هۆكاری بەرزبوونەوەی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێم

پۆڵەتیك پرێس:
لەئێستادا رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا زۆرەو پابەند نەبوونی هاووڵاتیانیش بەرێنماییەكانی خۆپارێزی مەترسییەكە زیاتر دەكات‌و بەرپرسێكی تەندروستیش دەڵێت: تەنیا لەرێگەی كەرەنتینەوە دەتوانین وابكەین رێژەی تووشبووانی كۆرۆنا كەم بكەینەوە.

دكتۆر ئاراس حەمە سەعید فەرەج بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی وەفا بۆ تووشبووانی كۆرۆنا لە هەڵەبجە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ئەوەی وایكرد، كە رێژەی تووشبوونی هاووڵاتیان بەڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان رۆژ بە رۆژ بەرزببێتەوە، پابەند نەبوونی هاووڵاتیان بوو بە خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە.

دكتۆر ئاراس وتیشی: رێورەسم و داب و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان هۆكارێكی سەرەكی تووشبوونی هاووڵاتیان بوو بەم نەخۆشییە، وەك سەردانی كردن و تێكەڵاو بوون و تەوقە و لە باوەش گرتن، یان دانانی پرسە و سەردانی نەخۆش لە قاوشی نەخۆشخانە و گۆڕینی چاودێریكاری نەخۆش لە نەخۆشخانە.

باسی لەوەشكرد، لەسەرەتای هاتنی كۆرۆنا بەشێك لەهاووڵاتیان باوەڕیان بە كۆرۆنا نەبوو، یان ئەم نەخۆشییە تێكەڵ بە پرسی سیاسی كرابوو، كاتێك ئێمە دەمانووت خۆتان بپارێزن بەشێك لە هاووڵاتیان دەیان وت، حكومەت گەندەڵە و بۆ پەردەپۆشكردنی گەندەڵییەكانی خەڵك بەناوی كۆرۆناوە سەرقاڵدەكات.

لە كۆتا مانگی ساڵی 2019 ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری ووهانی پایتەختی كەرتی هوبای چین دەركەوت، دواتر بە جیهاندا بڵاوبوویەوە.

لەئێستادا هەرێمی كوردستان لە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا، رێژەی تووشبووانی وڵاتی چینی بەو نەخۆشییە تێپەڕاندووە، لەكاتێكدا لە چین رێژەی تووشبووان 86 هەزار و 338 كەسە، لە هەرێمی كوردستان ژمارەی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتە ٨٩ هەزارو ٦٠٠ كەس.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا