبەر بەوە بەغدا تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێم بنێرێت، بەڵام ئەوە ناوەندە تائێستا وەڵامی ئەو رێككەوتنەی نەداوەتەوە.

پۆڵەتیك پرێس: لە داهاتوو كورد چی بكات بۆ ئەوەی حاڵەتی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە؟
بەشیر خەلیل: كورد پێویستە سیاسەتێكی بەهێزتر لەگەڵ بەغدا بەكاربهێنێت ئەمەش بە یەكڕیزی نێوماڵی كورد دەبێت، لەگەڵ ئەنجامدانی چاكسازییەكی ریشەیی تەواو لە هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كە پەرلەمانی كوردستان دەنگی لەسەرداوە، بۆئەوەی ئەو نیگەرانییانەی لای خەڵكی كوردستان و هەندێك لایەنی سیاسی هەیە نەمێنێت و بۆئەوەی بە یەك گوتار بتوانین ڕووبەڕووی تەنگژەكان ببینەوە.

پۆڵەتیك پرێس: ئەوەی روویدا لە پەرلەمانی عێراق تا چەندە بە تێك شكاندنی بنەماكانی سازانی سیاسی دادەنرێت؟
بەشیر خەلیل: زۆربە ئاشكرا دیارە ئەوانەی ئەمڕۆ حوكمی عێراق دەكەن باوەڕیان بە سازانی سیاسی نیە و باوەڕیان بە سیستمی فیدرالی و پێكەوەژیان نیە، ئێستاش بە عەقڵیەتی سەنترال و مەركەزییەت و بە عەقڵیەتی پێش 2003 بیردەكەنەوە، ئەم عەقڵیەتە تائێستاش لە عێراق ماوە وە بەهیچ شێوەیەك دان بەوەدانانێن كە هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فیدرالییەو تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆئەوەی وەكو هەرێمی فیدرالی بەپێی دەستوور مامەڵەی لەگەڵ بكرێت نەك وەكو پارێزگایەك.

پۆڵەتیك پرێس: رەخنەیەكیش هەیە، كە ڕووبەڕووی حكومەتی هەرێم دەبێتەوە بەوەی پابەندنابێت بە رێككەوتنەكان لەگەڵ ناوەند، قسەی ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟
بەشیر خەلیل: حكومەتی هەرێم دەڵێت كێشەی ئێمە تەنیا نەوت و مووچە نیە، چەندین دۆسیەی ئاڵۆزی تێكەڵ هەیە لە پرسی خاك و ناوچە جێناكۆكەكان و زۆرشتی دیكە لەبەرئەوە پێویستە ئەم كێشانە هەمووی چارەسەربكرێت ئەنجا بابەتەكە دێتەسەر دۆخی ئاسایی، تەنانەت كێشەی دارایی و كێشەی نەوتیش كە هەیە بەو شێوەیە نیە حكومەتی هەرێم نەوتەكە رادەست بكات ناوەندیش بە ویستی خۆی بڕێك داهاتی بۆ دابین بكات، ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوت و داهاتی خۆی و پابەندبوونەكانی خۆی جێبەجێبكات بەرامبەر بەغدا ئایا بەغدا پابەندییەكانی خۆی بەرامبەر هەرێم جێبەجێدەكات، یان تەنها ی320 ملیار دینار دەنێرێت، مافی هەرێم لەسەر بەغدا دوای رێككەوتن و رادەستكردنی نەوت و داهاتەكانی دیكە پێویستە كەمتر نەبێت لە 900 ملیار دینار یان 870 ملیۆن دۆلار، كێشەكە لەوەدایە بەغدا ئامادەنییە ئەو بڕە بدات، لەلایەكی دیكەشەوە هەرێم دووچاری قەرزێكی زۆر هاتووە لەئەنجامی ئەوەی بەغدا چەند ساڵێك بودجەی هەرێمی بڕی و پارەی نەنارد، حكومەتی هەرێمیش ناچاربوو قەرزبكات لە كۆمپانیاكانی نەوت و بانكەكان بۆئەوەی بتوانێت بەشێك لە مووچەی فەرمانبەران بدات و بەشێكی دیكە پاشەكەوت بكات، بۆیە ئەو قەرزەی ئێستا لەسەر هەرێمە قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت و بانكەكان و قەرزی پاشەكەوتكردنی مووچەیە ئەمانە لەسەر حكومەتی هەرێمن و پێویستە عێراق ئەم قەرزانە بداتەوە چونكە هەرێمی كوردستان بەهۆی نەدانی بودجە لەلایەن عێراقەوە تووشی قەرزبووە بەڵام حكومەتی عێراق ناچێتە ژێرباری ئەم قەرزانەوە، لەلایەكی دیكە عێراق تا ئێستا 70 ملیار دۆلار قەرزی وەرگرتووە لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان لەم پارەیە 70 دۆلاریشی نەداوە بە هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان بەشدارە لەدانەوەی ئەم قەرزانە، تائێستا مووچەی پێشمەرگە نەهاتووە و هێزی پێشمەرگە پڕچەك نەكراوە لەلایەن ناوەندە ئەی بۆچی مووچە و چەكی حەشدی شەعبی بەزیادەشەوە دەدرێت، زیاتر لە 10 ساڵە یەك پلەی دامەزراندن نەدراوە بە هەرێمی كوردستان بەڵام بۆ عێراق هەیە، هەموو ئەمانە كێشەن و پێویستە بەیەكجار چارەسەربكرێن.

پۆڵەتیك پرێس: دەربارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا زانیاریتان هەیە لەوەی كاتی سەردانەكە كەیە و تیمی دانووستانكار لە كێ پێكهاتوون؟
بەشیر خەلیل: لە كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم بڕیاردراوە شاندێك رەوانەی بەغدابكرێت، بەڵام تائێستا وادەی سەردانی ئەو شاندە و پێكهاتەی شاندەكە دیاری نەكراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا