سینەما لە خزمەتی سیاسەتدا لە سەردەمی هیتلەر تا ئێستا

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

هونەری بەسیاسیکراو، یەکێکە لەو زاراوانەی زۆرێک لە بەهرەمەندان هەوڵ دەدەن خۆیانی لێدووربخەنەوە، لەبەرئەوەی پێیانوایە تەڵەیەکی فیکری دیاریکراوە و سنور بۆ تێڕوانینی هونەریان دادەنێت، بەڵام هەندێکی دیکە پێیانوایە جۆرێکە لە پابەندبوونی ئەخلاقی و فیکری.

چەند شێوە و رێگایەکی سیاسەت لە هونەردا هەیە هەندێکیان راستەوخۆن و هەندێکیشیان لەڕێی ئاماژە و بە ناراستەوخۆیی ئەنجام دەدرێن، هەندێک جار بەشێک لە هونەرمەندان پێگەی خۆیان لەناو خەڵکدا لەدەستدەدەن لەدوای کەوتنی سیاسیان لە فیلمێک یان نوسینێک یان گۆرانییەک.

“وتنی راستی دەبێتەهۆی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی کۆمەڵایەتی” بەمشێوەیە سلاڤۆی ژیژێک رەخنەگر و بیرمەندی سلۆڤینی بۆچوونی خۆی لەبارەی راستی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی و وتنی راستییەکان دەربڕیوە.

بابەتی کات بەسەربردن بەتەنیا ناتوانێت سەرنجی جەماوەرێکی بەرفراوان بەلای خۆیدا رابکێشێت، بەڵکو دەبێت گێڕانەوە یاخود رووداوێکی تێدابێت

بەشێوەیەکی داهێنەرانە خەڵکی ئەوەی دەیانەوێت لە چوارچێوەی هونەری جۆراوجۆر لە هۆنراوە و ئەدەب و شێوەکاری و سینەما و جۆرەکانی دیکەی هونەر پێشکەشی جەماوەری دەکەن، بابەتی کات بەسەربردن بەتەنیا ناتوانێت سەرنجی جەماوەرێکی بەرفراوان بەلای خۆیدا رابکێشێت، بەڵکو دەبێت گێڕانەوە یاخود رووداوێکی تێدابێت ئیدی ئەو رووداوە مێژوویی بێت یان بابەتێکی مرۆیی یاخود ژیاننامەی کەسێکی بەناوبانگ یاخود سیاسی بێت.

لەسەر رۆشنایی ناکۆکییەکان لەبارەی ئەوەی پێویستە سینەما چ بابەتێک پێشکەش بکات، چەند رەوتێکی سینەمایی لەوانەش سینەمای سیاسی و فیکری و ئامانجدار و بانگەشەئامێز دەرکەوتن و هەر یەکێک لەم رەوتانەش چەند تیۆرا و قاڵبێکیان هەبوو کە لەیەکدی جیادەکردنەوە، هەر ئەم رەوتانەش بوونە دروشمی هونەری گەورە و ئەو سینەمایەیان پێکهێنا کە ئێستا هەیە.

لە سەرەتای دروستبوونی سینەماوە، بەرهەمهێنەرانی بەرهەمە سینەماییەکان هەوڵ دەدەن بۆ دروستکردنی وێنەیەکی دیاریکراو لەپێناو خزمەتکردنی ئەو فیکرەی کە هەڵیان گرتووە، سینەما ئامرازێکی بەهێزی بنیادنانی تێڕوانینی سیاسی بووە کە زۆرێک لە وڵاتان بۆ بڵاوکردنەوەی بیڕوباوەڕیان پەنایان بۆ بردووە، لەو کاتەی سیاسییەکان درکیان بە گرنگی ئەم هونەرە کرد کاریان بۆ ئەوە کرد جۆرە فیلمێک بەرهەمبهێنن کە ئەوەی دەیانەوێت بۆیان بەدیبهێنێت، لەمڕووەوە دەتوانین بڵێین یەکەمین کەس کە لە مێژوودا کاری لە سینەمای بانگەشەئامێز کردووە دەرهێنەرێکی ئەڵمانی بوو بە ناوی لێنی ریفێنشتال.

سینەما ئامرازێکی بەهێزی بنیادنانی تێڕوانینی سیاسی بووە کە زۆرێک لە وڵاتان بۆ بڵاوکردنەوەی بیڕوباوەڕیان پەنایان بۆ بردووە

ریفێنشتال هاوڕێی تایبەتی ئەدۆڵف هیتلەر سەرکردەی نازییەکان بوو، لەگەڵ ئەوەی خۆی نازی نەبوو بەڵام توانایەکی گەورەی پراگماتی هەبوو کە وای لێکرد لەڕێی نزیکییەوە لە هیتلەر ببێتە یەکەم دامەزرێنەری سینەمای بانگەشەئامێز لە سەرەتای ساڵانی سییەکانی سەدەی بیستەم، دواتر و لەماوەی جەنگی دوومی جیهانی کارەکانی بەتەواوی پیگەشتن، ئەو دەرهێنەرە لەڕێی فیلمەکانییەوە ستایشی بیری نازییەکان و بەدۆکیومێنتکردنی رێگای سیاسی نازییەکانی دەکرد جگە لەوەش تیشکی دەخستەسەر کەسایەتی هیتلەر و وەک سیمبولی نەتەوەی ئەڵمانی ئەو کاتە پێناسەی دەکرد.

یەکێک لەو فیلمانەی ریفێنشتال کاری بۆ کردووە فیلمی دۆکیومێنتەری “Triumph of the Will” بوو کە بە یەکێک لە فیلمە بانگەشەئامێزە گرنگەکانی مێژووی سینەمای ئەڵمانیا هەژماردەکرێت کە تێیدا وێنەی کەسایەتییە فەرمی و سەربازییەکان دەردەکەون کاتێک گوێ لە وتاری هیتلەر دەگرن جگە لەوەش وێنەی جەماوەرێکی بێشوماری تێدا دەردەکەوێت کە دروشمی پاڵپشتی بۆ هیتلەر و حزبەکەی لەسەرە.

Watch Triumph of the Will | Prime Video

لەلایەکی دیکەوە، یەکێتی سۆڤیەتیش کاری لەسەر سینەمای بانگەشەئامێز دەکرد، بەجۆرێک بە دەیان بەرهەمهێنەری فیلم لەدژی سیستمی سەرمایەداری و بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی سیستمی سۆشیالیستی سۆڤیەتی کە گوایە بە میهرەبانی مامەڵە لەگەڵ خەڵک دەکات و وا دەکات کۆمەڵگا لە هێمنیدا بە پارێزراوی بژی کاریان دەکرد.

یەکێک لە هەرە دیارترین فیلمە سۆڤیەتییە بانگەشەئامێزەکان فیلمەکەی دەرهێنەری بەناوبانگ سێرجی ئایسنشتاینە لەژێر ناوی “The Battleship Potemkin”ە، فیلمەکە باس لە یاخیبوونی کەشتیوانێکی دەریایی روسی دەکات لە ساڵی ١٩٠٥ لە دژی قەیسەر و ئەو گوزەرانە خراپەی هەیانە، فیلمەکە ئەوە پSان دەدات کە چۆن پیاوانی قەیسەر بەشێوازێکی ناشارستانی مامەڵە لەگەڵ یاخیبوونەکە دەکەن و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی دەکوژن.

Amazon.com: Battleship Potemkin (The Special Edition): Sergei Eisenstein:  Movies & TV

یەکێکی دیکە لە فیلمە سیاسییەکان فیلمی بەناوبانگی ” The Great Dictator”ە کە تێیدا هونەرمەندی بەناوبانگی بەریتانیا چارلی چاپڵن رۆڵی تێدا دەگێڕێت، فیلمەکە ژانرایەکی کۆمیدی سیاسی هەیە و تێیدا چاپڵن گاڵتەجاڕی بە هیتلەر دەکات، ئەو فیلمە لە ساڵی ١٩٤٠ بەرهەمهێنراوە لەکاتێکدا کە هیتلەر لە لوتکەی هێزیدا بوو، لەدوای بڵاوبوونەوەی فیلمەکە هیتلەر بڕیاریدا نمایشکردنی لە ئەڵمانیا قەدەغە بکات.

The Great Dictator (United Artists, R-1958). Three Sheet (41" X | Lot  #83875 | Heritage Auctions

ئەمریکییەکانیش کە بە سەرکردەی پیشەسازی فیلم دادەنرێن بێبەش نین لەم جۆرە فیلمە، بۆ سیاسەتی ئەمریکا سینەما فاکتەرێکی گرنگی بەڕێوەبردنی وڵاتە، بەجۆرێک ئەوەی دەیەوێت لە سیاسەتدا بیڵێت لە سەرەتادا بە سینەما دەیڵێت، لە رێگەی سینەماوە پاڵەوانێتی سەربازانی ئەمریکا و سەرکەوتنی سوپاکانیان دەردەخات و زۆر بە خراپی باس لە دوژمنە فیکری و سەربازییەکانی دەکات بەجۆرێک دوژمنانی لە وێنەی دڕندە و تاوانباردا دەردەخات.

ئەمریکا ئەوەی دەیەوێت لە سیاسەتدا بیڵێت لە سەرەتادا بە سینەما دەیڵێت

فیلمی “Z” کە لە دەرهێنانی کۆستا گاڤراس دەرهێنەری یۆنانییە بە یەکێک لە نیشانە گرنگەکانی مێژووی سینەمای سیاسی جیهانی هەژماردەکرێت، ئەو فیلمە باس لە ململانێی سیاسی ساڵی حەفتاکان دەکات لە رەوتی سیاسی یۆنان چۆن یەکێک لە بەرپرسەکان کاریگەری گەورە لەسەر خەڵک دادەنێت و لەلایەکی دیکەشەوە پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەی دەکات و لەگەڵ ئەمریکییەکان سەرقاڵی گەندەڵی و دەستبەسەرداگرتنی تواناکانی وڵات و بڕیارە سیاسییەکانی ناویەتی.

Film Series: Z (1969) | Museum of Art and Archaeology

ئەو فیلمە لەکاتی خۆیدا هاوارێکی جیهانی بوو دژی بانگەشەی سیاسی ئەمریکا کە دەست وەردەداتە کاروباری هەموو جیهانەوە و بەپێی ویستی خۆی یاری بە سیاسەتییان دەکات ئەم فیلمە جێی خۆی لەلای بیرمەندە چەپەکانی جیهان کردەوە و چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێنا لەوانەش خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلمی بیانی و خەڵاتی باشترین مۆنتاج، لەگەڵ خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەر لە فێستیڤاڵی کان لە فەڕەنسا.

لە ساڵی ٢٠١٤، فیلمی ” The interview” لەلایەن سینەمای ئەمریکاوە بەرهەمهێنرا کە بووەهۆی روبەڕوبوونەوەی توندی نێوان بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە و کۆریای باکور بەجۆرێک وەزیری دەرەوەی کۆریای باکور وتی: ئەگەر ئەمریکا پاڵپشتی نمایشکردنی ئەو فیلمە بکات دەبێت ئەنجامەکەشی قبوڵ بکات، لە فیلمەکەدا بەشێوازێکی گاڵتەجاڕانە ژیانی سەرۆکی کۆریای باکور پشان دەدرێت و بە دیکتاتۆر پێناسە دەکرێت، فیلمەکە لەڕێی دوو رۆژنامەنووسەوە کە دەیانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی کۆریا بکەن دۆخی کۆریای باکور دەخاتەڕوو و تێیدا ئاماژە بەو شتومەکانە دەکات کە لە هەموو شوێنێکن و لە هەمان کاتدا خەڵکی لە ماڵەکانیاندا برسین.

The Interview movie to be shown in the US

بەشێوەیەکی گشتی سینەما یەکێکە لە باوترین و کاریگەرترین رێگاکانی بڵاوکردنەوە و پشاندانی فیکر و بۆچوونی سیاسەتێکی دیاریکراو کە تا ئێستاش سیاسییەکانی جیهان پشتی پێدەبەستن.

 

ئەم راپۆرتە لە رۆژنامەی “العرب”ەوە وەرگێڕراوە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا